خەزاڵ
وێبلاگی خەزاڵ بۆ دەربڕینی بیرورای ئازاد

لاپه‌ڕه‌کان

ده‌ستپێک
ئه‌لبۆمی وێنه‌کان
زانیاری
ئه‌رشیڤ
دراوسێکان

وێبڵاگی دۆستان

هەوارگەی ئاشق
کاک کەریم حیسامی
پارلەمانی کوردستان
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
پەیامنێر
یەکیەتی نیشتمانی
حیزبی دێموکراتی کوردستان
گوڵەگەنم
رۆژنامەی خەبات
زمزیران
خاطره‌ها

خەباتی چەکداری پێویستی بە پشتی جەبهەی خاترجەم و جێی بڕوا هەیە

 

ماوەیەکە شەڕ و پێکدادان لە نێوان پەژاک و حکوومەتی ئێران هاتۆتە ئاراوە و تۆپباران کردن و سنووربەزاندنی باشووری کوردستان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە بۆتە ڕۆژڤی نووچە و هەواڵەکانی کوردستان و جیهان و ڕەخنە گرتنی ڕایی گشتی دژ بەم دەستدرێژیەی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لێ کەوتۆتەوە کە بە هاوبەشی دەگەڵ ڕێژیمی تورکیا ئەنجامی دەدا. دواجار بە هۆی بۆمبارانکردنی تورکیا ٧هاوڵاتی کورد شەهید بوون.
بەشێک لە پارتەکانی ڕۆژهەڵات، پێیان وایە ئەو شەڕ و دستدرێژیەی ئێران، تەنیا پەژاک ئامانجە نەک هەموو پارتە سیاسیەکانی ڕۆژهەڵات و پێشیان وا نیە کە ئەو هێرشەی حکوومەتی عێڕاق بۆ سەر کەمپی ئەشرەفی مووجاهیدین کرا، داوێنی ئەوان بگرێتەوە؟ بۆچی حیزبەکانی رۆژهەڵات خەباتی چەکداری دەست پێ ناکەنەوە و لە بنەڕەت دا خەباتی چەکداری بۆ ئەمڕۆی کورد لە رۆژهەڵات تا چەند گونجاو و پێویستە.
وڵامی ئەو پرسیارانە لە گەڵ چالاکی سیاسی کەماڵ گروێسی تاوتوێ دەکەین کە بۆخۆی ساڵانێک وەک پێشمەرگە دژ بە کۆماری ئیسلامی لە سەرنگەر دا بووە و لەو رێگایەش دا قوربانی داوە:

ئایا بەڕاست، ئەم شەڕ و پێکدادانەی نێوان پەژاک و کۆماری ئیسلامی، تەنیا دژی ئەوانە یان هەمووی کورد و حیزبەکوردیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامانجە؟
پێشەکی سپاس بۆ ئیوەی بەڕێز و ماندوو نەبن لە هەڵسووڕان بۆ مافە رەواکانی نەتەوەکەمان
سەبارەت بە پرسیاری یەکەم ،دەبێ بڵێم کە مەبەستی ئەو هێرشە کورد و دەسەڵاتەکەی بە گشتییە، پژاک و پکک تەنیا بەهانەن.
هەروەها ئەوەشمان لەبیر نەچێ کە حکوومەتی نوری مالیکی لە بەغداش هاوبەشە لەو هێرش و پەلامارەی ئێران وتورکیا دەیکەنە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان. ئەوانیش بە نۆرەی خۆیان لە لای سەعدیە و جەلەولا هێرشیان هێناوە. هێرشی ئەوان لە هی ئێران و تورکیە مەترسیدارترە، ئەوان خەریکی تەعریب کردنەوەی کوردن.
بەڵام بە بڕوای من هەریەک لە ئێران و تورکیە لەو هێرشەدا ئامانجی تایبەتی ولێک جیاوازیان هەیە.
ئێران دەزانێ گۆڕانکارییەکانی ناوچە، بەزوویی سوریەش دەگرێتەوە و ئەگەر سوریە تووشی شەڕبێ بێشک تورکیە نەخشی بەرچاوی دەبێ لەو شەڕەدا. ئێران سوریە بە هاوپەیمانی خۆی دەزانێ و تورکییەش بە رەقیب. کەواتە ئێران دەیهەوێ سەودایەک لەگەڵ تورکیە بکا کە لەبەرانبەر هاوکارییان لە دژی پکک، تورکیە بەربەستی هێرشی نیزامیی ناتۆ بێ بۆ سەر سوریە. هەروەها مەبەستی دووهەمی ئێران فشار هێنانە بۆسەر حکومەتی هەرێم کە بەشێوەیەک رێگایەک لە حاجی ئۆمەران را بکاتەوە بۆ سوریە و لەو رێگایەوە پێداویستییەکانی تیرۆریستەکانی حەماس و حیزبوڵڵا و سوریە دابین بکا. جگە لەوانەش ئێران لە نەخشی کوردەکان لە عێراقی نوێ‌دا رازی نیە و نایهەوێ هەولێر جێی تاران بگرێتەوە بۆ رێککەوتنە سیاسییەکانی نێوان هیزە سیاسییەکانی عێراق.هەروەک دەزانین، ئێستاش رێککەوتنی هەولێر لەلایەن هێزە سیاسییە عێراقییەکانەوە، بە بنەما بۆ هاوکاری و رێککەوتنەکان وەردەگیرێ.
تورکیە ئامانجەکانی لەگەڵ ئێران وێکچوون و جیاوازیشی هەیە. لەسەر کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کورد لە عێراق و چارەسەرنەکرانی مادەی ١٤٠ و چاولەدەست هێشتنەوەی کورد، ئەوە تورکیە لەگەڵ ئێران هاوبەشە. بەڵام حکوومەتی'' ئا کە پە'' لە ناوخۆی تورکیە، شاخی لە شاخی ئەرتەش گیراندووە و تا ئێستا توانیویەتی پاشەکشەیەکی باش بە ئەو ئەرتەشە بکا کە تا ماوەیەک لەوەپێش، تەنیا خۆی بە پارێزەری حکوومەتی دوورەپەرێز لە ئیسلام دەزانی و پێیوابوو دەسکەوتەکانی مستەفا کەماڵ هەر ئەوان دەیپارێزن. جا حکوومەتی ئەردۆغان بۆ ئەوەی مەیدانی تەبلیغات لە ئەرتەش بەرتەسک کاتەوە، هێرش وبۆمبارانی پکک لە قەندیل دەکا.
ئامانجی دووهەمی ئەردۆغان سەرقاڵ کردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە، کە نەپەرژێتە سەر بارودووخی کوردەکان لە سوریە و تا ئەو جێیەی بۆی بکرێ، لە دروست بوونی هەرێمێکی دیکەی کوردی وەک لە باشووری کوردستان هەیە، لە سوریە پێشگیری بکا.
حکوومەتی تورکیە باش دەزانێ، مەسەلەی کورد بە بۆمباران و داگیرکردنی بنکەکانی پکک لە قەندیل چارەسەر ناکرێ، بەڵام پێشی خۆشە لەگەڵ پکک،ی بێهێز کراودا دانوستان بکا و رێککەوتن بە پێی مەرجەکانی خۆی بکا نەک مەرجەکانی کورد.
حکوومەتی عێراقیش دەیهەوێ لە هەلومەرجەکە کەلک وەرگرێ و ناوچە کێشە لەسەرەکان و ئەو جێیانەی دەکەونە سنووری مادەی ١٤٠ بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و بیکاتە ''ئەمری واقع''. ئەو رۆژانە نووری مالیکی بە ئاشکرا ئەوەی راگەیاند کە دەستووری هەمیشەیی عێراق '' مینڕێژ'' کراوەو دەبێ '' دەستوور هەموار'' بکرێ، هەموو ئەو شێر و ڕێوی‌یەشی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی کوردە. مالیکی و ئەوانی دیکەش سیستمی فیدڕالییان لە عێراق پێ قوت ناچێ و لە گەروویاندا گیری کردووە.
هەموو ئەوانەش لە کاتێکدا روو دەدەن کە ئەرتەشی ئەمریکا بە پێی رێککەوتنی پێشووتر دەبێ ئەمساڵ عێراق بەجێ بێڵێ. دیارە ئەگەر رێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕی بەسەردانەیە، یان شتێکی وا روونەدا کە مانەوەیان لە عێراق بۆ ماوەیەکی دیکە دەستەبەر بکا.
پەیامی هێرشەکەش بە رووونی دیارە، ئەگەر ئەمریکا عێراق چۆل بکا، ئەوە عێراق دەبێتە مەیدانی رمبازێنی ئێران و تورکیە. ئێران و تورکیە، بە داڵغە لێدان چوونەوە سەردەمی ئیمپڕاتۆری سەفەوی و عوسمانی. هێندێک هەڵسووکەوتیان رێک لەگەڵ ئەو سەردەمی دێتەوە.
بۆیە زۆر پێویستە دەسەڵاتدارانی ‌هەرێمی کوردستان هەر لە ئێستاوە، داوای پاراستنی هەرێمەکەیان لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بکەن و هێرشی دووقۆڵی ئێران و تورکیەش باشترین بەڵگەیە بەدەستیانەوە. هەرێمی کوردستان دەبێ هەتا دەرفەتی لەبەر دەستدا ماوەو ئەمریکا لە عێراقە، زەمانەتی پاراستنی نێونەتەوەیی بۆ خۆی دەستەبەر بکا.

پێشبینی ئەوە دەکرێ، کە کارەساتەکەی کەمپی ئەشرەف دووپاتە بێتەوە، ئەگەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵات، وەخۆ نەکەون و خۆیان ئامادەی هەر ڕووداوو پێشهاتێکی چاوەڕوان نەکراو بکەن؟
ئەمن پێموانیە ئەوەی لە کەمپی ئەشرەف روویدا، لەسەر هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دووپات بێتەوە. بەڵام لە دونیای سیاسەت‌دا هیچ شتێک چاوەروان نەکراو نیە، هەموو ئەگەرێک ئیمکانی هەیە روو بدا، هەر بۆیە هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێ پیشبینی هەموو ئەگەرەکان بکەن و خۆی بۆ ساز کەن. بەشێکی دیکەشی دەگەڕێتەوە سەر دەسەڵاتی سیاسی عێراق کە سەربەخۆ دەبێ یان لە ژێر رکێفی ئێران‌دا دەمێنێتەوە. جارێ مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا، مەیدانی دەستێوەردانی ئێرانی لانیکەم بە ئاشکرا بەرتەسک کردووەتەوە. بەڵام دوای چوونەدەری هێزەکانی ئەمریکا، لە سێ جەبهەوە(ئێران-تورکیە- عێراق) زەخت بۆ سەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاد دەکەن و رەنگە وەک ئێستا نەتوانن ئەو زەختانە بە هێند وەرنەگرن.

بۆچی حیزبەکانی ڕۆژهەلات چاو لە پەژاک ناکەن وەکوو حیزبێک لە گۆڕەپانی شەڕی چەکداری دا و دان پێدانەهێنان بەو ڕێکخراوە وەکو حیزبەکی سەربەخۆ، بەڵکوو بە دەستەخوشکی پێ کاکای دەزانن؟
پژاک بۆخۆی ئەوە ناشارێتەوە کە لەژێر کارتێکەری پکک دایە و حیزبەکانی دیکەی رۆژهەڵاتیش هەر ئەوەیان پێدەڵێن. بەڵام رەنگە نەکرێ لە ئێستادا بتوانین باسی پژاک وەک هێزێکی بەهێز یان بێهێز بکەین، بۆ ئەوەیان دەبێ راوەستین تا دەچینەوە رۆژهەڵاتی کوردستان و سەر سندوقی دەنگ‌دان. ئەوەش کە پژاک دەتوانێ جاروبار چالاکی نیزامی لە رۆژهەڵاتی کوردستان بکا، زیاتر لەبەر ئەوەیە ئەوان لە قەندیل دەستیان ئاواڵاترە ، بەڵام لە قەندیلیش بێ ئیزن و پشتیوانی پکک ناتوانن چالاکیی نیزامیی بکەن. هەر دوای تۆپبارانی قەندیل و بنکەکانی پژاک، پکک رایگەیاند کە ئەوان پژاک لە بنکەکانی ئێستایان دوور دەکەنەوە و بۆخۆیان(پ‌ک‌ک) شوێنی ئەوان دەگرنەوە. ئەوە یانی ئەوەیکە پژاک لە قەندیلیش هێزێکی سەربەخۆ نیە و هەر کات پکک ئیرادە بکا، پژاک هەڵدەسووڕێنێ. لە راستیشدا پژاک وەک منداڵێک وایە کە هێشتا نێوکی لە نێوکی دایکی جوێ نەکراوەتەوە و ئەم جووتە پێکەوە دەژین، سەربەخۆیی پژاک لە پکک کاتێک دەردەکەوێ کە ئەو نێوکە هەڵببڕدرێت. ئەوەش کە دەفەرمووی بۆ حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ددان بە سەبەخۆیی پژاک دا ناهێنن، بۆ ئەوە دەگەڕیتەوە کە پژاک تا ئێستا نەیتوانیوە بیسەلمێنێ سەربەخۆیە. دیارە مەبەستم لە سەربەخۆیی پژاک، لەبەرامبەر پکک دایە. جا ئەگەر پکک بڕیاردەری کۆتایی بێ لەسەر هەڵوێستە سیاسی و نیزامییەکانی پژاک، ئەوە هەر واباشترە پێوەندییەکە راستەوخۆ لەگەڵ پکک بێ .
پێویستە ئەوەش بڵێم کە ئاڵووگۆڕ لە سوریە، راستەوخۆ شوێن لەسەر چارەنووسی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوین دادەنێ، ئەگەر لە سوریەی دوای رژێمی بنەماڵەی ئەسەد، کورد بتوانێ لانیکەم وەزعێکی وەک باشووری کوردستان بۆ خۆی دستەبەر بکا، ئەوە نەتەوەی کورد لانیکەم لەگەڵ یەکێک لە نەتەوەکانی ناوچە، بە شێوەیەک کێشەی نامێنێ،یان لانیکەم عەرەب وەک جاران بە ئاشکرا ناتوانن وەک لە ڕابردوودا دەیانکرد، هاوپەیمانیی دژی کورد لە ناوچەکەدا ببەستن. دیارە ئەوەش یەکدابەدوو ناکرێ و پێویستی بەکاتە تا خووی شوینیستی وەلا دەنێن و مل بۆ ئەمری واقع ڕادەکێشن. هەروەک دەزانی کورد و کوردستان لە نیوان سێ نەتەوەی فارس و تورک و عەرەب هەڵکەوتووە و زۆر باش دەبێ ئەگەر یەکێک لەو نەتەوانە، واز لە دوژمنایەتی کورد بێنێ . ئەگەر لە سوریە ئاڵوگۆڕ رووبدا لەو رۆژە نیزیک دەبینەوە. ئەوەی ناکرێ گومانی لێبکەی ئەوەیە کە نەتەوەی کورد گەیشتووەتە ئەو رادەیە لە وشیاری سیاسی و نەتەوەیی کە هیچ هێزێک ناتوانێ لەبەر چاوی نەگرێ و حیسابی بۆ نەکا. لەسەردەمی رووخان وتێک‌تەپانی دیکتاتۆڕەکانی روژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ دارشتنەوەی نەخشەی جوغرافیای سیاسی ئەم ناوچەیە، نەخشەی، وڵاتی کوردستان لە ئێستاوە خەریکە لە ناو تەپوتۆزی ئەم وڵاتانە سەر وەدەردەنێ. کورد دەبێ خۆی بۆ ئەو سەردەم حازر بکاو بە یەکریزی و یەکدەنگیی هەلەکە لە بەرژەوەندیی خۆی بقۆزێتەوە.

داهاتووی خەباتی چەکداری لە کوردستان چلۆن دەبینن؟
خەباتی چەکداری شێوازێک نیە کە کورد بە خۆشی خۆی هەڵیبژاردبێ. ئەم شێوە خەباتە لە راستیدا لە لایەن دوژمنەوە بەسەر کورددا سەپاوە. مێژووی خەباتی کورد ئەوەمان بۆ دەردەخا کە کورد هەتا باریکە رێگایەک بۆ سازان و چارەسەری کێشەکەی بە شێوازی سیاسی هەبووبێ، ئەو رێگایەی پێواوە، بەڵام دەسکەوتی نەبووە، جگە لە ئەوەی زەبری قورسی وێکەوتووە و رێبەرانی بە فێڵ و تەڵەکە بانگکراون بۆ وتووێژ و شەهید کراون. ئەوەی دەگەڕێتەوە سەر داهاتووی خەباتی چەکداری لە کوردستان، راستییەکەی ئەوەیە دەبێ بزانین دوژمن چ رێگایەکمان لەبەرانبەردا دێڵێتەوە. ناکرێ دوژمنێک ئەنفالت بکا، خەڵکەکەت بە زیندوویی لە گۆڕی بەکۆمەڵدا قر بکا یان وەک کۆماری ئیسلامیی ئیران، فتوای جیهاد لە دژی نەتەوەکەمان بدا و ئێمەش دانیشین و بینەری کۆمەڵکوژی نەتەوەکەمان بین. خۆمەینی بە دانی فتوای جیهاد لە دژی نەتەوەی کورد، لە راستیدا هەر ئەو کارەی کرد کە سەدام حوسێن لە دژی نەتەوەکەمان کردی و ئێستا ئەو کۆمەڵکوژییانە لە لایەن دادگاکانی عێراقەوە بە '' ژێنۆساید'' لەقەڵەم دراون و بێشک ئەو فتوایەی خومەینیش دەچێتە ریزی بڕیاری '' ژێنۆساید''ی نەتەوەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەمڕۆ ئەوە بۆتە ''مۆدی'' رۆژ کە دەبێ خەباتی مەدەنی بکەین، بەڵام ئەمن نازانم لە قانونی بنەرەتی کام وڵاتی داگیرکەری کوردستان‌دا رێگایەک بۆ خەباتی مەدەنی کراوەتەوە کە کورد کەلکی لێوەرناگرێ؟ ئەوان بە قانوون دێنن دەتتوێننەوە، بۆ وێنە لە ئێران چ حیزبێکی کوردی ئیزنی هەڵسوورانی سیاسی پێدەدرێ یان دراوە؟ لە تورکیەش هەروا، حیزب حیزبی کوردی‌یە، بەڵام ئیزنی نیە ناوی نەتەوەکەی خۆی لەسەر حیزبەکەی بێ. دەبێ ناوی حیزبەکە لە دەیان توێی تورک پەسند دا بشارێتەوە، دیسانیش بەهانەیەکی پێدەگرن و سەرلەنوێ حیزبەکەیان پێ هەڵدەوەشێننەوە.
لە ئێران بە ناو هەڵبژاردن دەکرێ، بەڵام کورد کە بەشداری هەڵبژاردن دەبێ، ناتوانێ نوێنەرێکی خۆی بۆ پۆستی سەرکۆماریی دەستنیشان بکا، واتە کورد ناتوانێ لە ئێران ببێ بە سەرکۆمار. ئەوە چۆن هەڵسووکەوتی لەگەڵ دەکرێ؟ مافی دەنگدانت هەیە بەڵام مافی دەستنیشانکردنی نوێنەری خۆت نیە! لە سیستمی ویلایەتی فەقێ‌دا تەنیا یەک نەفەر باڵغ و ئاقڵ و زانایە و ئەوانی دیکە وەک خەڵکی ناتەواو وکەم ئاوەز حیسابیان بۆ دەکرێ، لە وەها سیستمێک‌دا خەباتی مەدەنی زیاتر وەک گاڵتە دەچێ تا راستی.
ئەوانەم بۆیە عەرز کردی تا بێدەرەتانی نەتەوەکەمان باشتر روون بێتەوە و ئەوانەی پێیان وایە کورد ئاشقە چەکە و شەڕی پێخۆشە، کەمێک قووڵتر بیر لەو ئاستەنگانە بکەنەوە کە قانوونی بنەرەتی وڵاتانی ئێران و تورکیە لەبەر دەم کورد دایانناون. لەگەڵ هەمووی ئەوانەش خەباتی چەکداری پێویستی بە پشتی جەبهەی خاترجەم و جێی بڕوا هەیە، کە بەداخەوە بەهۆی هەڵکەوتنی کوردستان لە نێوبەندی سی دوژمنی قەستەسەردا ئەم پشتی جەبهەیە بۆ کورد نیە. لە رابردوودا چونکە ئێران و عێراق پێکەوە ناکۆک بوون، دەکرا کەلک لەو ناکۆکییە وەرگیرێ و ماوەیەکیش ئەم کارە کرا، بەڵام دوای رووخانی رژێمی بەعس و هاتنە سەرکاری حکوومەتی نوێ، پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا چ لەباری سیاسی و چ لەباری نیزامییەوە گۆڕاوە و ئاسۆی خەباتی چەکداری لیڵ و تەماوی بووە. راستە ئێستا بنکەی پژاک و پکک لە قەندیل هەن و پێشمەرگەشیان هەیە، بەڵام بەبێ بوونی پێوەندی بە وڵاتانی دەوروبەر ژیان لە قەندیل ناتوانێ درێژخایەن بێ. بۆ وێنە ئەگەر هێزێک دووهەزار چەکداری لە قەندیل هەبێ و ئەو هێزە رۆژێ تەنیا نەفەری جەمێ نانێکی ویشکی بخۆن، لە رۆژدا دەکاتە شەش هەزار نان. وەدەست خستنی ئەو بڕەنانە هەموو رۆژێ بێ دیتنەوەی دەراوێکی خاترجەم، کارێکی ئەستەمە. بۆیە ئەمن پێموایە پارستنی هێزی پێشمەرگە و بەفیڕۆ نەدانیان تا کاتی گونجاوی خۆی، کە بێشک هەر دێت و نیزیکیشە، ئەرکی ئەو هیزانەیە کە پێشمەرگەیان هەیە. کورد ئێستا لە باشووری کوردستان هەلێکی بۆ رەخساوە کە بە دونیا نیشان بدا کوردیش دەتوانێ خۆی بەڕێوە ببا، پاراستن و خزمەتی ئەو دەسکەوتە ئەمڕۆ باشترین خەباتە بۆ کورد. ئەو دەسەڵاتەی کورد لە هەرێمی کوردستان هەیەتی، چقڵی چاوی دوژمنانە و ئەوان هەرچی لە دەستیان بێ بۆ تێکدانی دەیکەن، جا ئێستا بۆ کورد گرینگ ئەوەیە بەسەرکەوتوویی ئەو ئەزموونە بگەیەنێتە ئامانج. ئەگەر ئەو کارە لەلایەن هێزە سیاسییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانەوە بکرێ، بێشک ئەرکی نیشتمانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش زیاتر دەبێ و ئەوانیش دەبێ زیاتر ئاوڕ لە کێشەی گشتی نەتەوەکەمان بدەنەوەو ئەوەی بۆ باشووری کوردستان دستەبەر کراوە بۆ شوێنەکانی دیکەی کوردستانیش لەوە کەمتر نابێ لەبەر چاو بگیرێ. ئەرکی نەتەوایەتی لەم هەلومەرجەدا ئەوەمان لێدەخوازێ، ئەگەر بارێک لەسەر شانی حکوومەتی هەرێم سووک نەکەین، لانیکەم لەسەریان قورستر نەکەین.
خەباتی چەکداری زەردی بۆ کورد هەبووە، بەڵام قازانجی درێژخایەنی زیاتر بووە و دوژمنانی ناچار کردووە هێندێک مافی کورد دەستەبەر بکەن. بۆ نمونە ئەو شوێنانەی کوردستان کە خەباتی چەکداری لێ نەکراوە وەک کوردستانی ژێردەستی سوریە، کوردەکان لەوێ تەنانەت مافی هاووڵاتیبووونی سوریە‌یان پێ رەوا نەدیتراوە، بەڵام لە ئێران و تورکیە، سەرەڕای زەبروزەنگ و کوشتار، رژێمەکان ناچار بوون هێندێک مافی کورد، ئەگەر کەمیش بێ بسەلمێنن. ئەوە بە هۆی دێموکرات بوونی ئەردۆغان نیە کە کورد ئێستا لە تورکیە دەتوانێ بڵێ هەم و تورکی کێوی نیم و لە پاڕلمانی تورکیە دەیان کورسی بۆخۆی مسۆگەر بکا. یان لە ئێران ئەوە زەبری چەکی پێشمەرگە بوو تەنیا دوای سێ مانگ شەڕ فتوای جیهادی بە خومەینی لستەوەو ناچاری کرد ئەگەر بە تەقیە و درۆش بێ، ددان بە مافەکانمان‌دا بێنێ و دەیان رۆژنامە و گۆڤار بەزمانی کوردی دەربچێ و زمانی کوردی هێندێک ببوژێتەوە. لە هەمووی ئەوانەش گرینگتر ئەوەیە کە کورد لەسەر خاکی خۆی بەرگری لە خۆی دەکا و قەت هیرشی بۆ سەر خاکی نەتەوەیەکی دیکە نەبردووە. واتە کورد بەرگری رەوا لە خۆی و مافەکانی دەکا. لە هیچ هەواڵێکی رادیۆ ورۆژنامەکانی ئێرانی نەبیستراوە و نەخوێندراوەتەوە کە پێشمەرگەی کورد لە قوم یان ئیسفەهان و تاران شەهید کرابێ، بەڵام هەر رادیۆ و رۆژنامەکانی ئێران پڕن لە هەواڵی کوژرانی پاسدارانی قومی وئیسفەهانی و تارانی لە کوردستان. کەواتە ئەوە ئەوانن هێرشیان هێناوە و کورد بەربەرەکانی کردووە. بەربەرەکانیش مافی بێ ئەملاو ئەولای هەر نەتەوەیەکە.
خەبات بۆ ئازادی و مافی نەتەوەیی کوردان، بتهەوێ یان نەتهەوێ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەو ئەقڵییەتەی بەسەر دەسەڵاتدارانی ناوچەکەدا زاڵە، تووشی شەڕت هەردەکا، ئەوەنیە، گەورەترین زلهێزی جیهانیش بۆ ئەوەی حاکمەکانی ئەو ناوچەیە تێی بگەن، بەزمانی چەک دەیاندوێنێ. خۆ ئەمریکا وڵاتێکی دێموکراتە و ئوروپاش هەروا بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئەوان ناچاربوون لە عێراق و ئەفغانستان و لیبی، بە چەک دێموکڕاسی دابین بکەن!
لە جیرانەتی نەتەوەی ئێمە چەند نەتەوەی بەهێز وخاوەن دەسەڵات و تەنانەت ئیمپڕاتۆڕی هەبوون لە مێژوودا، وەک ئاشوری، کلدانی و ئەرمەنی ... بەڵام چونکە کورد و ئەرمەنی رازی نەبوون بتوێنەوەو لەدوژمن وەدەست هاتن ئێستاش هەرماون و ئەوانی دیش دەبێ لە کتێبی مێژوودا بۆیان بگەڕێی. کەواتە خەبات و دەستکەرەوەیی کورد ئەگەر زەرەدەی کورت ماوەی بوبێ، ئەوا قازانجی درێژخایەنی زیاتر بووە.
مادام کورد دەیهەوێ لەگەڵ تاران و ئانکارا و بەغدا و دیمشق دەسەڵات بەش بکاو لە ناوچەکانی خۆی دەسەڵاتی هەبێ، دەبێ خۆی بۆ هەر ئەگەر و شیوازێکی خەبات ئامادە بکا. بەداخەوە تا ئێستا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست نەدیتراوە دەسەڵاتدارانی ناوچەکە، بە شیوازێکی هێمنانە و ئاشتیانە واز لە دەسەڵات بێنن و تەنانەت وای لێهاتووە، ویلایەت و سەڵتەنەت و جمهوری، تۆفیرێکی وایان پێکەوە نیە و هەموویان لە کردەوەدا هەروەک یەکیان لێدێتەوە.
بەڵام دەکرێ، بە پێی هەلومەرج خەباتی چەکداری جارجار پشووی پێبدرێ و کزبکرێ، بەڵام قەت وەلانەنرێ و وەک بژاردەیەک هەمیشە لە پەنا هەموو بژاردەکانی دیکە هەبێ

تێبینی: ئەم دیمانەیە  کاک ئارام قادری  لەگەڵی کردووم و لە ماڵپەڕی '' رۆژهەڵات‌تایمز''دا بڵاو کراوەتەوە.


,16:57 , 2011/12/9 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

١٥ ساڵە کاک نەبی قادری بەجێی هێشتووین، یادی بەرزو پیرۆز بێ

یادی کۆچی دوایی کاک نەبی قادری بەرز و پیرۆز بێ
زەمان چەند زوو تێدەپەڕێ،هەردەڵێی دوێنێ بوو، لە بنکەی دەفتەری سیاسی حیزب لە دۆڵەرەقە ولە ژووری کارەکەی میوانی بووم. رۆژی پێشترێ لە سەرجادەی سەرەکی رانیە- دۆڵەرەقە، لەزارکی دۆڵێ پێکەوە پیاسەمان دەکرد، لێی پرسیم چەندە دەمێنییەوە؟ عەرزم کرد رەنگە چەند مانگ لێرەبم. فەرمووی سبەینێ وەرە شوێنی کارەکەم لە بەشی تەشکیلات تا کارتت بۆ ساز کەین. بۆ ئەوەی لە کاتی هاتووچۆدا تووشی گیروگرفت نەبی، دەبێ کارتی حیزبت پێبێ. بەیانی رۆژی دوایی لە کاک سولەیمانی عەزیزی کە هەموو ماوەی مانەوەم لە کوردستان لە ماڵیان مامەوە،پرسیاری کۆمیسیۆنی تەشکیلاتم کرد و چووم بۆ لای کاک نەبی و هاوکارانی.
بەردەرکی کۆمیسیۆن حەوزێکی پڕئاوی جوانی لێ ساز کرابوو. لە کانییەکەی پشت بنکەکەوە جۆگەی ئاویان بۆ هەڵبەستبوو و ئاوەکە دەڕژایە حەوزەکەوە و چەند ماسییەکی گەورەو بچووکیشی تێدابوو. لەو شاخ و دۆڵە ئەمکارە هەر لە سەلیقەی پێشمەرگە بە گشتی و کاک نەبی بە تایبەت دەوەشاوە.
لەدەرکەم‌دا و فەرموویان کردم. چوومە ژورێ،کاک نەبی و چەند هاوکاری خەریکی کاروباری رۆژانەبوون. دوای بەخێرهێنان و چاک و چۆنی، لێی پرسێم، وێنەی خۆتت هێناوە؟ وێنەم پێبوو دامێ و دای بە کاک ئەهوەن کە کارتی پێشمەرگایەتیم بۆ ساز کا.
دوای ئەوەی کارەکانی رۆژانەی تەواو بوو، لێی پرسیم،تەختەی دەزانی؟ کوتم دەزانم بیانبژێرم و مۆرەکان داکەم. تەختەیان هێناو بە زۆر یان کەم کە ئیستلاحێکی باوی دەستپێکردنی تەختەیە، دەستمان پێکرد. نازانم چۆن بوو ئەو رۆژە بەختم دەیهێناو زۆربەی جار ئەو خاڵانەم بۆدەهات کە دەمویست و لە ئاکامدا تەختەم بردەوە. کاک نەبی کوتی کاک کەماڵ کوتی هەر دەزانم بیانبژێرم و دایانکەم، نەیکوت ودمی خاڵ هێنانیشی پێیە! زۆر پێکەنین و کوتم کاک نەبی حورمەتی میوانی دەگرێ و لێی ناباتەوە.
دوای ئەو رۆژە، پێوەندیم لەگەڵ کاک نەبی پتەو وبەردەوامتر بوو. یەکێک لە خسڵەتە دیارەکانی کاک نەبی ئەوە بوو کە هەرکەس جارێکی دیبا و دواندبای، نەیدەتوانی دەستی لێهەڵگرێ و دۆستایەتییان پتەوتر دەبوو.
رۆژێک دەمویست بچم بۆ رانیە، لەسەر جادە راوەستابووم، دیتم ماشێنی حیزب لە سەرڕا هاتەخوارێ. کە نیزیک بووەوە، کاک نەبی لە پێشەوەی ماشێنەکەدا بوو. رایانگرت و شووشەی پەنجێرەکەی داداوەو لێی پرسیم بۆ کوێ دەچی؟ کوتم دەمەوێ بچمە رانیە، فەرمووی وەرە سواربە ئێمەش هەر بۆ وێ دەچین. لە رانیە چووینە مەقەڕی حیزب کە ئەودەم کاک تەها کرمانج بەرپرسی بوو. کاک نەبی لە مەقەڕ ماوە و ئەمن لەگەڵ چەند پێشمەرگەی دیکە کە لەمەقەڕ بوون چووم بۆ نێوشاری رانیە.
ئێوارێ هەرلەگەڵ کاک نەبی و پێشمەرگەکان گەڕاینەوە بۆ دەفتەری سیاسی لە دۆڵەرەقە و لە رێگای هاتنەوەدا لە شوێنێک کە جادەکە رۆدەچوو، ئەگەر ماشێن خێرایی زۆربا حاڵەتێکی هەبوو وەک هاتنەخوارەوەی چەرخ وفەلەک. لەوێ پێشمەرگەکان داوایان لە شۆفیری ماشێنەکە کرد کە توندتر لێخوڕێ و ئەویش ئەوکارەی کرد. کاک نەبی کوتی کاک کەماڵ ئێرە بە ''قووڵکەی سەرهەنگی'' بە نێوبانگە و کاک سەرهەنگ قادری لە تاریفی ئەو قووڵکەیەدا شتێکی زۆر خۆشی کووتوە.
شتێکی دیکە کە لە ماوەی مانەوەم لە دەفتەری سیاسی سەرنجی ڕاکێشام ئەوە بوو کە تێکەڵبوونی ئەندامانی رێبەریی حیزب و کادرو پێشمەرگەکان بە شێوەیەک بوو هەر واتدەزانی یەک بنەماڵەن و هیچ فەرق و جیاوازییەکیان لە نێواندا نەبوو. هەموو وەک کەس وکاری نیزیکی یەکتر وابوون و رۆژانە رووت لە هەر بنکەیەک دەکرد، لەگەڵ گاڵتەو گەپ و پێکەنین و قسەی خۆشی کادرو پێشمەرگەکان رووبەڕوو دەبووی. هەرچی هەبا پێکەوە دەخورا و بەکورتی رووگرژی نیشانەی بەرپرسیارەتی بەرز نەبوو.
ماڵی بەرپرس و کادرو پێشمەرگە جیاوازیی پێکەوە نەبوو، هەموویان دیواری خانووەکانیان میترێک بلوک ولەسەرووی بلوکەکەش دارو چادر و نایلۆنی لێدرابوو کە لە سەرما و گەرما و باوباران بیانپارێزێ. وێکڕا بە هەرەوز خانوویان بۆ یەکتر دروستدەکرد.
ماوەی سێ مانگ لە دۆڵی سەربەرزان لە نێو پێشمەرگەکاندا مامەوە،هەستم کرد هەموو پیشمەرگەکان رێزی تایبەتییان لە کاک نەبی دەگرت. لەگەڵ کاک نەبی زوو زوو یەکترمان دەدیت و جاروبارەش سەفەرمان دەکرد. جارێکیان دەبوو بەرەو لای قەڵادزێ بچێ، پێی کوتم پێتخۆشە لەگەڵم بێی؟ کوتم دێم و زوو خۆم ساز کرد، دوربینێکی فیلم هەڵگرتنەوەم هەبوو، چووم هێنام و وەڕێکەوتین. لە کلکەی کێوەرەشی ڕانیە ''سەیتەرەیەکی'' لێبوو،ڕایانگرتین. پێش ئێمە ماشێنێکی دیکەیان ڕاگرتبوو، خەڵکەکەیان دابەزاندبوو، پرسیاریان لێدەکردن، لە نێو ئەوانەی دایانبەزاندبوون، کوڕە جحێڵەیەکیان تێدابوو، لە بەر ''عەسکەرێک'' دەپاڕاوەو دەیکوت هەر ئەوەندەم ئیزن بدەن لەو کلکە‌شاخە تێپەڕم و ئەو دیوی کێوەرەشی ببینم، خەریکە دڵم بۆ ئەو ناوچەیە دەتۆقێ و زۆری بیر دەکەم. بەڵام عەسکەرەکە کە دیار بوو کوردە، دەیکوت نابێ و لێرە بەدواوە ناوچەی موحەڕەمەیە و کەس نابێ بەرەو ئەوێ بچێ.
کاک نەبی کوتی چاوت لێیە، ئێرە ماڵ و خاکی ئەو خەڵکەیە، کەچی ناهێڵن سەری ناوچەی خۆشیان بدەن. ئەو ناوچانە لەلایەن حکوومەتی بەعسی عێراقەوە خەڵکەکەی راگوێزرابوون وشارو گوندەکانی رووخێنرا بوون. خەڵکەکەی لە هێندێک '' ئۆردوگای'' زۆرەملیدا نیشتەجێ کرابوون. ئەو دیمەنە کزەی لەجەرگی هەموومان هێناو زۆرمان پێناخوش بوو. تازە نەشدەکرا کوڕەی لەگەڵ خۆمان سوار کەین و بیبەینە ئەو دیوی کلکەی کێوەرەشی.
نۆرەی ئێمەهات و داوای بەرگەی تێپەڕین‌یان لێکردین، پێشانمان دان و مۆڵەتی تێپەڕینیان داین. کاک نەبی هەر چاوی لە کوڕە جحێڵەکە بوو و کوتی ئەگەر جارێکی دیکە تووشی ببمەوە، بە هەر لەونێک بێ دەیبەم بۆ ئەو شوێنەی دەیویست.
بەرەبەرە ماوەی مانەوەم لە کوردستان و لە دۆڵی سەربەرزان، واتە دۆڵەرەقە کۆتایی دەهات، دەبوو بگەڕێمەوە بۆ وڵاتی سوئێد و درێژە بە ژیانی دوورەوڵاتی بدەم. لە سولەیمانییە ماڵئاوایم لە کاک نەبی و باقی هاوڕێیانی حیزبی کردو بەرەو بەغدا ولەویشڕا بەرەو سوئێد گەڕامەوە.
مانگ و ساڵ تێپەڕین و کاک نەبی ماڵەکەی هات بۆ دانمارک و بووبە بەرپرسی کۆمیتەی دەرەوەی وڵاتی حیزب. لە ماوەی بوونی وی لە دانمارک چەند جارێک سەردانی یەکترمان کرد. چەند سەفەرمان لەگەڵ کاک نەبی وکاک سەعید بیگزادە پێکەوە بۆ هولەند و دانمارک و ئاڵمان کرد. کاک نەبی کاروباری حیزبی هەروەک کوردستان بە تین‌وگورێکی بێوینە لە دانمارک و دەرەوەی وڵاتیش بەڕێوە دەبرد، کەم کۆڕ و کۆبوونەوە هەبوو، کاک نەبی لەوێ نەبێ.
جارێک لە کۆبوونەوەیەک لە پارلمانی دانمارک وەهای باڵیۆزی تورکیە بە پرسیاران گێژ کردبوو کە ببووە هۆی پێخۆشبوون و رەزامەندیی هەموو کوردە بەشدارەکانی ئەو کۆبوونەوەیە و نارەزایەتی جەنابی باڵیۆز.
بەداخەوە کەسانی وەک کاک نەبی دەڵێی لە چارەیان نووسراوە کە نابێ زۆر لە ناو خۆشەویستان و هەواڵانیان‌دا بمێننەوەو دەبێ بەرەو هەواری ئەبەدی کۆچ بکەن. کاک نەبی تووشی نەخۆشی بوو بەڵام بە ورەیەکی زۆر بەرزەوە بەربەرەکانی لەگەڵ کردو ئەگەر لەشی وەک ورەی خۆڕاگربا بیشک بەسەر نەخۆشییەکەی‌دا زاڵ دەبوو، بەڵام مخابن لەشی بەرگەی ئازاری نەگرت و مەرگ مەودای نەدا ئاوات و ئارەزووی کاک نەبی لە کوردستانی ئارام و ئازاد دا ودیی بێ و قاقای ئاتوسا و بزەی خەیاڵێ چیدی ببیسێ و ببینێ.
رووحی شاد و یادی هەر بەرز و بەرێز بێ.
کەماڵ گروێسی
١١/١١/١١


,15:03 , 2011/12/6 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، ئەمجارە بە بەشداریی خەڵکی ناوچەکە

 

رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، ئەمجار بە بەشداریی گەلانی ناوچەکە

پڕۆژەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورە، کەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم پڕۆژەیە کە لەلایەن وڵاتانی رۆژئاوایی و لە پێشەوەی هەموان ئەمریکا هاتە‌ئاراوە، سەرەتا پشتی بە سەرۆک و رێبەران و سیستمە حوکمڕانییەکانی ناوچە بەستبوو بەڵام لە بواری کرداری و جێبەجێکردندا دەرکەوت کە ئەم سەرۆک و سیستمانە ناتوانن ئەم ئەرکە بەڕێوە بەرن.

 پڕۆژەی ناوبراو بۆ ماوەیەکی کاتیی کورتخایەن هەنگاوەکانی شل بوونەوەو تەنانەت هێندێک کەس پێیانوابوو ئەم پرۆژەیە، وەلانراوە. بەڵام وێدەچێ مێعمارانی ئەم پڕۆژەیە، هاتبنە سەر ئەم باوەڕە کە ئەو کەرەسە وئامرازانەی بۆ بەڕێوەبردن و سەرکەوتنی پڕۆژەکە لەو ناوچەدا پێویستن، هەر دەبێ بەدەست خەڵکی ناوچەکە و هەڵقوڵاوی هەناوی ئەو وڵاتانە بن.

چەخماخەی شۆڕشی گەلی و عەداڵەتخوازیی لە وڵاتی تونیس لێدراو, وەک پووشوو خێرا هەموو وڵاتانی ناوچەکەی گرتەوەو هەتا ئێستاش هەر بەردەوامەو بێشک هەتا گۆڕینی سیستمە ناکارا و دیکتاتۆڕەکانی ناوچە درێژەی دەبێ. تایبەتمەندییەکی ئەم شۆڕشانە، ئەوەیە کە خەڵکی و پێویست و کۆک لەگەڵ بەرژەوەندیی دەرەکی و ناوەوەی وڵاتەکانیانن. دەگەڵ ئەوەی کە دەسەڵاتدارانی پێشووی ئەو وڵاتانە بە گشتیی هاوتەریب و کۆک لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی رۆژئاوا دابوون، بەڵام کەمایەسیی ئەو حاکمانە راست ئەوە بوو کە بۆ پاراستنی ئەو بەرژەوەندییانە لە گەلەکانیان هەڵبڕابوون و لە ڕاستیدا بایخێکی ئەوتۆیان نەدەدا بە خەڵکەکەیان و تەنانەت زۆر جاران لەجیاتی ئەوانیش دەنگیان بە خۆیان دەدا، وەک لە میسر و تونیس و یەمەن و سووریە دیتمان.

بەڵام لە ئاڵوگۆڕەکانی ئەم دواییانەدا خەڵکی ئەو وڵاتانە نیشانیان دا چیدی ناکرێ پشتگوێ بخرێن و ویستەکانیان لەبەر چاو نەگیرێن. ئەوان تەنانەت ئەوەشیان سەلماند کە ئەگەر لەگەڵ دەسەڵاتی دێموکرات و گەلی ڕووبەڕوو بن، ئەوە رێکخراوەکانی '' ئیخوان الموسلمین '' و ئەوانی دیکەی لەم چەشنەش شانسی ئەوەیان نیە، بێنەسەرکار و ئەو ترسەی کەسانی سێکۆلار و دێموکراتیش رەوییەوە کە زەمانێک لە ترسی ئەوان پشتی ئەمانیان گرتبوو.

شەپۆلی ئاڵوگۆڕەکان نیزیک بە تەواوی ئەو وڵات و ناوچانەی گرتووەتەوە کە سەردەمانێک لە ژێر دەسەڵاتی'' ئیمپڕاتۆڕیی عوسمانی''دابوون و کەوتبوونە باشووری دەریای ناوەڕاست.

بە سرنج‌دان بە مەبەست و ناوەرۆکی ئەم ڕاپەڕین و شۆڕشانە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێ کە سەردەمی رزگاریی لە کۆت وبەندی ئیمپڕاتۆڕی عوسمانی، ئەو نەتەوانە هیچ پرس‌و ڕایەکیان لەگەڵ نەکراوەو سەرکەوتووانی شەڕی یەکەمی جیهانیی بە کەیف وئیشتیای خۆیان سنووری ئەو وڵاتانەیان کێشاوەو کەسێک یان بنەماڵەیەکیان لێکردوونە دەسەڵاتداری سەروماڵ. کاتێک چاو لە نەخشەی وڵاتانی ئەفریقایی دەکەی، بۆت دەردەکەوێ ئەو نەخشانە زیاتر لە ژووری عەمەلیاتی نیزامیدا‌ کێشراون و خەتێکی راست بووەتە سنووری دوو وڵات.

بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەم هەڵەیەی زلهێزەکانی سەرکەوتووی شەڕی یەکەمی جیهانیی و چاوخشاندنەوە بە سەر بڕیار و رێککەوتنەکانی ئەو دەم، پێویستە ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە دابەشکردن و لەت وپەت کردنی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پێک بێت و سنوورەکان بە پێی ویست‌و داخوازیی گەلانی نیشتەجێی ئەو ناوچانە لەسەرڕا بکێشرێنەوەو سیستمی دەسەڵاتداریی ئەو شوێنانە وەڵامدەرەوەی راستییەکان و ویست و داخوازیی ئەمڕۆی ئەو گەلانە بێ.

بۆ کۆتایی هێنان بە باج‌دان و پشتیوانی کردنی بێجێ لە دیکتاتۆڕ و سەرەرۆکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشترە، سرنج و گوێ بدرێتە ویستە رەواو بەجێیەکانی ئەو گەلانە و چیدی خەڵک و وڵاتیان دابەش نەکرێ. یەکێک لەو نەتەوانەی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی زۆر بێروحمانە و دوور لە هەر چەشنە پێوەرێکی مرۆیی، زوڵمی لێکردووە، نەتەوەی کوردە. پێویستە بۆ قەرەبووی ئەو زوڵمە، رێککەوتنامەی سیڤەر زیندوو بکرێتەوەو مافی نەتەوەی کورد بۆ دیاری کردنی  چارەنووسی خۆی بە رەسمی بناسرێت و کۆتایی بەو زوڵمە بهێنرێت کە نزیکەی سەدەیەکە، بە ویست و بڕیاری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی دابەشکردنی خەڵک و خاکی کوردستانی بەسەردا سەپاوەو بە ئانقەست چاوپۆشی لێکراوە.

ئێستا کە شنەبای ئاڵوگۆڕ و دێموکراسی لە ناوچەدا هەڵیکردووە و وڵاتانی بڕیار بەدەستیش بە ڕواڵەت لە پشت ئەو ویست و داخوازییە خەڵکییەدان، ناکرێ مافی نەتەوەیەکی سی،چل ملیۆنی سرنجی نەدرێتێ و پشتگوێ بخرێت.

نەشیاو و نەگونجاوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پارێزگاری لە خەڵکی لیبی بڕیاری دەستوەردان و زەبری نیزامیی لە قەزافی دیکتاتۆڕ بدا، بەلام لە ویست و داخوازیی نەتەوەی کورد بۆ مافی چارەنووسی خۆی پشتیوانی نەکا. پێوەر و بڕیارە نێونەتەوەییەکان کاتێک جێی متمانەو بەڕێوەچوونن کە هیچ چەشنە هەڵاواردنێک لە نێوان نەتەوەکانی سەرزەوی دا نەکرێ و جاڕنامە نێونەتەوەییەکان وەک خۆیان بەڕێوە ببرێن. رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گەورەو نوێ، بەبێ چارەسەری پرسی کورد هەوڵێکی ناتەواو دەبێ و سەرکەوتنی ئەگەر هەشبێ کاتیی دەبێ.

کەماڵ گروێسی

 

 


,02:23 , 2011/4/28 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

یادێک له‌ تێکۆشه‌ری رۆژه‌ سه‌خته‌کان کاک عه‌وڵا شێنانی

 

هاوینی ساڵی 1361ی هه‌تاویی بۆ سه‌ردانی ماڵه‌ خزمان چووبوومه‌ ئاوایی زاواکێو. چه‌ند رۆژێک له‌وێ مامه‌وه‌ و به‌ پێی‌عاده‌تی هه‌میشه‌یم سه‌ری زۆربه‌ی مووچه‌ و مه‌زراکانی دۆستانی ئه‌وێم‌دا.

 ئاوایی''‌زاواکێو'' له‌ناوچه‌ی‌گه‌ورکان‌و له‌نێوبه‌ندی ئاواییه‌کانی، خوڕخوڕه‌،زێڕاندۆڵ، سارده‌کۆستان،موسێ‌، برایم‌خه‌سار و گه‌نمان هه‌ڵکه‌وتووه‌.

رۆژێک‌ لای ئێوارێ، به‌ قه‌راغ چۆمی‌دا هه‌تا نیزیک ئاشه‌کۆنه‌که‌ی برایم خه‌ساری و دۆڵی‌گاقڕانێ ‌رۆیشتم، له‌ گه‌ڕانه‌وه‌م‌دا به‌و به‌ری چۆمی‌داو به‌لای شێخ‌ره‌شی‌دا هاتمه‌وه‌.

له‌ نێوچناران* چاوم به‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی نه‌ناسیاو که‌وت. رانک‌وچۆغه‌یه‌کی بۆری له‌به‌ردابوو، جووتێک که‌وشی ئادیداسی له‌ پێدابوو، جوتێک زه‌نگاڵی مه‌ره‌زی سووری تا بن ئه‌ژنۆی هه‌ڵکێشابوو، نووسه‌نه‌که‌ هه‌موو زه‌نگاله‌کان و قه‌یتانی که‌وشه‌که‌ی داپۆشیبوو.

 سڵاوم لێکرد و سڵاوی ئه‌ستاندمه‌وه‌. هه‌ردوکمان لێک نامۆ بوین، یه‌کترمان نه‌ده‌ناسی، لێمپرسی پێشمه‌رگه‌ی کوێی؟ کوتی ماڵمان لێره‌یه‌ و پیشمه‌رگه‌ی هێزی شه‌هیدانی وێردیم. لێی‌پرسیم ئه‌ی تۆ پێشمه‌رگه‌ی کوێی؟ کوتم پێشمه‌رگه‌ی هێزی شه‌هید پێشه‌وام. کوتم ئه‌من هه‌موو خه‌ڵکی ئێره ‌ده‌ناسم به‌ڵام تۆم قه‌ت نه‌دیوه‌! کوتی ماڵمان له‌ شێنان بوو به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی که‌ پێشمه‌رگه‌م و شێنان له‌ جاده‌ی بانه‌ سه‌رده‌شت نیزیکه‌، جارێ بارمان کردووه‌ بۆ ئێره‌.

 درێژه‌ی به‌ قسه‌کانیداو کوتی چه‌ند رۆژه‌ بۆ سه‌ردانی ماڵه‌وه‌مان هاتوومه‌وه‌و وه‌ره‌ز بووم زۆرم پێخۆشبوو که‌ ئه‌وه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌کی دیکه‌ش هات.

به‌ قسه‌کردن به‌ نێوچناران‌دا هاتینه‌ سه‌ر کانیی فه‌قێ ره‌سووی و به‌ په‌نا کانییه‌که‌دا به‌ باریکه‌ڕێیه‌کدا که‌‌ به‌ پشت‌گرده‌که‌ی به‌ر قه‌برستانه‌ کۆنه‌که‌دا ده‌هاته‌خوارێ، هه‌ڵگه‌ڕاین.

به‌ ته‌نیشت ماڵه‌ئاغای‌دا تێپه‌ڕین و گه‌یشتینه‌ سه‌ربانی ماڵه‌ سۆفی‌برایم، له‌وێ ماڵئاوییمان لێککرد و چوینه‌وه‌ ماڵه‌خۆمان، ئه‌من له‌ خانه‌خوێیه‌که‌م پرسی ماله‌ کاک عه‌وڵا که‌ی هاتووه‌ته‌ ئێره‌؟ کوتی ماوه‌یه‌که‌ هاتوون و زۆر ماڵی چاکن، کاک عه‌وڵاش پێشمه‌رگه‌ی حیزبه‌.

شه‌وێ نووستم و به‌یانی بۆ ده‌ست و چاو شوشتن چووم بۆ چۆمی، بۆنی پنگه‌ڵانی قه‌راغ جۆگه‌ی ئاشی، به‌و ناوه‌دا بڵاو ببۆوه‌و به هه‌ڵکردنی‌هه‌ر سروه‌بایه‌ک ئه‌وه‌نده‌ی دیکه‌ وڵاتی پڕده‌کرد له‌و بۆنه‌ خۆشه‌. گه‌ڵای دارچناره‌کان به‌ده‌م باوه‌ ده‌له‌رینه‌وه‌و هاژه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌نگی هاشه‌ی خوڕێنی چۆمی که‌ به‌سه‌ر گابه‌رده‌کاندا هه‌ڵده‌دێرایه‌ خوارێ، تێکه‌ڵ به‌ سیڕه‌ی ئه‌و پۆله‌ سه‌قره‌ ده‌بوو که‌ به‌‌ ئاسمان‌دا ده‌سووڕانه‌وه‌.

نیوه‌ڕۆیه‌، به‌ره‌و ماڵه‌ کاک عه‌وڵا شێنانی رۆیشتم، ماڵه‌که‌یان له‌ خوار ماڵه‌ عه‌زه‌بارزانی و پشت‌ماڵه‌ محه‌ممه‌د هه‌لاجی هه‌ڵکه‌وتبوو. ده‌رکی ماڵه‌که‌ی ڕووی له‌ خرێ‌گورگان بوو. له‌ده‌رکێ ڕا بانگی کاک عه‌وڵام کرد، گورج وه‌ڵامی داوه‌و هاته‌ده‌رێ، به‌خێرهاتنی کردم.

له‌به‌ر هه‌یوانی ماڵه‌که‌ی دانیشتین.خێزانی هات و به‌خێرهاتنی کردم. له‌ په‌نا دیوارێکی کورتی به‌ به‌رد هه‌ڵچنراو، جه‌ڕه‌یه‌ک به‌ دیواره‌که‌وه‌ هه‌ڵپه‌سێردرابوو،جامیلکه‌یه‌کی فافۆنی به‌سه‌ر ڕۆکرابوو، بن میچی به‌رهه‌یوانه‌که‌ هێلانه‌ زه‌رگه‌ته‌یه‌کی پیوه‌بوو، جاروباره‌ زه‌رگه‌ته‌یه‌ک لێی ده‌فڕییه‌ ده‌رێ ویه‌کی دیکه‌ ده‌هاته‌وه‌ نێوهێلانه‌. هه‌تا ئه‌من چۆڕێکم ئاو له‌ جه‌ڕه‌که‌یڕا له‌ جامه‌که‌ی کرد و خواردمه‌وه‌، کاک عه‌وڵا هه‌رای کرد چامان بۆ بێنن.

له‌گه‌ڵ کاک عه‌وڵا ده‌ستمان به‌ قسان کرد، کاک عه‌وڵا باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد که‌ ئه‌وان له‌ کۆنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئاغاکانی نجنێ و مه‌نیجه‌ڵان کێشه‌یان هه‌یه‌ و ئێستا که‌ ئه‌وان له‌ لای ده‌وڵه‌تن، ئه‌و ناتوانێ له‌ شێنان بژی و ماڵی هێناوه‌ته‌ ئێره‌، خێزانی کاک عه‌وڵا له‌ ژورێڕا به‌ که‌شه‌فێک چاو بڕێک گڕکه‌‌و هاروێ‌وه‌ هاته‌ هه‌یوانێ، بۆنی هاروێ و گڕکه‌ وڵاتی داگرت.

تا دره‌نگانێکی ئێوارێ دانیشتین، سێبه‌ر به‌سه‌ر لایه‌کی دێ کشابوو، هه‌ستاین بڕۆین پیاسه‌یه‌ک بکه‌ین، به‌به‌رماڵاندا هاتینه‌ خوارێ بۆ لای مزگه‌وتێ، له‌ سه‌ربانی ماڵه‌ هه‌مزه‌جۆڵای توشی مامه‌‌پیره‌ی بووین. مامه‌‌پیره‌ پیاوێکی کزی کورته‌ باڵا بوو. ئه‌و هه‌موو ئێواران، لبادێکی دێنا و له‌و سه‌ربانه‌ی رایده‌خست و دوو سه‌رینی دێنان و پاڵێ وێده‌دان و ڕادیۆی حیزبی ده‌گرت و ته‌واو ده‌نگی ده‌دایه‌. به‌ ده‌نگی رادیۆ کوروکاڵی دێ له‌ مامه‌پیره‌ کۆده‌بوونه‌وه‌و تا ته‌واو بوونی ده‌نگوباس‌و لێکدانه‌وه‌ی رۆژ که‌س مته‌قی لێوه‌نه‌ده‌هات.

له‌ هه‌واڵه‌کاندا باسی چالاکییه‌کی هێزی شه‌هیدانی وێردی کرا که‌ دوژمن هێرشی کردبووه‌ سه‌ر ده‌سته‌یه‌ک له‌ پێشمه‌رگه‌کان، ئه‌وانیش لێیان وه‌ده‌ستهاتبوون و زه‌برێکی باشیان له‌ دوژمن دابوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و هێرشه‌دا پێشمه‌رگه‌یه‌ک به‌ ناوی که‌ریم‌زاواکێوی شه‌هید ببوو. به‌ بیستنی ناوی شه‌هیده‌که‌ هه‌موومان چاومان له‌ یه‌کترکرد، ئاخر ئه‌و شه‌هیده‌ که‌ریمی کوڕی خله‌ قاوه‌چی و خه‌ڵکی زاواکێو بوو. ماڵه‌که‌یان له‌وبه‌ری چۆمی و له‌ سه‌ررێگای خوڕخوڕه‌ی بوو. هه‌موومان هه‌ر په‌کوو په‌کوومان بوو. هه‌ستاین و به‌ره‌و ماڵه‌ کاک خدری وه‌ڕێکه‌وتین، له‌ده‌رکی مزگه‌وتێ مامۆستا مه‌لا که‌ریمی ''سارده‌کۆستان‌''مان دیت، هه‌واڵه‌که‌مان پێکوت، کوتی بیستوومه‌و ده‌مه‌وێ له‌گه‌ڵ مامۆستای ئێره‌ پێکه‌وه‌ بچین بۆ ماله‌ کاک خدری.

وادیار بوو مامۆستا مه‌لا که‌ریم که‌ ئه‌وده‌م ئه‌ندامی به‌ڕێوه‌به‌ریی رێکخراوی خه‌بات بوو، هه‌واڵه‌که‌ی بیستبوو، سه‌باره‌ت به‌ ناسیاویی له‌گه‌ڵ ماڵه‌ که‌ریم زاواکێوی، هاتبوو بۆ زاواکێو.

هه‌موو پێکه‌وه‌ به‌ره‌و ماڵه‌ کاک خدری وه‌ڕێکه‌وتین، کاک خدر له‌سه‌ربانی بوو، به‌ دیتنی خه‌ڵکه‌که‌ هاته‌خوارێ‌و به‌ره‌وپیری خه‌ڵکه‌که‌ هات.مامۆستاکان چاک‌وخۆشییان له‌گه‌ڵ کرد و به‌ره‌و وه‌تاغێ رۆیشتن.

کاک خدر شکی کردبوو، به‌ڵام هیچی نه‌ده‌کوت، مامۆستا مه‌لاکه‌ریم هێندێکی قسه‌کرد و هێدی هێدی قسه‌کانی برده‌سه‌ر هێرشی دوژمن و پێویستیی به‌ربه‌ره‌کانیی خه‌ڵک دژی ئه‌و هێرشه‌. کاک خدر به‌ نیشانه‌ی سه‌لماندنی قسه‌کانی مامۆستا، سه‌ری ده‌له‌قاند و جارجاره‌ چاوێکی له‌ خه‌ڵکه‌که‌ی ده‌کرد. دوای ئه‌وه‌ی مامۆستا قسه‌کانی گه‌یشته‌ ئه‌و جێیه‌ی که‌ ده‌بوو به‌ کاک خدر بڵێ کوڕه‌که‌ت شه‌هید بووه‌،خه‌ڵکه‌که‌ هه‌موو بێده‌نگ بوون. کاک خدر هیچ ئاڵوگۆڕێکی ئه‌وتۆی به‌سه‌ر ڕوخساریدا نه‌هات، ته‌نیا ئه‌وه‌نده‌ی کوت: مامۆستا ئه‌گه‌ر هه‌ر ماڵه‌و که‌سێک بدا به‌ شۆڕش، کوا دوژمن ده‌توانێ ئاوامان لێبکا؟

شه‌ودره‌نگانێک ته‌رمی کاک که‌ریم گه‌یشته‌وه‌ زاواکێو، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ له‌ گۆڕستانی ته‌نیشت جێ‌نۆکان، به‌خاکیان سپارد. سێ رۆژ سه‌ره‌خۆشیی له‌ مزگه‌وتێ بۆداندرا، هه‌رکه‌س له‌ ماڵه‌ خۆیڕا مه‌جوعمه‌ی بۆ ده‌هات و میوانه‌کانیش له‌گه‌ڵ خه‌ڵکه‌که‌ی نانیان ده‌خوارد، ره‌سمێکی زۆر جوان بوو، ماڵه‌ خاوه‌ن مردوو، پیویست نه‌بوو، هیچ بکه‌ن، هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌ خۆیان به‌ خاوه‌نی ئه‌و شه‌هیده‌ ده‌زانی.

 دوو سێ رۆژ دوای ته‌واو بوونی سه‌ره‌خۆشی کاک عه‌وڵا کوتی ئه‌رێ بۆ نایه‌ی سه‌رێکی شێنانێ بده‌ین؟ ئه‌منیش کوتم زۆرم پیخۆشه‌، که‌ی بچین؟ کوتی،سبه‌ینێ به‌یانی زوو ده‌ڕۆین، بۆ ئه‌وه‌ی پێش گه‌رمای نیوه‌ڕۆیه‌ له‌ دۆڵی کوێستانێ تێپه‌ڕین.

 به‌یانی ‌زوو وه‌ڕێکه‌وتین، کاک عه‌وڵا گورج و چالاک ده‌ڕۆیشت، هێشتا ته‌واو تاوبان گه‌رم نه‌ببوو، له‌ تیره‌گی پشت په‌ڵه‌داری تێپه‌ڕین.لای نیوه‌ڕۆیه‌ گه‌یشتینه‌ پشت ئاوایی شێنان، بڕێک به‌ پارێزه‌وه‌ چووینه‌ نێودێ، کاک عه‌وڵا له‌ده‌رکی ماڵێکی دا ژنێک وه‌ڵامی داینه‌وه‌و فه‌رمووی کردین، چووینه‌ ژورێ، ماڵه‌ حه‌مه‌ره‌حیم‌یان پێده‌کوتن. خێرا نان و چایان بۆ سازکردین. هه‌واڵی ماڵه‌ کاک عه‌وڵایان له‌ کاک عه‌وڵا پرسی ئه‌ویش وه‌ڵامی دانه‌وه‌. کوڕێکی که‌ڵه‌گه‌تی چاوشین له‌ ماڵێ بوو، ده‌یکوت تازه‌ له‌ تاران بووه‌ و له‌وێ کرێکاری شیرکه‌تێکه‌. بڕێکمان هه‌واڵی ئه‌وێ لێپرسی، کوتی خه‌ڵکی تارانێ هێندێکیان کوردیان خۆشده‌وێ و هێندێکیشیان که‌ منداڵیان پاسداره‌ مۆڕه‌مان لێده‌که‌ن.

دوای نان خواردن به‌ رێگایه‌دا و به‌ بن داربه‌ڕوه‌کاندا به‌ره‌و نجنێ  وه‌ڕێکه‌وتین و له‌ وێشڕا بۆ شه‌وێ چوینه‌ مه‌نیجه‌ڵان و له‌ کۆخێ ئاشنایه‌کی کاک عه‌وڵا ماینه‌وه‌.

دوو رۆژ له‌وێ بووین، زۆربه‌ی شاخ و مه‌زراو کۆخه‌کانی ئه‌وناوه‌ی پێناساندم. له‌ رێگایه‌ زۆرمان قسه‌کرد، له‌قسه‌کانی‌‌دا دنیایه‌ک له‌ بڕوابه‌خۆبوون و گه‌شبینی به‌ داهاتووی شۆڕشه‌که‌مان ده‌بیندرا. گه‌ڕاینه‌وه‌ شێنان، له‌وێ کاک عه‌وڵا ده‌بوو بڕواته‌وه‌ بۆ هێز، ماڵئاواییمان لێککرد و ئه‌من به‌ره‌و زاواکێو و ئه‌ویش به‌ره‌و هێزی شه‌هیدانی وێردی رۆیشتین.

ساڵ هاتن و تێپه‌ڕین،سه‌روسمێڵ له‌ قه‌ترانی ڕا ببوونه‌ کافوور، یادی وڵات ته‌نیا شتێک بوو که‌ گۆڕانیان به‌سه‌ردانه‌هاتبوو، کاک عه‌وڵام نه‌دیته‌وه‌، ئه‌من هاتم بۆ سوئێد، رۆژێک کاک سامڕه‌ند له‌ نۆڕوێژ ڕا هاتبووه سوئێد، له‌ نێوان قسان‌دا باسی کاک عه‌وڵا شێنانی هاته‌گۆڕێ، کوتم له‌ کوێیه‌؟ کاک سامره‌ند کوتی له‌ نۆڕوێژه‌ و ناسازه‌، ته‌له‌یفونه‌که‌یم له‌ کاک سامڕه‌ند وه‌رگرت، زه‌نگم بۆ لێدا، ناوی خۆم پێکوت ناسیمیه‌وه‌، زۆری پێخۆش بوو، قه‌رارمان‌دانا سه‌ریبده‌م، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌، ئه‌رک مه‌و‌دای به‌ من  و ئه‌جه‌لیش مه‌جالی ویی‌ نه‌دا جارێکی دیکه‌ یه‌کتر ببینینه‌وه‌، رۆژی چواری ئاپریلی ساڵی 2010ی زایینی له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌ک له‌ شاری ترۆندهایم له‌ وڵاتی نۆڕوێژ چاوه‌کانی بۆ هه‌میشه‌ له‌سه‌ریه‌کدانان و دڵه‌گه‌وره‌که‌ی له‌ لێدان که‌وت. هه‌واڵی کۆچی دوایی کاک عه‌وڵام له‌ ماڵپه‌ڕه‌ ئینتڕنێتییه‌کان‌دا خوێنده‌وه‌، یادی به‌خێر و رووحی شادو که‌س وکاری سه‌لامه‌ت بن.

که‌ماڵ گروێسی

2010-04-12  


,00:17 , 2010/4/14 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

ئەتۆمی ئاخوندی و داهاتووی ئێران و ناوچەکە

ئه‌تۆمی ئاخوندی و داهاتووی ئێران و ناوچه‌که‌

 ئه‌مساڵ سی ساڵ به‌سه‌ر هاتنه‌سه‌رکاری کۆماری ئیسلامیی له‌ ئێران‌دا تێده‌په‌ڕێ. له‌ ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌دا نه‌ته‌وه‌کانی ئێران تووشی گه‌لێک گیروگرفت هاتوون که‌ هه‌ر هه‌موویان به‌ هۆی سیاسه‌تی چه‌وت و هه‌ڵه‌ی به‌رپرسانی ئه‌و کۆماره‌وه‌ بووه‌.

هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕو دانی فتوای جیهاد دژی خه‌ڵکی کوردستان‌و سه‌رکوت‌و کوشتاری خه‌ڵکی تورکه‌مه‌ن سه‌حراو خوزستان یه‌که‌م دیاریی رژێمی کۆنه‌په‌رستی تاران بۆ ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ی نیشته‌جێی ئێران بوو.

 ته‌نیا ساڵ‌ونیوێک به‌سه‌ر ته‌مه‌نی ئه‌و کۆماره‌دا تێپه‌ڕیبوو که‌ به‌هۆی سیاسه‌تی ناردنه‌ده‌ره‌وه‌ی شۆڕش '' صدور انقلاب'' گه‌لانی ئێران تووشی شه‌ڕێکی نه‌خوازراو له‌ گه‌ڵ وڵاتی عێراق بوون که‌ ئه‌وێش ملهوڕو دیکتاتۆڕێکی وه‌ک سه‌دام حوسێن حوکمی تێدا ده‌کردو له‌ به‌هانه‌یه‌ک ده‌گه‌ڕا رێکه‌وتننامه‌ی 1975ی ئه‌لجه‌زایر هه‌ڵوه‌شینێته‌وه‌ و قسه‌کانی خومه‌ینی له‌ یه‌که‌مین ساڵرۆژی سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران له‌مه‌ڕ (صدور انقلاب) ئه‌و هه‌له‌ی بۆ سه‌دام ره‌خساند.

شه‌ڕی ئێران و عێراق هه‌شت ساڵی خایاند و ئاکامه‌که‌ی بۆ گه‌لانی ئه‌و دوو وڵاته‌ سه‌دان‌هه‌زار کوژراو و بریندارو ملیۆنان ئاواره‌و ده‌ربه‌ده‌ر و وێران بوونی شارو گونده‌کانی سه‌ر سنووری هه‌ردووک وڵات بوو.

له‌ماوه‌ی شه‌ڕی ئێران و عێراق‌دا هه‌رچه‌شنه‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ده‌ربڕینێک به‌ری پێگیرابوو و پاساوی هه‌موو ئه‌وانه‌ش ئه‌وه‌ بوو که‌ وڵات له‌ شه‌ڕدایه‌و دوای شه‌ڕ هه‌موو گیروگرفته‌کان چاره‌سه‌ر ده‌کرێن.

کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ ره‌چاوکردنی سیاسه‌تی درۆو فریودان هه‌شت ساڵ له‌ به‌ره‌کانی شه‌ڕ سه‌ربازو پاسداره‌کانی فریو ده‌داو له‌ له‌نێوخۆی وڵاتیش گه‌لانی ئێران. به‌سه‌دان ئیمامی نورانی له‌ جه‌بهه‌کان دروستکردو وه‌پێش پاسداری ساویلکه‌‌ی‌دان‌و وه‌سه‌ر مه‌یدانی مینی‌په‌ڕاندن و په‌یتا په‌یتا به‌ڵێنی رزگار کردنی که‌ربه‌لا و پاشان چوونه‌ قودسی به‌وێدا، به‌ هێزه‌کانی ده‌دا و مزگێنی باشبوونی باری ئابووریی و نه‌مانی بێکاریی و... به‌ خه‌ڵکی پشتی به‌ره‌کانی شه‌ڕده‌دا.

پاش تێپه‌ڕینی هه‌شت ساڵ نه‌ک هه‌ر که‌ربه‌لایان بۆ رزگار نه‌بوو، به‌ڵکوو ئیمام خومه‌ینیش ناچار بوو پیاڵه‌ی ژه‌هری سولح هه‌ڵقوڕێنێ و ئاواتی رزگارکردنی که‌ربه‌لا به‌رێته‌ بن گڵ.

شکانی ئێران له‌ شه‌ڕ له‌گه‌ڵ عێراق‌دا، کاربه‌ده‌ستانی هێنایه‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ که‌ ئه‌وان ده‌بێ له‌ باری نیزامییه‌وه‌ خۆیان به‌هێز بکه‌ن و ببنه‌  یه‌که‌م هێزی نیزامیی ناوچه‌که‌.

ئه‌م بیره‌ به‌ چه‌ند هۆ ببووه‌ ستراتێژی ئاخونده‌کان و له‌و پێناوه‌دا له‌ هه‌موو بوارێکه‌وه‌ که‌وتنه‌ خۆ بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌ که‌ کۆتاییه‌که‌ی به‌ دروستکردنی بۆمبی ئه‌تۆم به‌ئاکام ده‌گا.

 لێره‌دا حه‌ول ده‌ده‌م مه‌به‌سته‌ شاراوه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران له‌ سازکردنی چه‌کی ئه‌تۆمیی بێنمه‌ به‌رباس.

یه‌که‌م:

دابینکردنی زه‌مانه‌تی ئه‌وه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن ولاتانی دراوسێو هی دیکه‌وه‌،  هێرش بۆ سه‌ر کۆماری ئیسلامیی ئێران بیری لێناکرێته‌وه‌ و به‌ شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان قه‌ڵغانێکی به‌رگریی بۆ خۆی سازبکا.

دووهه‌م:

کۆماری ئیسلامیی ئێران ته‌نیا وڵاتێکه‌ که‌ ئیدیعای رێبه‌ریی شێعه‌کانی جیهان(به‌ قسه‌ی خۆیان موسوڵمانانی جیهان) ده‌کا و خۆی به‌ ده‌مڕاستی ئه‌وان ده‌زانێ و هه‌وای ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ر وڵاته‌ سوننی‌یه‌کانی ناوچه‌دا قه‌ڵایه‌ک بێ بۆ شێعه‌کان له‌ زه‌مانی سه‌فه‌وییه‌کانه‌وه‌ که‌ڵکه‌ڵه‌ی بیری وانه‌.

هه‌بوونی خه‌ڵکی شێعه‌ مه‌زه‌ب له‌ زۆر وڵاتی ناوچه‌که‌دا، بۆ ئێرانێکی به‌هێز و ته‌یار به‌ چه‌کی ئه‌تۆمی، هه‌ر کات بیهه‌وێ ده‌توانێ ئه‌م خه‌ڵکه‌ له‌ دژی حکومه‌ته‌ سوننی مه‌زه‌به‌کان هان‌بدا و وه‌ک کارتی فشار بۆ سه‌ر ئه‌وان که‌ڵکیان لێوه‌رگرێ. هه‌ر ئێستا له‌ یه‌مه‌ن شه‌ڕ له‌ نێوان حکومه‌ت و حوسی‌یه‌ شێعه‌‌مه‌زه‌به‌کانی ئه‌و وڵاته‌ به‌رده‌وامه‌و ئه‌م رۆژانه‌ پاپۆڕێکی ئێرانی له‌ لایه‌ن حکومه‌تی یه‌مه‌نه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌رداگیراوه‌ که‌ چه‌کی بۆ حوسی‌یه‌کان ده‌برد.

له‌ وڵاتانی: ئه‌فغانستان، پاکستان، ئازه‌ربایجان، عێراق، سوریه‌، لوبنان، کووه‌یت،عه‌ره‌بستانی سعوودی، به‌حره‌ین و یه‌مه‌ن، حه‌شیمه‌تێکی زۆری شێعه‌‌مه‌زه‌ب ده‌ژین که‌ ده‌توانن له‌ درێژخایه‌ن‌دا، مه‌ترسیی له‌سه‌ر حکومه‌ته‌کانیان که‌ زۆربه‌یان سونیین دروست بکه‌ن.دیاره‌ ئه‌وه‌شمان له‌به‌ر چاوبێ که‌ له‌ عێراق شێعه‌کان حکومه‌تیان به‌ده‌سته‌.

سێهه‌م:

خاوه‌ندارییه‌تی چه‌کی ئه‌تۆمی له‌ ناوچه‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ک رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، جێگه‌و پێگه‌ی هه‌روڵاتێک قایم ده‌کا و ده‌توانێ جگه‌ له‌ که‌ڵه‌وه‌کێشی، باجگیریشی پێبکا.

زیاتر له‌ حه‌فتا له‌سه‌دی نه‌وتی وڵاتانی که‌نداو به‌ باریکاوی هورموزدا تێده‌په‌ڕێت و ئێرانی ئه‌تۆمی ده‌توانێ به‌ پێی پێویست و هه‌لومه‌رج شه‌رته‌کانی خۆی به‌سه‌ر ئه‌و وڵاتانه‌دا بسه‌پێنێ که‌ به‌و رێگایه‌دا نه‌وت ده‌نێرنه‌ بازاڕه‌کانی دنیا و هه‌ر کات بیهه‌وێ قه‌یرانێکی ئابووری به‌سه‌ر ناوچه‌که‌ و جیهان‌دا بسه‌پێنێ.

له‌ ناو ته‌واوی وڵاتانی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست‌دا ته‌نیا وڵاتی ئیسرائێل( رانه‌گه‌یه‌نراو له‌ لایه‌ن خۆیه‌وه‌) خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمییه‌ و به‌ هۆی ئه‌و چه‌که‌شه‌وه‌ هه‌یبه‌ت و باڵاده‌ستی خۆی به‌سه‌ر دراوسێکانیدا پاراستووه‌.

چواره‌م:

بێتوو کۆماری ئیسلامیی ئێران، ببێته‌ خاوه‌نی چه‌کی ئه‌تۆمی، پارسه‌نگی هێز له‌ ناوچه‌که‌ تێکده‌چێ و کێبه‌رکێیه‌کی مه‌ترسیداری خۆ پڕچه‌ک کردن له‌ نێوان وڵاتانی ناوچه‌‌دا ده‌ستپێده‌کا.

وڵاتانی میسر و عه‌ره‌بستان و ئۆردۆن و تورکیه‌، که‌ هاوپه‌یمانی ئه‌مریکا و رۆژئاوان،  ئه‌وانیش حه‌ول ده‌ده‌ن خۆیان به‌ چه‌کی ئه‌تۆمیی ته‌یارکه‌ن. ئه‌و کاره‌ش به‌ مانای کۆتایی هه‌یبه‌ت و باڵاده‌ستیی ئیسرائیل ده‌بێ له‌ باری نیزامییه‌وه‌ و ئیسرائیل به‌هۆی چه‌ند دراوسێی ئه‌تۆمییه‌وه‌ گه‌مارۆ ده‌درێ و ئه‌وه‌ش مانه‌وه‌ی وڵاتی ئیسرائیل له‌ درێژ خایه‌ندا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌.

پێنجه‌م:

ئێرانی ئه‌تۆمیی ده‌بێته‌ پشت‌وپه‌نای تیرۆریسته‌کانی ناوچه‌و جیهان و ئه‌مجاره‌یان راشکاوانه‌‌و به‌ بێ ترس و دڵه‌ڕاوکێ ئه‌و تاقم و ده‌سته‌ تیرۆریستییانه‌‌ی سی ساڵه‌ گه‌رای خستوون وه‌گه‌ڕ ده‌خاو به‌ که‌یفی خۆی بۆ زه‌خت و فشار هێنان بۆ سه‌ر نه‌یارانی که‌لکیان لێوه‌رده‌گرێ.

شه‌شه‌م:

ئامانجی کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ وه‌ده‌ست خستنی چه‌کی ئه‌تۆمیی جگه‌ له‌ ده‌سته‌به‌ر کردنی دڵنیاییه‌کی ئه‌منییه‌تی و زه‌مانه‌تێک بۆ مانه‌وه‌ی له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات، بوونه‌ زلهێزی ناوچه‌که‌ و به‌کرده‌وه‌ بوون به‌‌ شه‌ریکی زلهێزه‌کانی جیهانه‌ له‌ خێروبێری ناوچه‌که‌‌. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش رژێمی ئێران هه‌ر چه‌شنه‌ فرتوفێڵێک، هه‌ر له‌ ته‌قییه‌ را بگره‌ هه‌تا پاشه‌کشه‌ی تاکتیکی بۆ گه‌یشتن به‌ ستراتێژی‌یه‌ نیزامییه‌که‌ی به‌کار دێنێ.

جیاوازی ئێرانی ئه‌تۆمیی و پاکستان و کوره‌ی باکووری له‌ هه‌ڵکه‌وتی جۆغرافیایی ئه‌و وڵاتانه‌دایه‌،پاکستان و کووره‌ی باکووری دوو وڵاتی هه‌ژارن و له‌ شوێنێک هه‌ڵکه‌وتوون که‌ جارێ مه‌ترسیی نین بۆ سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاتانی سه‌نعه‌تی و هیچ مه‌ترسییه‌کیان بۆ سه‌ر رێگای هاتووچۆی نه‌وت و وزه‌ نیه‌. به‌لام ئێران له‌ شوێنێک هه‌ڵکه‌وتووه‌ که‌ رۆژانه‌ زیاتر له‌ نیوه‌ی وزه‌ی پێویستی وڵاتانی سه‌نعه‌تی به‌ سنووره‌ ئاوییه‌کانی ئێران‌دا تێده‌په‌ڕێ.

به‌ کورتی کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا به‌ بێ چه‌کی ئه‌تۆمیش سه‌رێشه‌و و گیروگرفتی بۆ نه‌ته‌وه‌کانی خۆی له‌لایه‌ک و وڵاتانی نه‌یاری دروستکردووه‌، جا ئه‌وه‌ خه‌ریکه‌ به‌ چه‌کی ئه‌تۆمییش ته‌یار ده‌بێ، تۆ بڵێی جیهانی دوای ئه‌تۆمی ئاخوندی جیهانێکی ئارام و دوور له‌ مه‌ترسیی بێ؟!

که‌ماڵ گروێسی

 2009-10-28

 

  

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

  

 


,15:54 , 2009/10/31 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

مام خدر

 

ئایشێ گوڵ به‌ده‌نگی مام خدر(خله‌ ده‌رزی)


,02:37 , 2009/8/22 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

کوردستان له‌ نێوان دوو سه‌فه‌ردا

 

کوردستان له‌ نێوان دوو سه‌فه‌ردا.

مانگی گه‌لاوێژی ساڵی 1368 بۆسه‌ردانی هاوڕێیانی حیزبی له‌ وڵاتی سوئێد را گه‌ڕامه‌وه‌ باشووری کوردستان. له‌ رێگای فرۆکه‌خانه‌ی به‌غداوه‌ گه‌یشتینه‌ وڵاتی عێراق. 3 که‌س بووین، ئه‌من و کاک عه‌زیزی ئه‌فسه‌ردلێر و کاک نه‌جمه‌دینی غوڵامی که‌ ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ بوو. کاتێک له‌ فرۆکه‌خانه‌ وه‌ده‌رکه‌وتین  بایه‌کی گه‌رمی ده‌هات ده‌تگوت بای ده‌زگای قژ ویشک ‌کردنه‌وه‌یه‌. نوێنه‌ری حیزب وه‌ریگرتین و بردیانینه‌ هوتێل سنه‌وبه‌ر له‌ به‌غدایه‌. دوو رۆژ له‌ به‌غدا‌ ماینه‌وه‌، له‌و دوو رۆژه‌دا ئه‌من جگه‌ له‌ ئاو هیچی دیکه‌م بۆ نه‌ده‌خوراو و ته‌نیا ئاوم ده‌خوارده‌وه‌. ئێواران له‌ هوتێل ده‌هاتینه‌ ده‌رێ و ده‌چووینه ناو شه‌قام وبازاڕ.

کارم ببووه‌ ئاو کڕین، ئاوفرۆش هه‌بوون گۆزه‌یه‌کیان به‌ به‌رسینگی خۆیانه‌وه‌ هه‌ڵاوه‌سیبوو، شتێکی وردیی زه‌ردیان تێکردبوو، لیوانی به‌ ‌چه‌ند فلسان بوو، نه‌مده‌زانی، مستێکم قه‌ڕه‌پوڵ له‌ لاوێچم ده‌کرد و له‌ پێش کابرای ئاو یان شه‌ربه‌ت فرۆشم راده‌گرت و ئه‌ویش مافی خۆی هه‌ڵده‌گرت.

رۆژی سێهه‌م به‌ره‌و کوردستان وه‌ڕێ که‌وتین.تا گه‌یشتینه‌ سنووری کوردستان و کێوی حه‌مرین، هه‌موو جێگه‌یه‌ک ئاوه‌دان و خه‌ڵک خه‌ریکی کاروباری ئاسایی و رۆژانه‌ی خۆیان بوون. له‌ که‌رکووک له‌ زۆر شوێن خانووی رووخاو، خه‌ڵکێکی بێناز(دیاره‌ کورده‌کان) وه‌به‌ر چاو ده‌هاتن.به‌ڵام له‌ که‌رکووک به‌ولاوه‌ به‌ ده‌گمه‌ن  تووشی شوێنی ئاوه‌دان و خه‌ڵکی دڵخۆش ده‌بووین.

قاوه‌خانه‌کانی سه‌ر رێ که‌ جاران شوێنی حه‌سانه‌وه‌ بوون، یان داخرابوون یان خاپوورکرابوون. له‌ شوێنی گوند و دێهاته‌کان کۆما کۆما خۆڵ و به‌رد ودارو په‌ردوو که‌وتبوونه‌ سه‌ریه‌ک و بێ سرنجدانی تایبه‌تی، بۆت ده‌رده‌که‌وت که‌ ئه‌و شوێنانه‌‌ به‌ تایبه‌ت و به‌ به‌رنامه‌وه‌ وێران کراون.

گه‌یشتینه‌ شاری سوله‌یمانییه، ئه‌و شاره‌ی سه‌رده‌مانێک کانگای شادی و پێکه‌نین بوو، خه‌لکێکی به‌ ده‌ماغ و قسه‌خۆش و به‌ که‌یفی تێدابوو، ئێستا ده‌تکوت خه‌می به‌سه‌ردا باریوه‌و قه‌ت خۆشی به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌دیوه‌. له‌ دارو دیواری غه‌م و په‌ژاره‌ ده‌باریی. هه‌ناسه‌ی خه‌ڵکه‌که‌ بۆسۆی لێهه‌ڵده‌ستا و تروسکه‌ له‌ چاوان تۆرابوو. ده‌نگه‌کان کپ بوون و چاوه‌کان هاواریان ده‌کرد،زمان له‌ گۆ که‌وتبوو، دڵه‌کان پێکه‌وه‌ ده‌دوان.

له‌ سوله‌یمانییه‌ که‌ ببووه‌ مه‌کۆی هه‌موو ئه‌وانه‌ی له‌ هه‌ڵمه‌ته‌کانی ئه‌نفال و کیمیاباران و کوردقران رزگاریان ببوو، تێپه‌ڕین. گه‌یشتینه‌ رانیه‌ و له‌وێشڕا به‌ره‌و دۆڵه‌ ره‌قه‌ و سه‌ر‌که‌پکان و قه‌ڵاسه‌یده‌ وه‌رێکه‌وتین. بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی حیزب و ناوه‌نده‌ی 2ی کوردستان له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ بوو. ئه‌و رۆژه‌ به‌ دیداری هاورێیان و هه‌واڵانی پیشمه‌رگه‌ شاد بووینه‌وه‌،به‌ڵام ئه‌وانیش غه‌مێکی قووڵ له‌ گۆمی چاوه‌کانیاندا گه‌رای خستبوو.

ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ی ده‌ڵێی به‌هه‌شته‌ و خه‌ڵکی دیکه‌ به‌سه‌دان ساڵ نوێژێ ده‌که‌ن و به‌ رۆژوو ده‌بن تا دوای مردنیان بچنه‌ جێگه‌یه‌کی وا، وه‌ها بێناز که‌وتبۆوه‌، ده‌تکوت خۆڵیان به‌سه‌ردا دابێژتووه‌. دێهاته‌کانی ئه‌وێش له‌ لایه‌ن سپای دژی کوردی حکومه‌تی به‌عس و سه‌دام حوسێنه‌وه‌ چۆل و وێران و تالان کرابوون. خه‌ڵکه‌که‌یان له‌ چه‌ند ئۆردوگای زۆره‌ملیی په‌ستاوتبوو بۆ وه‌ی هه‌رکات خوێنخۆری به‌غدا ئیراده‌ی کرد، بۆی بکرێنه‌ قوربانیی و به‌رنامه‌ی کورد قڕانه‌که‌ی تۆکمه‌تر بکا. زاڵم بۆی نه‌دکرا شاخه‌وشاخ به‌دوای کورد دا بگه‌ڕێ و راویان‌کا، ئه‌وه‌ی بۆی گیرابوو هه‌مووی له‌ قه‌فه‌سی ئۆردوگاکان کردبوو.

ماوه‌ی سی مانگ له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ مامه‌وه‌و رۆژانه‌ له‌و ده‌وروبه‌ره‌ زۆر جێگا ده‌گه‌ڕام و ئاواتم ئه‌وه‌ بوو گوندێک یان هه‌وارێک ببینم، به‌ڵام هه‌یهات، له‌وێش هه‌موو ئاوه‌دانییه‌ک وێران کرابوو، ته‌نانه‌ت هۆڵ و ته‌ویله‌ و مزگه‌وته‌کانیشیان به‌سه‌ر یه‌کدا داته‌پاندبوو.

رۆژێک له‌گه‌ڵ چه‌ند هاوڕێی پێشمه‌رگه‌ به‌ته‌مای سه‌فه‌ری لای سونێ بووین، له‌ قه‌راغ شاری رانیه‌،به‌ره‌و سه‌رسه‌نگ و قه‌ڵادزێ له‌ پێچی جاده‌که‌دا پۆستێکی پشکنین داندرابوو، ماشێنێکی سواری‌یان له‌ ته‌نیشتی لای چه‌پی جاده‌که‌ راگرتبوو، کوڕه‌کوردێکی جحێڵیان دابه‌زاندبوو. ئێمه‌ش شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ماشێنه‌که‌مان داداوه‌ که‌ وه‌ڵامی پرسیاری عه‌سکه‌ره‌که‌ بدینه‌وه‌، هه‌تا شۆفیره‌که‌ عه‌سکه‌ری تێگه‌یاند که‌ ئێمه‌ کێین و بۆ کوێ ده‌چین، ئه‌من له‌ پشته‌وه‌ی ماشێنه‌که‌ که‌ شوشه‌که‌م دادابۆوه‌، گوێم لێبوو، کوڕه‌کورده‌که‌  به‌ ئه‌وه‌ی رایگرتبوو، ده‌کوت: به‌ ساقه‌ت بم(به‌ سه‌ده‌قه‌ت بم) هه‌ر ئه‌وه‌نده‌م ئیزن بده‌ له‌مدیو ئه‌و گرده‌وه‌ چاوێک له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ ده‌که‌م و ده‌گه‌رێمه‌وه‌، ئه‌من هه‌موو یادگارییه‌کانم له‌وێن، خه‌ریکه‌ شه‌ق ده‌به‌م، تۆ خودا ئیزنم بده‌ن با جارێکی دیکه‌ چاوم به‌و ناوچه‌یه‌ بکه‌وێته‌وه‌، به‌ڵام کابرای عه‌سکه‌ر هه‌ربه‌ خه‌یاڵیشی دانه‌ده‌هات و گاڵته‌ی به‌ کوڕه‌که‌ ده‌کرد. زۆرم زگ به‌ کوڕه‌که‌ سووتاو ئاواتم ئه‌وه‌ بوو بتوانم یارمه‌تی بده‌م، به‌ڵام نه‌ده‌کرا.

ئێمه‌ کاره‌که‌مان جێ به‌ جێ بوو، له‌ پۆستی پشکنینه‌که‌ تێپه‌ڕین و به‌ره‌و ئه‌و‌ مه‌ڵبه‌نده‌ی ئه‌و کوڕه‌ جحێڵه‌ ئاواتی بوو، رۆیشتین. ئه‌وێش هه‌ر وێران و تێکروخێندرابوو. به‌ڵام سروشته‌که‌ی جوانیی خۆی پاراستبوو، هه‌ر وه‌ک جاران دڵرفێن بوو.کێوی سه‌رکه‌ش بناری پڕ ره‌وه‌ز، لێڕه‌وار و رووته‌ن هه‌مووی هه‌ر جوان بوون.

گه‌یشتینه‌ قه‌ڵادزێ، ئه‌و شاره‌ی له‌ هه‌موو مێژووی خۆیدا، دوژمنان و داگیرکه‌رانی کوردستان زه‌فه‌ریان پێی نه‌بردووه‌و وه‌ک قه‌ڵایه‌ک خۆی راگرتووه‌. به‌ڵام سیمای شاره‌که‌ وه‌ک روخساری خه‌ڵکه‌که‌ی، مۆن، گرژ، داڕووشاو و بریندار بوو. به‌عس خانووه‌کانی به‌سه‌ر یه‌کدا داته‌پاندبوو، زۆر شوێنیان به‌ تی ئێن تی ته‌قاندبووه‌وه‌ و سروشتی شاره‌که‌یان شێواندبوو. داروبه‌رد به‌زمانی بێ‌زمانی قسه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌کردین، ده‌تکوت پێمان ده‌ڵێن ئه‌و رۆژانه‌مان له‌بیرمه‌که‌ن و بۆ داهاتووانی بگێڕنه‌وه‌.

له‌ قه‌ڵادزێ جگه‌ له‌ هه‌ڵوه‌راندنی فرمێسک و ده‌ردانی ئاهی ده‌روون چمان بۆ نه‌کرا، به‌ڵام وێنه‌کانمان جگه‌ له‌ کامێراکان، له‌ مێشکیشماندا زه‌بت کرد و هه‌تا هه‌ناسه‌مان بێت، ئه‌و دیمه‌نانه‌ به‌ هیچ شتێک له‌ زه‌یندا ناشۆرێنه‌وه‌.

 هاتینه‌وه‌ مه‌ڵبه‌ندی خۆمان له‌ رانیه‌ و ده‌وروبه‌ری قه‌ڵاسه‌یده‌. له‌و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌نیا پێشمه‌رگه‌ی لێ‌ده‌ژیا، ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ی هێزه‌ به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. کاتێک له‌ رانیه‌ را به‌ره‌و دۆڵه‌ ره‌قه‌ ده‌چوین، هه‌ستێکی سه‌یرمان هه‌بوو، ده‌تکوت له‌ کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ڵده‌بڕێین، بۆن و به‌رامه‌ی غه‌ریبی، ته‌نیایی و چۆله‌وانیی دایده‌گرتین.

ماوه‌ی سێ مانگ له‌ دۆڵه‌ ره‌قه‌ و له‌ لای سه‌رکردایه‌تیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕ ماینه‌وه‌، ماوه‌ی سه‌فه‌ره‌که‌مان کۆتایی پێهات و ده‌بوو به‌ره‌و وڵاتی سوئێد بگه‌ڕێینه‌وه‌. به‌یانییه‌ک ساز بوین و له‌ قه‌ڵاسه‌یده‌ را هاتینه‌ سوله‌یمانییه‌ و له‌وێشڕا به‌ره‌و به‌غدا و پاشان هاتینه‌وه‌ سوئێد.

بیست ساڵ تێپه‌ڕیی، له‌ ماوه‌ی ئه‌و بیست ساڵه‌دا زۆر ئاڵوگۆڕ به‌سه‌ر جیهان و کوردستان‌دا هاتبوو. رژێمی به‌عس به‌هۆی تێسره‌واندنی زه‌بری گورچووبڕ له‌ لایه‌ن ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانانه‌وه‌ رووخاو و خرایه‌ زبڵدانی مێژووه‌وه‌. سه‌دام حوسێنی شێری عه‌ره‌بانیان له‌ کونێک هینا ده‌رو پاشان له‌داریان‌دا.  عێراق به‌کرده‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌و هێزانه‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌چوو که‌ زه‌مانێک به‌شێکی زۆری هێزه‌کانیان له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووره‌کانی عێراقه‌وه‌ جموجۆڵی سیاسی و نیزامیی‌یان ده‌کرد و بێشک ئه‌م هه‌لومه‌رجه‌یان به‌ خه‌یاڵیشدا نه‌ده‌هات. پێشمه‌رگه‌ نه‌ک هه‌ر له‌ کوردستان، به‌ڵکو له‌ به‌غداش ئه‌رکی پاراستنی کارگێڕو کاربه‌ده‌ستانی حکومه‌تی نوێ‌یان به‌ ئه‌ستۆوه‌ بوو.

رۆژی پێنجی مانگی پێنجی ساڵی 2009 هاوڕێ له‌گه‌ڵ دۆستێکم به‌ ناوی کاک خالید فه‌لاح‌زاده‌ بڵیتی ته‌یاره‌مان کڕیی و گه‌ڕاینه‌وه‌ کوردستان ، له‌ ستۆکهۆڵمه‌وه‌ بۆ فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر! راسته‌وخۆ به‌ که‌متر له‌ 5 سه‌عات! باوه‌ڕم نه‌ده‌کرد، کاتێک گه‌یشتینه‌ سه‌ر ئاسمانی کوردستان، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی عه‌ره‌ب له‌سه‌ر خاکی کوردستان تارابوو، به‌ڵام ئاسمانی کوردستان به‌ ته‌پ و تۆزی ره‌ڵمی عه‌ره‌بستان سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو. کاتێک فرۆکه‌که‌مان له‌ سه‌ر هێڵی نیشتنی فرۆکه‌خانه‌ی هه‌ولێر نیشت و هاتینه‌ خوار، به‌شی خزمه‌ت و راگوێزتنی مسافیره‌کان، به‌ مینی بوس هاتن و مسافیره‌کانیان راگوێزت.

له‌ به‌شی پشکنین و کۆنترۆڵی پاسپۆرت زۆر به‌ حورمه‌ته‌وه‌ وه‌رگیراین و له‌ فرۆکه‌ خانه‌ چووینه‌ده‌ر. هاوڕێ کاک خالید وه‌نه‌وشه‌ له‌ شوێنی وه‌رگرتنی مسافیره‌کان چاوه‌ڕێمان بوو. بیست ساڵ بوو ئه‌ویشمان نه‌دیتبوو، سه‌رو سمیڵی جگه‌ له‌ ته‌پ‌وتۆزی خۆڵبارینی ئه‌و رۆژه‌ی هه‌ولێر، تۆزی ته‌مه‌نیشی لێنیشتبوو،به‌ڵام هه‌روه‌ک جاران توندوتۆڵ و چوست و چالاک بوو. سوار بوین و به‌ره‌و ناوشاری هه‌ولێر وه‌رێکه‌وتین. له‌ زۆر شوێن ئاڵای کوردستان ده‌شه‌کاوه‌.

هه‌ولێر زۆر گۆڕابوو، شارێکی زیندوو، ئاوه‌دان و پڕحه‌شیمه‌ت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی شه‌و دره‌نگ بوو، به‌ڵام کوڕ و کچ و پیروجوان له‌ پارک و شه‌قامه‌کانی هه‌ولێر سه‌ربه‌ستانه‌ ده‌سووڕانه‌وه‌. له‌ هه‌ولێر نه‌ماینه‌وه‌ و یه‌کڕاست به‌ره‌و کۆیه‌ واته‌ شوێنی مه‌فه‌ره‌کانی حیزب وه‌رێ که‌وتین. رێگاوبان خۆش وئه‌مین بوون. بۆ من که‌ ده‌سه‌لاتی زه‌مانی به‌عسم له‌و ناوچه‌یه‌ که‌م‌تاکورتێک دیتبوو،جێگای سه‌رسورمان بوو، ئه‌و ده‌م  ئه‌و کاتانه‌ که‌س نه‌یده‌وێرا به‌ رێگاوبانان دا ماشێن لێخوڕێ.

گه‌یشتینه‌ کۆیه‌ و له‌وێشڕا چووینه‌ ئازادی، مه‌ڵبه‌ندی قاره‌مانانی ئازادیخواز که‌ سه‌رده‌مانێک ئه‌و خه‌ڵکه‌ زراوی جاش و پاسداره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانیان بردبوو. به‌ڵام ئێستا له‌به‌ر پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان، ده‌تکوت پۆلێک هه‌ڵۆن به‌ تۆڕی به‌رژه‌وه‌ندییه‌وه‌ بوون.

ماوه‌ی دوو حه‌وتوو له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی حکومه‌تی کوردی له‌ باشووری کوردستان ماینه‌وه‌، رۆژانه‌ شاهیدی شه‌کانه‌وه‌ی ئاڵای کوردستان بوین‌و هه‌وای ئازادی‌مان هه‌ڵده‌مژت. سه‌ردانی زۆربه‌ی ئه‌و شوێنانه‌م کرد که‌ بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به‌ وێرانکراوی دیتبوومن. به‌ڵام ئه‌مجاره‌ ئاوه‌دان و سه‌رسه‌وز و سه‌ربه‌ست بوون. کوردستان ده‌تکوت زامدارێکه‌، له‌ مردن رزگاری بووه‌ و خه‌ریکه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ سه‌ر پێ و هێزو گوڕی دێته‌وه‌به‌ر.

سوله‌یمانیه‌و به‌رده‌رکی سه‌را، رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌رین، هه‌ولێر و کۆیه‌ و دۆڵه‌ ره‌قه‌، هه‌ر هه‌موویان ئاوه‌دان و بوژاوه‌و و پرحه‌شیمه‌ت بوون. ئه‌و دۆڵه‌ ره‌قه‌ی بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ئیواران بۆنی چۆله‌وانی لێده‌هات، ئێستا بۆ به‌جێ هێشتنی لاقه‌کانمان له‌دوا نه‌ده‌هات و دڵ له‌وێ به‌ند بوو.

هیوادارم کوردستان هه‌ر ئاوه‌دان و خه‌ڵکه‌که‌ی سه‌رکه‌وتوو بێ و نه‌خشه‌ له‌ پارچه‌کانی‌تری کوردستان بێ که‌ رۆژێک له‌مپه‌رێک به‌ناوی سنوور له‌شی کوردستان نه‌ڕووشێنێ و نه‌مێنێ.

2009/07/21

که‌ماڵ گروێسی

 

  


,22:58 , 2009/7/21 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

نەورۆزتان پیرۆز بێ

هاتنی ساڵی 2709 ی کوردی و پیره‌ نه‌ورۆزتان پیرۆزبایی لێده‌که‌م و هیوادارم ئه‌م ساڵ ساڵی سه‌رکه‌وتنی نه‌ته‌وه‌که‌مان بێ.

به‌وهیوایه‌ی ساڵی داهاتوو، رۆژی نه‌ورۆزێ له دوندی‌ کوێستانه‌کانی وڵاتی خۆمان ئاوری نه‌ورۆزێ بکه‌ینه‌وه‌.

که‌ماڵ


,01:41 , 2009/3/22 ,
بۆچوونه‌کان ( 1 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

کانی ئاسمان

خەزاڵ

 

 کانی ئاسمانهاوینی ساڵی 1361ی هه‌تاویی بوو. جاده‌ی سه‌رده‌شت- مه‌هاباد له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌کانی کوردستان‌دا بوو. دژمن له‌ لای مه‌هاباده‌وه‌ تا ئاوایی عه‌وڵاکورده‌ هاتبووه‌ پێش و له‌ به‌رزاییه‌کانی نیوان '' عه‌وڵا کورده‌'' و '' گیادروان'' مۆڵگه‌ی دانابوو. له‌ عه‌وڵاکورده‌ به‌ره‌و ژوور له‌ ژێرده‌سه‌ڵاتی پێشمه‌رگه‌دا بوو. لکی3ی شه‌هید برایمی ساڵه‌‌موقه‌ده‌م له‌ هێزی 21ی شه‌هید‌پێشه‌وا ئه‌رکی پاراستنی جاده‌ی مه‌هاباد – سه‌رده‌شتی له‌ ده‌راوی'' کانیه‌ره‌ش'' تا نیزیک قاوه‌خانه‌ی عه‌ولاکورده‌ی به‌ئه‌ستۆوه‌ بوو. بنکه‌ (مه‌قه‌ڕ)ی ئه‌رکانی لکی3 له‌ ئاوایی خه‌لیفان بوو. خه‌لیفان له‌ ده‌شتی نێوان کیتکه‌، گۆلان، کانی‌میران، کۆره‌گێ، یاڵته‌مر، قۆیته‌ڵ و شاره‌زوور هه‌ڵکه‌وتووه‌. جاده‌ی نێوان کیتکه‌ وکانی‌سێو به‌ ته‌نیشت خه‌لیفان‌دا تێده‌په‌ڕیی.  ئه‌وکات لکی3 دوو ده‌سته‌ی به‌ ناوه‌کانی ده‌سته‌ی شه‌هیدانی موسه‌وی‌فه‌ڕ و ده‌سته‌ی شه‌هید تالی هه‌بوو. حه‌وت په‌لیشی هه‌بوو به‌ ناوه‌کانی: په‌لی شه‌هیدان،په‌لی هه‌ڵۆ، په‌لی بێکه‌س، په‌لی باڵغی،په‌لی خوێنی کوردستان‌و په‌لی رزگار،  په‌لی شێرکۆ .هه‌رده‌سته‌یه‌ک به‌ نۆره‌ ده‌بوو به‌ ئاواییه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وبه‌ری جاده‌ی مه‌هاباد سه‌رده‌شت‌دا جه‌وله‌‌ بکا و جموجۆڵی هیزه‌کانی رژێم بخاته‌ ژێرچاوه‌دێری. له‌ یه‌کێک له‌و جه‌ولانه‌دا ده‌سته‌ی ئێمه‌ واته‌ ده‌سته‌ی شه‌هیدانی موسه‌وی‌فه‌ڕ، پێمان ئه‌سپێردرا له‌ جه‌واڵه‌ره‌شان‌ڕا هه‌تا نیزیک  قاوه‌خانه‌ی عه‌وڵاکورده‌ سه‌ری هه‌موو ئاواییه‌کانی ئه‌وبه‌ره‌وبه‌ری جاده‌ بده‌ین. ئه‌و ئاواییانه‌ بریتی بوون له‌: کامه‌م، دۆڵپه‌مۆ، ڕه‌فته‌، شۆڕاوا، سڵۆک، ئافان، ئامێد، سوران که‌ ته‌نیا ماڵێک بوو، کاوه‌یس، مازه‌ڵه‌، گوڵیار،خڕه‌جۆ، قۆزلوجه‌، گیادروان.ئێمه‌ شه‌وانه‌ تا به‌ری‌به‌یانان له‌ نێو ئاواییه‌کان ده‌ماینه‌وه‌ و پیش‌رووناک بوون، ده‌چوینه‌ به‌رزاییه‌کانی ده‌وری ئاوایی. یه‌کێک له‌و به‌رزاییانه‌ی زۆریان ده‌چوینێ، '' ئه‌حمه‌دکاوڕ'' کیفاراوێ'' و '' بۆگه‌نیوه‌'' بوون. ئه‌حمه‌دکاوڕ له‌ نیوان ئاواییه‌کانی دۆڵ‌په‌مۆ،گوڵیار، و مازه‌ڵه‌ و خره‌جۆ و قۆزلوجه‌ هه‌لکه‌وتووه‌. له‌سه‌ر ئه‌حمه‌دکاوڕی‌ڕا مۆڵگه‌ی عه‌وڵاکورده‌ و جاده‌ی مه‌هاباد- سه‌رده‌شت هه‌تا جه‌واڵه‌ره‌شانمان لێ‌دیار بوو. کیفاراوێ که‌وتووه‌ته‌ پشت ماڵێ ڕفته‌ی. بۆگه‌نیوه‌ که‌وتووه‌ته‌ نێوان ئاواییه‌کانی ئامێد، خاتوون‌ئه‌ستی، سوران و مڕانه‌ و زیوه‌ و سۆڵغه‌، دۆڵ‌به‌هار،مه‌حمودئاوا، سه‌رتان، سیاقۆڵی سه‌رێ، سمێنوێ.رۆژێک سه‌رده‌سته‌که‌مان سه‌رپه‌له‌کانی کۆکرده‌وه‌ و چه‌ند سه‌عاتێک پێکه‌وه‌ چوون بۆ هه‌ڵنان و زانیاری کۆکردنه‌وه‌ له‌سه‌ر هاتووچۆی هێزه‌کانی رژێم له‌ نیزیک عه‌وڵاکورده‌ و کاوه‌یس. لای ئێوارێ هه‌موویان وه‌دیی هاتنه‌وه‌ و به‌ره‌و ئاوایی خاتوون‌ئه‌ستی وه‌رێکه‌وتین. له‌خاتوون ئه‌ستی به‌سه‌ر ماڵان‌دا دابه‌ش‌کراین و سێ سێ و چوار چوار پێکه‌وه‌ چووینه‌ ماڵان. دوای نان وچا خواردنه‌وه‌ له‌ شوێنێک کۆده‌بوینه‌وه‌ و کیشک و گه‌شت و که‌مینی به‌یانیمان داده‌ناو به‌ره‌به‌یانی زوو ده‌چووینه‌ شاخی و کاتێک له‌ نه‌بوونی دوژمن و جموجۆڵی خاترجه‌م ده‌بووین، ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ ناودێ، به‌ڵام بۆ کارقایمی دوو یان سی‌که‌سمان له‌ یه‌کێک له‌ به‌رزاییه‌کان ده‌هێشته‌وه‌ و ئه‌وانی دیکه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ نێو‌دێ.ئه‌و رۆژه‌ هیچمان نه‌هاتینه‌وه‌ نیودێ و هه‌ر له‌ به‌رزاییه‌کانی نێوان، زیندان‌ده‌رێ، خاتوون ئه‌ستی و سیاقۆڵی سه‌رێ ماینه‌وه‌. پاش‌نیوه‌ڕۆیه‌ سه‌رپه‌ل و سه‌رده‌سته‌کانمان هاتن و کۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ کردین و بۆمان ده‌رکه‌وت دوێنی ئه‌وان چوون بۆ ''شناسایی'' و ئه‌مڕۆ  له‌سه‌ر جاده‌ی مه‌هاباد سه‌رده‌شت له‌ نیزیک کاوه‌یس و عه‌وڵاکورده‌ ده‌بێ له‌ '' ئایفای'' هه‌ڵگری '' ته‌ئمینه‌کان''ی مۆڵگه‌ی عه‌وڵا کورده‌ بده‌ین. ئه‌و کۆبوونه‌وه‌مان له‌ به‌رقه‌دی شاخه‌که‌ی نیوان سیاقۆڵی‌سه‌رێ و خاتوون‌ئه‌ستی کرد و له‌سه‌رووی ئێمه‌ کانیاوێکی ساردی لێبوو که‌ خه‌ڵکی ئاوایی پێیان ده‌گووت کانی‌ئاسمان. ماڵه‌‌ئاغای دێی خاتوون‌ئه‌ستی کچێک‌یان هه‌بوو ئه‌ویش ناوی ئاسمان بوو،جا نازانم کامیان ناوه‌کانیان لێک وه‌رگرتبوو، کانی‌یه‌که‌ به‌ناوی ئه‌و خاتوونه‌وه‌ کرابوو یان ئه‌و به‌ناوی کانیاوه‌که‌. ده‌راوی کانیاوه‌که‌ پنگه‌ڵان بوو. شینایی ده‌وروبه‌ری رێڕه‌وی کانیاوه‌که‌ هه‌تا ده‌گه‌یشته‌ دۆڵه‌کانی خوارێ بژوێن و چڕوپڕ بوو. سه‌رووی کانیاوه‌که‌ به‌رده‌ڵانێکی سپی بوو. هیشتا چه‌ند کاتژمێرێکی مابوو بۆ ده‌سپێکی '' عه‌مه‌لیاته‌که‌''.یه‌کێک له‌ پێشمه‌رگه‌کان پرسی به‌و رووته‌نه‌ی‌دا چۆن خۆمان بگه‌یه‌نینه‌ سه‌ر جاده‌ و دوژمن پێمان نه‌زانێ؟ یادی به‌خێر عه‌لی ئه‌حمه‌د زاده‌ ناسراو به‌ عه‌لی‌یه‌ چکۆل که‌ به‌شداری ده‌وره‌یه‌کی فێربوونی به‌کارهێنانی تۆپ،خۆمپاره‌،نه‌خشه‌‌خوێندنه‌وه‌ و گه‌راگرتن ببوو، باسێکی بۆ گێراینه‌وه‌ که‌ جێگای سرنج‌بوو. عه‌لی کوتی له‌و ده‌وره‌یه‌ی له‌ ئاوایی کامه‌م داندرابوو مامۆستایه‌کمان هه‌بوو به‌شداری له‌ شه‌ڕی'' زوفار''دا کردبوو. مامۆستاکه‌ باسی تاکتیکێکی پارتیزانه‌کانی'' عومانی'' گێڕابۆوه‌ که‌ کاتی خۆی بۆ گرتنی مۆڵگه‌یه‌کی رژێمی ئه‌وکاتی عومان به‌کاریان هێنابوو. ئه‌و پارتیزانانه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شوێنی مۆڵگه‌که‌یان پێ نه‌زانیوه‌و ده‌وروبه‌ره‌که‌شی هێنده‌ رووته‌ن و ده‌شت بووه‌ نه‌یان توانیوه‌ باش '' شناسایی'' ئه‌و مۆڵگه‌ بکه‌ن، که‌رتکه‌ مه‌ڕێکیان هێناوه‌وه‌ بۆخۆشیان پێسته‌مه‌ڕیان له‌به‌ر کردووه‌ و به‌و فێڵه‌ مۆڵگه‌یان گرتووه‌. عه‌لی کوتی ئه‌و دیوی ئه‌م باسکه‌ ده‌سته‌ مه‌ڕێکی لێ ده‌له‌وه‌ڕی، ئیمه‌ش ده‌توانین به‌ ماته‌ماته‌ له‌سه‌ر ده‌ست و پییان برۆین تا له‌ چاو مۆڵگه‌و ته‌ئمینه‌کان وون ده‌بین.ئێواره‌ هات. سێبه‌ر به‌سه‌ر وڵاتی کشا. دۆڵه‌کان له‌ بێده‌نگیی‌دا نوقم بوون. هه‌رکه‌س تونیی بوو چه‌ند لاوێچی له‌ ئاوی سارد و سووکی کانی ئاسمان خوارده‌وه‌. به‌ گه‌وه‌ی به‌ر کانییه‌که‌دا په‌رینه‌وه‌ به‌رۆژه‌که‌ی ئه‌وبه‌ریی. یه‌ک یه‌ک و به‌ سینگه‌ خشکه‌ له‌ تیره‌گه‌که‌ی‌را به‌دیوی کاوه‌یسی‌دا شۆڕبووینه‌وه‌.ئه‌و جێیه‌ی ئێمه‌ی لێ بووین له‌ شوێنی مه‌ڕه‌کان دوور بوو. شوانی مه‌ڕه‌که‌ش دیار نه‌بوو. ئێمه‌له‌م به‌ر و ده‌سته‌مه‌ڕیش له‌وبه‌ری خڕه‌که‌ی بوون. شوێنه‌که‌ش بۆوه‌ی نه‌ده‌بوو هه‌رای شوانه‌که‌ی بکه‌ین. پێشمه‌رگه‌یه‌کی قسه‌ خۆشمان له‌گه‌ڵ بوو رووی له‌ عه‌لی‌یه‌ چکۆلی کرد و پرسی: عه‌لی ئه‌و پارتیزانانه‌ی عه‌مانێ مه‌ڕه‌که‌ هی خۆیان بوو یان مه‌ڕی خه‌ڵکی؟ عه‌لی بزه‌یه‌کی هاتێ و کوتی نازانم.هێدی هێدی مه‌ڕه‌کان به‌له‌وه‌ڕ به‌ره‌و لای ئێمه‌هاتن و هیوایه‌کمان تێدا په‌یدا بوو. جێگاکه‌مان زۆر ته‌نگه‌به‌رو ناخۆش بوو. خودا خودامان بوو ئه‌و که‌رتکه‌ مه‌ڕه‌ بگاته‌ به‌ری ئێمه‌و له‌ نێوئه‌وان‌دا خۆمان حه‌شارده‌ین وبگه‌ینه‌ قه‌راغ جاده‌ی.مه‌ره‌کان هاتنه‌ به‌ری ئێمه‌ و به‌رسینگه‌یان له‌ولاپاڵه‌ی گرت و پێی هه‌ڵگه‌ران. ئێمه‌ش له‌به‌ر به‌ په‌له‌یی به‌نیو مه‌ڕه‌کان وه‌ربووین تا تێکه‌ڵیان بین،به‌لام مه‌ڕ قوشقی بوون وده‌رپه‌ڕین و هه‌ر یه‌که‌ی به‌لایه‌کدا کوڕه‌گوێ بوون. له‌ نێوه‌ڕاستی په‌رێزه‌که‌دا مابووینه‌وه‌، هه‌رچۆنێک بێ خۆمان گه‌یانده‌ خڕه‌که‌ی و به‌وێدا به‌ره‌و چۆم وجاده‌ی داگه‌ڕاینه‌ خوارێ.زۆری پێنه‌چوو ماشێنێکی ئایفا و تویوتایه‌کی نیزامیی هاتنه‌ به‌ر سێره‌مان. ته‌قه‌مان لێکردن و هه‌ردوو ماشێن خه‌راپ بوون.جاده‌که‌ بڵێندتر له‌و جییه‌ی بوو ئێمه‌ ته‌قه‌مان لێوه‌ده‌کرد. چه‌ند که‌سێکی نێوماشێنه‌که‌ له‌ لێواری جاده‌که‌ خۆیان مه‌ڵاس‌دابوو و ته‌قه‌یان له‌ ئێمه‌ ده‌کرده‌وه‌. مۆڵگه‌ی دوژمن له‌ عه‌وڵا کورده‌ وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی خۆی وڵاتی وه‌به‌ر ره‌هێڵه‌ی گولله‌ی تۆپ و خۆمپاره‌‌دا و له‌ جێ جێ بوو به‌ هۆی سووتانی پوش وپه‌لاشی مه‌زراکان.له‌ گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا گرمه‌یه‌کی جیاواز له‌ ته‌قینه‌وه‌ی تۆپ و خۆمپاره‌کان له‌ باسکی نیوان خاتوون‌ئه‌ستی و مه‌زراکانی کاوه‌یس ڕاهات، له‌گه‌ڵ بیستنی ده‌نگی ئه‌و گرمه‌ نامۆیه‌،ئه‌وانی له‌سه‌ر جاده‌ی بووین هه‌موومان بیرمان له‌ یه‌ک شت کرده‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ بوو که‌ چه‌ند جارێک له‌ لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ مین‌رێژکرابوو و هه‌موو جارێ مه‌ڕ و ماڵاتی خه‌ڵکی وه‌سه‌ر ده‌په‌ڕیی. پێش ئه‌وه‌ی ئه‌و ده‌سته‌یه‌مان به‌ره‌و جاده‌ وه‌ڕێ که‌وین سێ پێشمه‌رگه‌مان له‌و باسکه‌ی دانا که‌ پشتمان بگرن نه‌وه‌کا دوژمنی جێگر له‌ مۆڵگه‌ی حاجی‌مامیان به‌لای زیندانده‌رێ‌دا پشتمان لێبگرێ. به‌ڵام زۆر به‌روونی به‌و سێ هاوڕێیه‌مان گوتبوو توخنی ئه‌و سه‌نگه‌ره‌ نه‌که‌ون. به‌لام داخی‌گرانم کاتێک خۆمان گه‌یانده‌ شوێنی گرمه‌که‌، یه‌کێک له‌و سێ پیشمه‌رگه‌ی پشتی ئێمه‌یان گرتبوو، به‌ ناوی خالید چه‌ند میتر له‌ولای سه‌نگه‌ره‌که‌ ده‌مه‌وڕوو که‌وتبوو. دوو پێشمه‌رگه‌که‌ی هاورێی هێنابوویانه‌ دیوی خاتوون ئه‌ستی و سه‌ری له‌سه‌ر ڕانی یه‌کیان بوو. خالید سه‌ره‌رای ئه‌و برینه‌ قورسه‌ی( هه‌ردوو لاقی په‌ریبوو، یه‌کیان له‌سه‌رووی چۆکی، ئه‌وی دیکه‌یان له‌خوار چۆکی‌یه‌وه‌) دروشمی : بژی کوردستان، بژی پیشمه‌رگه‌ و بژی حیزبی دێموکڕاتی ده‌دا. خالیدم زۆر خۆشده‌ویست، له‌بن سه‌ری دانیشتم و ماچم کرد. له‌بیرمه‌ هه‌تا ده‌راوی کانی‌ئاسمان له‌سه‌ر ده‌ستم بوو.هه‌ر دلخۆشیم ده‌داوه‌. پێشمه‌رگه‌کانی دیکه‌ هه‌موویان ده‌یان ویست هه‌ڵیگرن. خالید خۆشه‌ویستی هه‌مووان بوو. به‌داخه‌وه‌ خالید له‌ده‌راوی کانی‌ئاسمانێ چاوه‌کانی له‌سه‌ر یه‌ک دانان و زمانی بۆ هه‌میشه‌ له‌ گۆ که‌وت. شه‌هید بوونی خالید تامی عه‌مه‌لیاته‌که‌ی لێ تاڵ کردین. هه‌موو مات و بێواز بووین. له‌گه‌ڵ بۆلێڵی ئێوارێ گه‌یشتینه‌ گوندی مڕانه‌. خالیدمان به‌ خاکی کوردستان سپارد. دوای چه‌ند رۆژ دایکی شه‌هید خالید له‌ کوره‌خانه‌ی‌ڕا گه‌ڕاوه‌. کاتێک دایکی شه‌هید خالید هات، ئێمه‌ له‌ هه‌واری‌مێرێ له‌ سه‌رووی مڕانه‌ و له‌ بناری بۆگه‌نیوه‌ی بووین. خۆمان گه‌یاند لای‌و له‌گه‌ڵی چووین بۆ سه‌ر گلکۆی شه‌هید خالید. به‌دیتنی گڵکۆکه‌ یه‌که‌م پرسیاری ئه‌وه‌ بوو: ئه‌و قه‌بره‌ بۆ ئه‌وه‌نده‌ کورته‌، خۆ خالیدی من که‌ڵه‌گه‌ت بوو؟ پاش ئه‌وه‌ی کوڵی دڵی خۆی رشت، هێدی هێدی رووداوه‌که‌مان بۆ گێڕاوه‌. کاتێک ویستی بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ لای بنه‌ماڵه‌که‌ی، ده‌سته‌کانی به‌ره‌و ئاسمان هه‌ڵێنان و کوتی خودایه‌ ئه‌و پیشمه‌رگانه‌ به‌تۆ ده‌سپیرم، ئه‌وانه‌ هه‌موویان خالیدی منن. تاوێک دوای ئه‌م قسه‌یه‌ی جێبه‌که‌ی له‌ ته‌پ‌وتۆزی رێگادا وون بوو، ئێمه‌ش به‌ره‌و هه‌واری مێرێ هه‌ڵگه‌ڕاین.که‌ماڵ    

 


,22:43 , 2008/10/9 ,
بۆچوونه‌کان ( 1 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

مەهاباد لەژێر بارانی ئاگردا

خەزاڵ

 

مانگی خه‌رمانانی ساڵی 1358ی هه‌تاویی بوو. چه‌ند رۆژێک بوو بۆ سه‌ردانی خزمان چووبومه‌ شاری بۆکان. ئه‌و شاره‌ وه‌ک زۆربه‌ی شاره‌کانی دیکه‌ی کوردستان له‌ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ و هیزه‌ سیاسییه‌کانی کوردستان‌دا بوو.به‌یانییه‌کی زوو له‌ كارێژی(گه‌راج) مه‌هاباد له‌ بۆکان تووشی هاواڵێکی گه‌ڕه‌کی خۆمان به‌ ناوی مه‌حمود محاڵی بووم. پاش چاک و چۆنی،هێشتا به‌خیرهاتنیم ته‌واو نه‌کردبوو، کوتی ئه‌وه‌ لێره‌ چ ده‌که‌ی؟ کوتم بۆ؟ کوتی گولله‌ خۆمپاره‌ له‌ حه‌ساری ئێوه‌ که‌وتووه‌ و بابت شه‌هید بووه‌! حه‌په‌سابووم،نه‌م ده‌زانی چ بکه‌م، ته‌نیا توانیم سواری مینی‌بووسێک بم که‌ به‌ره‌و ئاوایی بورهان ده‌چوو.نازانم ئه‌و رێگایه‌ که‌ی ته‌واو بوو وچۆن گه‌یشتمێ. له‌ بورهان سواری جیبێک بووم و هه‌تا ئاوایی دۆستاڵی به‌و جیبه‌ی چووم. له‌ دۆستاڵی را به‌ پێیان به‌ره‌و به‌سری و له‌وێشه‌وه‌ به‌ره‌و ئاوایی سه‌ید‌ئاوا به‌رووکاری مه‌هاباد دا داگه‌ڕام. برنوویه‌کی درێژی دارشوشه‌ی ره‌قه‌م حه‌فده‌م پێ بوو. له‌به‌ر ئاوایی سه‌یدئاوا تووشی ژنێک و دوو منداڵ بوووم. هه‌روا به‌ده‌م رێگاوه‌ ده‌نگ و باسی شارم لێ پرسی و کوتی ماوی سێ رۆژه‌ له‌ ماڵ وه‌ده‌رکه‌وتووم و چووبووم به‌ دوای هێوه‌ره‌که‌مدا که‌ بێت و مێرده‌که‌م له‌شار به‌رێته‌ده‌رێ، پاشان به‌ده‌م هه‌ناسه‌یه‌کی قووڵه‌وه‌ کوتی به‌ناشکوری نه‌بێ ئه‌ویش خۆی لێ به‌ساحێب نه‌کردین.یه‌کێک له‌ منداڵه‌کان کیژۆڵه‌یه‌کی چوار، پێنج سالان ده‌بوو و به‌ پێی خۆی ورده‌ورده‌ له‌ پێش ئێمه‌وه‌ ده‌رۆیشت. منداڵه‌که‌ی دیکه‌ به‌ باوه‌شی دایکییه‌وه‌ بوو. کاتێک گه‌یشتینه‌ لێواری چۆمی ''یه‌رغوو'' له‌ نیزیک پێچه‌که‌ی رێگای لاچینێ، هه‌ستم کرد ژنه‌که‌ ماندوو بووه‌. داوام لێکرد منداڵه‌که‌یم بداتێ ئه‌من بۆی هه‌ڵگرم، کوتی بابه‌که‌م ئاخر ئه‌تۆ ئه‌و هه‌موو تفه‌نگ و فیشه‌کدان و شته‌ت پێیه‌ و بۆخۆشت ده‌ڵێی له‌ دۆستاڵی را به‌ پێ‌یان هاتووی، ماندووی و نابێ. کوتم دایکه‌که‌م  ئه‌من ماندوو نیم و منداڵه‌که‌ی دایه‌ ده‌ستم. ئه‌منیش تفه‌نگه‌که‌م له‌ شانی راسته‌م هێناخوار و به‌ لاشانی چه‌په‌م دا سه‌راوبن شۆڕم کرده‌وه‌ و منداڵه‌که‌م به‌سه‌ر شانی راسته‌م‌دادا. کاتێک گه‌یشتینه‌ راسته‌ رێیه‌که‌ و به‌ره‌و ناو شاری مه‌هاباد ده‌چووین، دیتمان سه‌ر گرده‌گڕویی پشت ته‌په‌ی قازی ئه‌رته‌شی لێیه‌و ته‌قه‌ش ده‌که‌ن. سه‌ر شاخی داشامه‌جیدیش پایه‌گای هێزه‌داگیرکه‌ره‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لێبوو و له‌وێڕا به‌ کالیبر 50 و دۆشکه‌ و تۆپ و خۆمپاره‌ له‌ شاریان ده‌دا. به‌ ده‌نگی ته‌قه‌کان کیژۆڵه‌که‌ ترسا و ده‌ستی به‌ داوێنی کراسی دایکی گرت و له‌ په‌نا ویی ده‌ڕۆیشت و به‌ده‌نگی هه‌ر ته‌قه‌یه‌ک وێکده‌هات و به‌ چاوه‌ نیگه‌رانه‌کانی ده‌یڕوانییه‌ ده‌وروبه‌ری رێگاکه‌. گه‌یشتینه‌ حاندی دارچناره‌کانی پیش'' مه‌هدی کودک'' باخچه‌ی ساوایان و ده‌ماندیت کچ و کوڕی جحێڵ هه‌رکه‌س په‌ڕۆیه‌کی سپی له‌ باسکی هالاندووه‌ و یارمه‌تی بریندار و لێقه‌وماوان ده‌ده‌ن. هۆشمان هه‌ر له‌و پۆله‌ خه‌ڵکه‌ بوو که‌ له‌ په‌نا دیواری کوچه‌وکۆڵانه‌کاندا به‌ ماته‌ماته‌ و خۆ کووڕکردنه‌وه‌ و جاروبار بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ شه‌قامه‌کان تیژ تێده‌په‌ڕین. له‌ناکاو ده‌نگی ره‌گبارێکی قه‌ناسه‌ و هازه‌ی گولله‌کان به‌سه‌ر سه‌ری ئێمه‌دا هات. کچه‌ چکۆله‌که‌ له‌ترسان زریکاندی و به‌ره‌رو پێشه‌وه‌ رایکرد. دایکی هاواری کرد، شادی گیان هه‌ڵمه‌یه‌ هیچ نیه‌. تازه‌ زانیم ئه‌و کیژه‌ بچکۆله‌ خوێن‌شیرنه‌ ناوی شادی‌یه‌. شادی به‌ بیستنی ده‌نگی چه‌ند ته‌قه‌یه‌کی دیکه‌، خێراتر غاری‌دا و یه‌ک به‌خۆشی ده‌یزریکاند. دایکی له‌تاوان باوی هه‌نگاوه‌کانی خوشتر کرد تا بگاته‌ شادی و هێوڕی کاته‌وه‌. هێشتا چه‌ند هه‌نگاوێکی مابوو ده‌ستی بگاته‌ ده‌ستی شادی، ده‌نگی ره‌گبارێکی کورت هات. دایکی شادی هه‌ر هه‌ڵده‌هات به‌ڵام ئه‌مجار هه‌نگاوه‌کانی وه‌ک پێشوو نه‌ده‌هاویشت و لاتره‌ی ده‌به‌ست. دوای چه‌ند هه‌نگاوێک ئه‌ژنۆکانی نیشتنه‌وه‌و که‌وته‌ سه‌ر زه‌ویی. ئه‌من سه‌ره‌تا وام زانی هه‌ڵه‌نگووتوه‌. به‌غار خۆم گه‌یانده‌ لای. شادی قامکه‌ گه‌وره‌ی دایکی گرتبوو ده‌یکووت دایه‌ هه‌سته‌ با هه‌ڵێین. ئه‌منیش بن پیلی دایکی شادیم گرت که‌ هه‌ڵی هه‌ستێنمه‌وه‌، دیتم که‌له‌که‌ی لای چه‌په‌ی خوێنی لێ‌ده‌چۆڕێ، زانیم ئه‌و ره‌گباره‌ کورته‌ دایکی شادی پێکاوه‌. خه‌ڵکی نێوشار که‌ شاهیدی ئه‌و دیمه‌نه‌ بوون به‌ ده‌ست راوه‌شاندن و هه‌را کردن بانگیان ده‌کردین که‌ به‌ره‌و ئه‌وان بڕۆین. مه‌ودایه‌کی 200 میتری‌مان مابوو بگه‌ینه‌ سه‌ری کوچه‌کان و له‌ سێره‌ی پایه‌گای گرده‌گروێ و داشامه‌جید‌دا نه‌مێنین. که‌س نه‌یده‌وێرا بێت بۆلامان. دایکی شادی‌م هه‌ڵێنا و ده‌ستیم خسته‌ سه‌ر شانم و منداڵه‌ بچکۆله‌که‌م به‌شانی تفه‌نگه‌که‌م گرت و له‌راستیدا دایکی شادیم راده‌کێشا. شادی له‌پێشه‌وه‌ ده‌رۆیشت و خێرا خێرا ئاوڕی ده‌داوه‌ و بانگی دایکی ده‌کرد. دایه‌...دایه‌. گه‌یشتینه‌ رێک به‌رێکی باخچه‌ی ساوایان'' مهد کودک'' و له‌وێ چه‌ند که‌س له‌وانه‌ی پێیان ده‌کوتن'' ئیمدادگه‌ر'' یارمه‌تیده‌ر به‌ پیرمانه‌وه‌ هاتن. دوانیان کچ بوون و زوو دایکی شادی‌یان لێوه‌رگرتم و درێژیان کرد. کراسه‌که‌یان له‌به‌ردادڕاند. ریخۆڵه‌کانی هاتبوونه‌ده‌ر و دوای دڕاندنی کراسه‌که‌ی زیاتر خزانه‌ خوارێ. گوێم لێ‌بوو یه‌ک له‌ کچه‌کان کووتی ئه‌وه‌ ناژیی. له‌و ماوه‌دا شادی هه‌ر له‌په‌نا دایکی ره‌ق راوه‌ستابوو. دایکی هۆشی نه‌بوو. ئیمدادگه‌ره‌کان لێیان پرسیم ئه‌م ژنه‌ چی تۆیه‌؟ کوتم نایناسم و له‌ به‌ر ماڵی سه‌یداوایه‌ تووشیان بووم. به‌ڵام ده‌زانم ماڵیان له‌ کوێ‌یه له‌ رێیه‌ که‌ ده‌هاتین لێم پرسیوه‌ و پێی کوتووم‌. یه‌کیان کوتی ئه‌گه‌ر وایه‌ به‌ مێرد و که‌س‌و کاره‌که‌ی بڵێ بێن بۆ مزگه‌وتی سه‌عدی. ده‌ستی شادیم گرت‌ و کچه‌ چکۆله‌که‌شم له‌ باوه‌ش کرد و به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی ته‌کیه‌ی بابه‌ خه‌لیفه‌ی وه‌ڕێکه‌وتین. له‌ لای مزگه‌وتی سه‌عدی را تا سه‌ر شه‌قامی زه‌ند به‌ بن دیواران‌دا هاتین و مه‌ترسیی گولله‌ی راسته‌وخۆمان له‌سه‌ر نه‌بوو. لای راسته‌ی جله‌کانی من خوێناوی بوون و جار جار به‌ له‌شمه‌وه‌ ده‌نووسان. شادی هه‌ر ئاوڕی ده‌دایه‌وه‌ و ده‌یپرسی دایه‌ که‌نگێ دێ؟ نه‌م ده‌زانی چیی پێبڵێم، هه‌ر ده‌مکوت دایه‌ نه‌خۆشه‌ و دوایه‌ ئه‌گه‌ر چاک بووه‌وه‌ دیته‌وه‌ بۆ لاتان. منداڵه‌ بچکۆله‌که‌ به‌سه‌ر شانمه‌وه‌ خه‌وی لێکه‌وتبوو.به‌ شه‌قامی زه‌نددا به‌ره‌و ده‌رکی ته‌کیه‌ی بابه‌ خه‌لیفه‌ی داگه‌ڕاین. به‌ گورجی به‌ شه‌قامه‌که‌دا په‌ڕینه‌وه‌ و خۆمان له‌ حه‌ساری ته‌کیه‌ی هاویشت. ته‌کیه‌ دوو ده‌رکی هه‌بوو،یه‌کیان به‌سه‌ر شه‌قامی زه‌نددا ده‌کراوه‌ ئه‌وی دیکه‌یان به‌لای کۆڵانی پشته‌وه‌ی‌دا. له‌ شادیـ‌م پرسی لێڕه‌ڕا ماڵه‌ خۆتان پێده‌زانیی؟ به‌ راوه‌شاندنی سه‌ری تێیگه‌یاندم که‌ ماڵه‌ خۆیان پێده‌زانیته‌وه‌. کوتم بڕۆ بابچینه‌ ماڵه‌ ئه‌نگۆ. وه‌پێشم که‌وت، گه‌یشتینه‌ به‌رده‌رگایه‌کی دار. دوانیوه‌ڕۆ بوو. له‌ده‌رگام دا، پاش تاوێک ده‌نگێکی ژنانه‌ له‌ دیوی حه‌سارێ ڕا  پرسی کێیه‌؟ شادی هاواری کرد، داده‌ بیکه‌وه‌. به‌ده‌نگی پێڵاوه‌کانیڕا دیار بوو به‌ په‌له‌ به‌ره‌و ده‌رگا دێت. داره‌که‌ی پشت ده‌رگای کێشاوه‌و ده‌رگا کرایه‌وه‌. کچێکی ته‌مه‌ن شازده‌، حه‌فده‌ ساڵان بوو. به‌ نیگه‌رانییه‌کی زۆره‌وه‌ منداله‌ چکۆله‌که‌ی لێوه‌رگرتم و لێی پرسیم ئه‌دی دایکم کوا؟ نه‌مده‌زانی چیی پێبڵێم. شادی کوتی دایه‌ نه‌خۆشه‌ خوێنی له‌زگی ده‌هات! کیژه‌ جحێڵه‌که‌ دایه‌ پڕمه‌ی گریان و به‌ره‌و قوڵایی حه‌سارێ چوو. به‌دوایدا چوومه‌ ژوری حه‌سارێ و بانگم کرد. ده‌نگێکی لاوازی پیاوانه‌ له‌ بنه‌بانی ژێرزه‌مینێک ڕا پرسی کییه‌؟ زێنه‌ب کچم ئه‌وه‌ کێیه‌؟ چیی ده‌وێ؟ بۆلای ده‌نگه‌که‌ چووم. له‌پێش ده‌رکی ئه‌و ژێرزه‌مینه‌ به‌ بڵیندایی ده‌رکه‌که‌ ته‌لیسه‌ خۆڵ هه‌ڵچنرابوون. که‌لێنێکی ته‌سک له‌مابه‌ینی ده‌رکه‌ی ژێرزه‌مینه‌که‌ و ته‌لیسه‌ خۆڵه‌کان مابۆوه‌. تفه‌نگه‌که‌م له‌شانم هێناخوارێ و چوومه‌ ژوورێ. سڵاوم کرد و وه‌ڵامی سڵاوی دامه‌وه‌. پێم کوت مامه‌ گیان ئه‌من له‌ نیزیک ئاوایی سه‌ید‌ئاوا تووشی خێزانت و ئه‌و دوو منداڵه‌بووم. باقی رووداوه‌که‌م چۆن رووی‌دابوو بۆ گێڕاوه‌. هه‌ر ده‌یکووت،په‌کوو،په‌کوو، پشتم شکا. ئه‌من به‌و حاڵه‌م چ له‌و منداڵانه‌ بکه‌م؟ به‌ دڵێکی پڕپه‌رۆشه‌وه‌ له‌ ژێرزه‌مینه‌که‌ هاتمه‌ ده‌رێ. له‌ حه‌سارێ کیژه‌که‌ له‌سه‌ر عه‌رزی دانیشتبوو،کچه‌چکۆله‌که‌ی له‌باوه‌ش گرتبوو، شادیش له‌ته‌نیشتییه‌وه‌ سه‌ری وه‌لای که‌له‌که‌ی کردبوو. نه‌م ده‌زانی چ بڵێم، بۆلایان چووم و ده‌ستێکم به‌ سه‌ری شادی‌دا هێنا و ماڵ‌ئاوایم لێکردن.له‌ده‌رکه‌ی هاتمه‌ده‌رێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که‌ باره‌که‌م سووک ببوو، هه‌نگاوی لاقم قورس ببوون ولاقه‌کانم به‌ زه‌حمه‌ت به‌دوامدا ده‌هاتن. بیرم له‌ منداڵه‌ چکۆله‌که‌ ده‌کرده‌وه‌ که‌ چیی به‌سه‌ر دێت؟ شادی چلۆن ئه‌و دیمه‌نه‌ی بریندار بوونی دایکی له‌بیر ده‌کا و  زۆر پرسیاری دیکه‌ش.به‌کۆڵانه‌که‌دا هاتم و خۆم گه‌یانده‌ کوچه‌ی پشت '' بازاڕی روز'' و له‌وێڕا به‌ خێرایی خۆم گه‌یانده‌ گه‌ڕه‌کی'' سه‌ربه‌رداشی '' و به‌وێدا به‌ره‌و ژوور رۆیشتم. بیرم له‌ بابم ده‌کرده‌وه‌ و نه‌م ده‌توانی باوه‌ڕبکه‌م شه‌هید بووه‌ و ده‌مگوت، مه‌حموود جوانی نه‌دیتووه‌ و لێی تێکچووه‌. جار جاریش که‌ دایکی شادی و منداڵه‌کانیم وه‌بیرده‌هاته‌وه‌، کزه‌م له‌جه‌رگی هه‌ڵده‌ستاو دڵم پڕده‌بوو.به‌ده‌م بیروخه‌یاڵانه‌وه‌ گه‌یشتمه‌ لای مزگه‌وتی '' سه‌ید نیزام'' و به‌ کوچه‌که‌ی‌دا هاتمه‌ سه‌ر شه‌قامی ''فه‌ره‌ح'' و به‌ره‌و شه‌قامی ''وه‌ره‌هرامی شه‌رقی'' وه‌ره‌هرامی رۆژهه‌ڵات چووم.له‌ رێک به‌رێکی کوچه‌ی ''مه‌نسووری'' له‌ گه‌ڕه‌کی '' ئه‌رمه‌نییان'' ئامبوڵانسێک له‌ نێوه‌ڕاستی شه‌قامه‌که‌ راوه‌ستابوو. ده‌رکی لای شۆفیره‌که‌ی کرابووه‌وه‌. به‌ پارێزه‌وه‌ لێی چوومه‌ پێش و دیتم شۆفیره‌که‌ی سه‌ری به‌لای ژوری ئامبوڵانسه‌که‌دا سووڕاندووه‌. بانگم کرد وه‌ڵامی نه‌داوه‌. ده‌ستم له‌سه‌ر شانی‌دانا و کوتم کاکه‌ کاکه‌، وه‌ڵام نه‌بوو. هه‌ستم کرد بۆنی ئاسنی ژه‌نگاوی دێت، دیتم به‌رپێی شۆفیره‌که‌ پڕبووه‌ له‌خوێنی مه‌ییو. دیاربوو له‌مێژه‌ شه‌هیدکراوه‌ و خوێنه‌که‌ی مه‌یوه‌. به‌جێم هێشت و به‌ کووچه‌ی مه‌نسووری‌دا به‌ره‌و ماڵه‌ خۆمان له‌ لای مه‌یدانی حه‌سه‌نزاده‌ و رووبه‌ڕووی ماڵه‌ ''خات نارنجێ'' وه‌رێ که‌وتم. له‌سه‌ر کووچه‌ی خۆمان که‌لاوه‌یه‌کی لێبوو، گوێم هه‌ڵخست، قروسکه‌ی سه‌گێک ده‌هات. به‌پێش که‌لاوه‌که‌ی‌دا تێپه‌ڕیم و چوومه‌ نێو کووچه‌ی خۆمان . له‌ حه‌ساری خۆمان چرای هیچ‌کام له‌ ماڵه‌کان نه‌داییسا. ئێمه‌ له‌و حه‌ساره‌ی‌دا چوارماڵ بووین. شوشه‌ی په‌نجه‌ره‌کان زۆربه‌یان شکابوون. له‌ حه‌سارێ دوو قووڵکه‌ی گه‌وره‌ دروست ببوو.ترومپای حه‌سارێ له‌ جێی خۆی بوو. گوڵه‌کانی باخچه‌ی هه‌ڵپه‌رتوابوون. دوو لقی گه‌وره‌ی داره‌ بوزه‌که‌ی حه‌سارێ شکابوون به‌ڵام لێ نه‌ببوونه‌وه‌و به‌سه‌ر باخچه‌که‌دا شۆڕببوونه‌وه‌.به‌ره‌و ژێرزه‌مینی ماڵه‌ کاک محه‌مه‌د سه‌قزی جیرانمان چووم. له‌به‌ر ده‌رکی ئه‌و ژێرزه‌مینه‌ش ته‌لیسه‌ خۆڵ له‌سه‌ریه‌ک هه‌ڵچندرابوون. تروسکاییه‌کی که‌م هێزم لێ وه‌دیار که‌وت. چوومه‌ ژورێ. سڵاوم کرد و یه‌کراست چاوم به‌ دایکم که‌وت. کز،خه‌مبار و دۆشداماو له‌ سه‌رووی ژێرزه‌مینه‌که‌ دانیشتبوو. که‌ چاوی به‌ من که‌وت یه‌ک پێ هه‌ستاو له‌ ئامێزی گرتم. ئه‌ولاولای ماچ کردم و پرسی که‌نگێ هاتویه‌وه‌؟ کوتم ئه‌وڕۆ هاتوومه‌وه‌. لێم پرسی بابم له‌ کوێ‌یه‌؟ کوتی جارێ دانیشه‌ ئێستا ئه‌ویش دێته‌وه‌. سوکناییه‌کم هاتێ. کوتم بۆکوێ چووه‌؟ هه‌ستم کرد ده‌یهه‌وێ شتێکم لێ بشارێته‌وه‌. کوتم دایه‌ پێم بڵێ، خه‌ڵک پێیان کوتووم. راسته‌؟ کوتی نه‌به‌خودای رۆڵه‌ هه‌ر بڕێک ده‌ستی بریندار بووه‌. له‌ چاوه‌کانیدا ده‌مویست راستیی قسه‌که‌ی بدۆزمه‌وه‌. له‌ دڵه‌ خۆمدا ده‌مکوت یاخوا وابێ و هه‌ر بریندار بوبێت و شه‌هید نه‌بوبێ. ئێستا ئیدی برێک هێوڕ ببومه‌وه‌.  دره‌نگانی ئێوارێ بوو.روانیمه‌ ئه‌ولاو لای ژێرزه‌مینه‌که‌، دیتم کاک محه‌مه‌د سه‌قزی چاوێکی داپۆشراوه‌و ده‌م وچاوی ئه‌ستوور بووه‌ و به‌رچاوی شین بووه‌ته‌وه‌. له‌ولاتره‌وه‌ فه‌وزییه‌ خانمی خێزانی لاقێکی درێژکردووه‌ و له‌ لای به‌له‌کی برینێکیان بۆ پیچابوو. هه‌واڵیانم پرسی و ئه‌وانیش وه‌ڵامیان دامه‌وه‌و تێگه‌یشتم که‌ کاک محه‌مه‌د چاوێکی کوێر بووه‌. سه‌ره‌ڕای برینداریی خۆیان، دڵخۆشی منیان داوه‌و کوتیان باوکت چه‌ند رۆژ له‌وه‌پێش هه‌ر به‌و گولله‌ خۆمپاره‌ی ئێمه‌ی بریندار کردووه‌، بریندار بووه‌ و ئه‌ویان به‌ ئامبوڵانس بردووه‌ته‌  نه‌خۆشخانه‌.‌ له‌ دایکمم پرسی دوای بریندار بوونی بابم هیچ خه‌به‌رت لێی نیه‌؟ کوتی نا رۆڵه‌ گیان خۆ به‌رۆژ له‌به‌ر ته‌قه‌ و تۆپ باران که‌س ناوێرێ له‌ ماڵ بێته‌ده‌رێ.کاتژمێر 8‌ ی شه‌و بوو. به‌ دایکمم کوت ده‌چمه‌ نه‌خۆش‌خانه‌ و بابم ده‌بینمه‌وه‌ و ئاگادارت ده‌که‌مه‌وه‌. دایکم هه‌ر ده‌یکوت ئاگات له‌ خۆت بی رۆڵه‌ گیان. له‌گه‌ڵ کێ ده‌چی؟ کێت له‌گه‌ڵه‌؟ بۆ ئه‌وه‌ی تووشی دڵه‌راوکێ نه‌بێ، کوتم له‌ گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌کان ده‌چم. له‌ ژێرزه‌مینه‌که‌ هاتمه‌ده‌رێ و له‌ حه‌سارێ تێر چاوم له‌ باخچه‌که‌و ماڵه‌کان کرد، ده‌تکوت تازه‌ نایان بینمه‌وه‌، هه‌موو لایه‌کیم پێ جوان و خۆش بوو. شتی‌‌وا سه‌رنجی راده‌کێشام که‌ تا ئه‌وکات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حه‌وت هه‌شت ساڵ ده‌بوو له‌و ماڵ و حه‌ساره‌ی دابوین، قه‌ت وه‌به‌ر چاوم نه‌هاتبوون. له‌ ده‌رکی حه‌سارێ چوومه‌ ده‌رێ، به‌ په‌نا که‌لاوه‌که‌یدا تیژ تێپه‌ڕیم. گه‌یشتمه‌ شه‌قامی ''وه‌ره‌هرامی‌شه‌رقی'' ئامبوڵانسه‌که‌ هه‌ر له‌وێ بوو. نه‌مزانی شۆفیره‌که‌ی هه‌ر تێدایه‌ یان نا، به‌ په‌له‌ بووم ده‌بوو خۆم بگه‌یه‌نمه‌ نه‌خۆش‌خانه‌ی شار که‌ له‌ نیزیک'' باغی پیشاهه‌نگی'' هه‌ڵکه‌وتبوو. به‌ره‌و چواررێی ‌ئازادیی وه‌رێکه‌وتم. له‌وێوه‌ به‌ شه‌قامی '' شاپور'' دا به‌ره‌و شاره‌داری رۆیشتمه‌ خوارێ. دیمه‌نی شار زۆر سه‌یر گۆڕابوو. ده‌توانم بڵێم که‌م ماڵ مابوو شوشه‌ی  ساغی له‌ په‌نجه‌ره‌ی‌دامابێ. له‌سه‌ر شه‌قام‌و پیاده‌ره‌وه‌کان شوشه‌ی شکاو و قاپۆڕه‌فیشه‌ک و له‌تکی گولله‌ تۆپ و خۆمپاره‌ عه‌رزی داپۆشیبوو. داره‌کانی قه‌راغ شه‌قامی شاپور زۆربه‌یان لق و پۆپه‌کانیان شکابوون. له‌بن هێندێک له‌ داره‌کان خوێن مه‌یبوو، پشیله‌و سه‌گه‌به‌ڕه‌ڵای برسی ده‌میان تێنابوون. ئه‌و شه‌قامه‌ که‌ سه‌رده‌مێک زۆر جوان و بۆن خۆش بوو، ته‌نیا بۆنی خوێن و دوکه‌ڵ و باڕووتی لێده‌هات. گه‌یشتمه‌ رێک به‌رێکی '' که‌وشی میللی'' و هه‌ورازی سینه‌ما '' ئومید''. زرێپۆشێک تێکشکابوو و سه‌ری له‌ ده‌رکی قه‌یسه‌ریان رۆکردبوو. به‌هه‌ورازی پێش سینه‌ما ئومیددا به‌ره‌و ''دوخانیات'' وه‌سه‌رکه‌وتم. ئه‌و رێگایه‌ نێوبڕ بوو. به‌ کوچه‌ی هوتێلی  ''جام‌جهان‌نما''ی سه‌ید مه‌جیدی‌دا داگه‌ڕامه‌خوارێ بۆ سه‌ر شه‌قامی په‌هله‌وی  به‌ پێش مه‌حکه‌مه‌ی پێشه‌وای‌دا تیپه‌ڕیم و پاش ماوه‌یه‌ک گه‌یشتمه‌ ده‌رکی خه‌سته‌خانه‌ی. پێشمه‌رگه‌یه‌ک له‌به‌ر ده‌رکه‌ی بوو. خۆم پێناساند و چوومه‌ حه‌ساری خه‌سته‌خانه‌ی. خه‌سته‌خانه‌ هێنده‌ی خه‌لکی بریندار لێ بوو، ژووره‌کان پڕببوون و ساڵۆنه‌ دوورودرێژه‌کانی پێش ژوره‌کانیش برینداری لێ داندرابوو. برینداره‌کان جلی شین‌وسپی نه‌خۆش‌خانه‌یان له‌به‌ر کرابوو. هه‌روا که‌ به‌ په‌نا برینداراندا ده‌ڕۆیشتم و ده‌مڕوانی، ده‌نگێکی ناسیاو له‌ دواوه‌ بانگی کردم. وه‌رسووڕامه‌وه‌ و بۆلای ده‌نگه‌که‌ چووم. بابم بوو. نه‌مده‌زانی له‌ خۆشیان چ بکه‌م. لێی نیزیک بوومه‌وه‌. ده‌ستی چه‌په‌ی به‌ به‌نێک له‌ ئاسنێکی پشت ته‌خته‌که‌ی هه‌ڵاوه‌سرابوو. لیباسی نه‌خۆشخانه‌ی له‌به‌ر کرابوو. باوه‌شم پێداکرد و پرسیم ئه‌وه‌ چت لێ هاتووه‌؟ وه‌ڵامی پرسیاره‌که‌ی نه‌دامه‌وه‌و لێی پرسیم، بۆ هاتوویه‌وه‌؟ کوتم هه‌واڵی بریندار بوونی تۆم پێگه‌یوه‌ و ئه‌و ڕوو له‌ بۆکان را هاتوومه‌وه‌. پاشان که‌ دڵنیا بوو پیشمه‌رگه‌ هه‌ر له‌ نێو شار ماون، چۆنییه‌تی بریندار بوونه‌که‌ی بۆ گیڕامه‌وه‌. پڕیشکی خۆمپاره‌ی ئێسکی نێوان ئانیشک و شانی ورد کردبوو. ده‌ستیان له‌ گێچ گرتبوو و له‌ دوولاوه‌ کونێکیان له‌ گێچه‌که‌دا هێشتبووه‌وه‌ که‌ له‌وێڕا برینه‌که‌یان ده‌رمان ده‌کرد. پێم کوت که‌ دایکم و منداڵه‌کان ساغ‌وسڵامه‌تن و جێی نیگه‌رانیی نیه‌. کوتی بزانه‌ ناتوانی دایکت بێنی بۆلام. کوتم ئه‌و شه‌و؟ کوتی ئا. کوتم به‌ چاوان و له‌ خه‌سته‌خانه‌ هاتمه‌ده‌رێ.به‌ پێشمه‌رگه‌که‌ی به‌ر ده‌رکه‌م گوت ده‌چم دایکم دێنم بۆلای بابم. پرسی ماڵتان له‌ کوێ‌یه‌؟ کوتم له‌ گه‌ڕه‌کی ئه‌رمه‌نیانه‌. کوتی ده‌بێ په‌له‌ی بکه‌ی ره‌نگه‌ سبه‌ینێ ئه‌رته‌ش بێته‌ ناو شار. کوتم زوو دێمه‌وه‌. وه‌ڕێ که‌وتم. هه‌ر به‌رێگاکه‌ی خۆمدا گه‌ڕامه‌وه‌ هه‌تا لای مه‌یدانی مه‌نگوڕان.له‌وێڕا به‌ کوچه‌ی ناڵبه‌ندان‌دا چوومه‌سه‌ر و له‌ شه‌قامی وه‌ره‌هرامی‌شه‌رقی هاتمه‌وه‌ده‌ر. له‌ حه‌سارێ هێشتا نه‌گه‌یشتبوومه‌ به‌رده‌رکی ژێرزه‌مینه‌که‌ی، له‌ دارێکی هه‌ڵه‌نگووتم. دایکم که‌ هه‌ر نه‌نووستبوو، بانگی کردم. کوتم دایه‌ گیان نه‌نووستووی؟ کوتی جاکوا ده‌کرێ ئاگاداربم‌ له‌و‌ ته‌قه‌و هه‌رایه‌دا ئه‌تۆ له‌ ناو شاربیی و ئه‌من بنووم؟ کوتم دایه‌ گیان بابم ده‌یکوت بێت بۆلام. کوتی ئێستا دێم. سه‌رێکی ژێرزه‌مینه‌که‌ی داو کوتی خوشکه‌کانت نووستوون. بابڕۆین. دایکم گه‌یانده‌ خه‌سته‌خانه‌ لای بابم. تاوێکیان له‌ لابووم . دایکم به‌ په‌ڕۆی ته‌ڕ ده‌ست ولاقی بابمی خاوێن کرده‌وه‌. ماوه‌یه‌ک قسه‌مان کرد، پاشان بابم ئیزنی داین و له‌گه‌ڵ دایکم دیسان به‌ره‌و ماڵه‌وه‌ وه‌رێ که‌وتینه‌وه‌. کاتژمێر یه‌ک ونیوی شه‌و گه‌یشتینه‌وه‌ ماڵێ. دایکم چه‌ند بابۆڵه‌یه‌کی بۆ ساز کردم و به‌رێی کردم. به‌ کوچه‌کانی گه‌ره‌کی ئه‌رمه‌نیاندا به‌ره‌و گه‌ڕه‌کی مه‌یدانی حه‌یوانان وه‌ڕێ که‌وتم. له‌ کووچه‌ی ماڵه‌ ماملێ را په‌ڕیمه‌وه‌ لای قه‌نادیی(شیرنی‌خانه‌ی) سه‌کری. له‌وێڕا به‌ره‌و مه‌یدانی حه‌یوانان و له‌وێشه‌وه‌ بۆ لای گۆڕستانی شار و له‌وێشڕا به‌ره‌و ئاوایی پشته‌پ. گه‌یشتمه‌ لای به‌رده‌ سپیان سیوادی رۆژێ هه‌ڵیدابوو.

که‌ماڵ

 

 


,01:35 , 2008/9/4 ,
بۆچوونه‌کان ( 2 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

دایە‌گیان تۆ تەنیا هەناسەیەک لەمن دووری

 

  رۆژی 8 ی مانگی یه‌کی 2008 ی زایینی،رۆژێکی بارانی و ته‌ڕوتووش بوو. هه‌رچه‌ند لێره‌ له‌ وڵاتی سوئێد زۆربه‌ی رۆژه‌کان هه‌روان و رۆژی تاو وساو زۆر که‌من. کاتژمێر 10 ی به‌یانی ئه‌و رۆژه‌ له‌لای دوکتور وه‌ختم هه‌بوو. هیشتا له‌لای دوکتور کاره‌که‌م ته‌واو نه‌ببوو،ته‌له‌فۆنه‌که‌م زه‌نگی لێدا. نه‌متوانی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه‌. کاتێک له‌ لای دوکتور هاتمه‌ده‌ر،چاوم له‌ ته‌له‌فۆنه‌که‌م کرد، ژوماره‌یه‌کی نه‌ناسراو بوو.ته‌له‌فۆنێکم بۆ خیزانم کرد و لێم پرسی له‌ بازاڕ هیچمان ناوێ؟ له‌وه‌ڵامدا کوتی نا زوو وه‌ره‌وه‌ ماڵێ! پرسیم بۆ چی بووه‌؟ کوتی خزمه‌کانی دایکی بێری ته‌له‌فۆنیان کردووه‌ و کوتویانه‌ دایکی بێری له‌ نه‌خۆشخانه‌یه‌‌ و دوکتوره‌کان ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتیان ماوه‌ بۆ داناوه‌و پییان وایه دوای ئه‌و چه‌ند سه‌عاته‌‌ ده‌مرێ!

 کوتم ئه‌گه‌ر وایه‌ خۆت سازکه‌ دێم به‌دواتدا ده‌چین بۆ لای. کاتژمێر 12 ی نیوه‌رۆیه‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی دایکی بێری لێ بوو. له‌ شوێنی راگرتنی ماشێنه‌که‌مان‌ڕا تا ده‌رکی نه‌خۆشخانه‌، باران خووساندینی. کاتێک چووینه‌ ژوره‌که‌ی خزم‌وکه‌س‌وکاری له‌وێ بوون. بێری له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژوره‌ی دایکی تێدابوو، سه‌ری وه‌سه‌ر ڕانی خاڵۆژنی کردبوو، راکشابوو. ده‌ستێکم به‌ پرچه‌کانیدا هێنا و ماچم کرد. له‌باوه‌شی کردم و فرمێسک چزانه‌ چاوه‌کانی. دلخۆشیم داوه‌، به‌لام لێم حاڵی نه‌ده‌بوو.دیاره‌ تاوانی ویی نه‌بوو،بێری ته‌نیا 10 به‌هاری له‌ته‌مه‌نی تێپه‌ڕیبوو. چوومه‌ ئه‌و ژوره‌ی دایکی بێری لێی که‌وتبوو، ژورێکی هێندێک تاریک و به‌رته‌سک بوو. دایک و براو وخوشک و برازاو خوشکه‌زاکانی ده‌وری ته‌خته‌که‌یان دابوو. سلاوم لێکردن و چوومه‌ ژوورسه‌ری دایکی بێری. هه‌ناسه‌کانی به‌زه‌حمه‌ت و دره‌نگ دره‌نگ ده‌هاتن. دواندم،ده‌سته‌کانی هێشتا تینیان تێدا مابوو. ره‌نگی له‌شی زه‌رد وه‌ک هه‌ویری زه‌رده‌ چێوه‌ پێداکراوی لێهاتبوو.

له‌گه‌ڵ خێزانم له‌په‌نا یه‌کتر راوه‌ستاین و ده‌ماندیت چلۆن گه‌رمایی ژین هێدی هێدی سه‌ره‌قامکه‌کانی جێدێڵن و به‌ره‌و ژوور هه‌ڵده‌کشن. زۆری پێنه‌چوو، جیاوازی ویی له‌گه‌ڵ مردووان ته‌نیا ئه‌و هه‌ناسانه‌ بوون که‌ جار جار و به‌ مه‌ودای زۆرو به‌ زه‌حمه‌ت هه‌ڵیده‌مژین و ده‌یدانه‌وه‌ده‌رێ. کاتژمێر 14،20 پاش نیوه‌ڕۆ، سیه‌کانی چیدی هه‌وایان هه‌ڵنه‌مژت و ده‌نگی هه‌ناسه‌کانی کپ و بیده‌نگ بوون. له‌راستیدا ئه‌و دوای مردنی هێمنی به‌خۆیه‌وه‌ بینی و کێوی غه‌م و په‌ژاره‌ی له‌سه‌ر شانی لاچوو.

هه‌روه‌ک له‌وڵاتانی ئوروپایی باوه‌، مردوو خێرا له‌بن گڵ نانێن و چه‌ند رۆژێک ده‌کێشێ تا بۆ ناشتن حازری ده‌که‌ن. رێک حه‌وت رۆژ دوای مردنی واته‌ 15ی ژانویه‌ ئاگاداریان کردینه‌وه‌ که‌ ده‌ینێژن. ئه‌من و خێزانم و یه‌ک دوو ناسیاو چووین بۆ ریوره‌سمی ناشتنه‌که‌ی. ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ک زۆر رۆژی دیکه‌ی وڵاتی سوئێد، هه‌ور ئاسمانی داپۆشیبوو، جێ جێ ته‌نک و جێ جێ چڕوپڕ. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک ئاپۆرای شوێنێکیان دابوو. گۆڕێکی تازه‌ هه‌ڵقه‌ندراو له‌ نێوه‌ڕاستی خه‌ڵکه‌که‌ بوو. دوای ئه‌وه‌ی که‌سه‌ نیزیکه‌کانی له‌  (kapell) ( جێگای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تابووت و خوێندنه‌وه‌ی خۆزگه‌و ئاوات و ژیاننامه‌ و  هه‌روه‌ها ئه‌و مۆسیقایه‌ی مردووه‌که‌ به‌زیندوویی پێی خۆش بووه و گوێی داوه‌تێ‌) ڕا ده‌سکی تابووته‌که‌یان گرت و به‌ره‌و دوا مزڵ هێنایان، له‌سه‌ره‌خۆ و به‌ وچان له‌ژێر چاوه‌دێری مجێوری کلیساکه‌، به‌ره‌و ناخی گۆڕه‌که‌ رۆیانهێشته‌ خوارێ. که‌س وکاره‌ نیزیکه‌کانی هه‌ر یه‌که‌و مسته‌ خۆڵێک و چه‌پکه‌ گوڵێکیان هاویشته‌ سه‌ر تابووته‌که‌ی. بێری ده‌ستێکی له‌ ده‌ستی مندا و به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی چه‌پکه‌ گوڵه‌که‌ی هاویشته‌ سه‌ر تابووتی دایکی. کوتم رۆڵه‌ مستێکی خۆڵ به‌سه‌ر تابووته‌که‌یدا ناکه‌ی؟ کوتی نا پیس ده‌بێ. ئه‌و له‌ دنیای خۆیدا جۆرێکی دیکه‌ی بیر ده‌کرده‌وه‌و پێیوابوو دایکی به‌ره‌و سه‌فه‌رێکی خۆش و دورودرێژ چووه‌. له‌به‌ر وه‌ی حه‌وتوویه‌ک بوو له‌ ماڵه‌ دایکی شین و گریان بوو لێم پرسی: پێت خۆشه‌ بڕۆینه‌وه‌ لای خۆمان و له‌وێ بڕێک هێوڕ بییه‌وه‌؟ کوتی نا ئه‌و شه‌ویش پێم خۆشه‌ له‌لای نه‌نکم و پوورم بم. کوتم باشه‌ و له‌گه‌ڵ که‌س و کاره‌که‌ی ماڵ ئاوایمان لێک خواست و هاتمه‌وه‌ ماڵێ. روخساری بێری‌م له‌به‌ر چاوان وون نه‌ده‌بوو. زۆرم پێخۆش بوو بزانم له‌ مێشکی دا چۆن و بیر له‌ چی ده‌کاته‌وه‌. ده‌ڵێن گڵ مه‌یل بڕه‌، زۆری پێنه‌چوو ئاگاداریان کردین و کوتیان سبه‌ینێ چله‌ی دایکی بێری‌یه‌. له‌گه‌ڵ بێری وه‌ڕێ که‌وتین، بێری لقێکی گوڵی رۆزی سپی بۆ دایکی کڕیی و به‌ره‌و‌ گۆڕستان وه‌ڕێ که‌وتین. قه‌بره‌که‌یمان زوو دیته‌وه‌. قه‌برێکی ساکار، دارێکی ژماره‌ لێدراو و ریزێک به‌ردی خڕی سپی به‌ده‌وری قه‌بره‌که‌یدا و چه‌ند لقه‌ گوڵ له‌سه‌ر گلکۆکه‌ی بوو. له‌ په‌نا دارێکی نیزیک گۆڕه‌که‌ راوه‌ستام و له‌بێری ڕامام تا بزانم چ‌ده‌کا؟ زۆر له‌سه‌ره‌خۆ سڵاوی له‌ دایکی کرد، گوڵه‌که‌ی له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی داناو ده‌ستی به‌ کێله‌که‌ی گرت و کوتی : دایه گیان‌ ئه‌تۆ ته‌نیا هه‌ناسه‌یه‌ک له‌من دووری!

 

 


,01:23 , 2008/3/7 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

کۆچی‌دوایی کوێخا عومەری گامێشانێ

 

  هاوینی ساڵی 1362ی هه‌تاویی بوو. له‌گه‌ڵ چوار پێشمه‌رگه‌ی هاورێم به‌ ناوه‌کانی، بازید نه‌به‌ردی، وه‌ستائه‌کره‌م،ئه‌بووبه‌کری حوسێن‌پوور(عه‌بووی کانی سێوێ) و کاوه‌یس(عه‌زیز) له‌ ئاوایی '' باراوا'' ی نیزیک '' کانی سێو'' ی گه‌ورکان، بۆ کارێکی حیزبی ده‌چووین بۆ ئاوایی '' گرشیلان''. له‌ پشت ئاوایی باراوا را تیره‌شانێکی مه‌یله‌و رژد ده‌ست پێده‌کات و له‌کۆتایی‌دا له‌گه‌ڵ باسکی'' ماین‌خواره‌ی'' تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه‌ و تا ده‌گه‌یه‌ پشت ماڵی'' سوێناسێ'' ئه‌م باسکه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌. ماوه‌یه‌ک پاش وه‌رێکه‌تنه‌که‌مان، گه‌یشتینه‌ سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ی کاتی خۆی حیزب به‌و لابه‌لایه‌ی‌دا لێیدابوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک و بۆخۆی که‌لکی لێوه‌رگرن. رێک به‌رێکی ئاوایی گامێشان و مه‌زرای ماڵه‌ کوێخا‌عومه‌ری گامێشانێ به‌ ناوی مه‌ناڵه‌ چاومان به‌ تاڵکه‌دێمێکی به‌رین که‌وت، نه‌وس تینی بۆ هێناین و به‌ره‌و تاڵکه‌دێمه‌که‌ داگه‌ڕاین. گه‌یشتینه‌ راست به‌ڕاستی'' ئه‌ستێر''ه‌که‌ی. پیاوێکی ده‌سته‌ی ره‌نگ پیاو و وێچوو، پێمه‌ڕه‌یه‌کی ئه‌سپه‌ره‌داری له‌سه‌رشانی دانابوو،روو له‌ ئێمه‌و به‌ره‌و چارداخه‌که‌ی ده‌هات. ئێمه‌ پێش‌ویی گه‌یشتینه‌ به‌رده‌رکه‌ی چارداخێ. هه‌ر یه‌که‌مان دو سێ‌دانه‌ گڕگه‌مان لێکردبووه‌وه‌. مام کوێخاش گه‌یشته‌ لامان و سڵاومان لێکرد و به‌خێری هێناین و فه‌رمووی بن سێبه‌ره‌که‌ی کردین. ئێمه‌ به‌ریز له‌بن سێبه‌ره‌که‌ دانیشتبووین و ئه‌ویش هێندێک له‌ولاوه‌تر دانیشتبوو، تاو له‌ شانێکی ده‌دا. دیار بوو حیزبی باش ده‌ناسی و پرسیاری زۆر به‌رپرسی حیزبی لێکردین و له‌ ئه‌حواڵی پرسین. له‌بن دیواری چارداخه‌که‌ جه‌ره‌یه‌کی سووری پڕله‌ئاو به‌دیواری هه‌ڵپه‌سێرابوو، بنی جه‌ڕه‌که‌ی خۆڵی بن و ده‌وروبه‌ریی خۆی کردبووه‌ قوڕ و پێوه‌ی نووسابوو. جامێکی فافۆنی قوپاویش له‌‌سه‌ر زارکی جه‌ره‌که‌ی رۆنرابوو. هه‌ستام له‌جه‌ره‌ئاوه‌که‌ی نزیک بوومه‌وه‌ و په‌نجه‌ی لاقم وه‌به‌ر بنی جه‌ره‌که‌ی‌دا و قوڵفه‌که‌یم گرت و جامه‌که‌م وه‌به‌ر زارکی جه‌ره‌ی‌دا. جامه‌که‌م تا نیوه‌ی له‌ئاوه‌که‌ی پڕکرد و فه‌رمووی ئه‌وانم کرد و هه‌ڵمقوڕاند. ئه‌و ئاوه‌ ساردوسووکه ماندوویی و گه‌رمای هاوینی بۆ تاوێک له‌بیربردمه‌وه‌. دوای من کاوه‌یس‌یش داوای ئاوی کرد و بۆم تێکرد.هاتمه‌وه‌ جێگای خۆم و مام کوێخا یه‌ک یه‌ک له‌ هه‌ر چوارمانی پرسی کوڕی کێین و خه‌ڵکی کوێین؟ هه‌موومان وه‌ڵاممان داوه‌و بڕێک ده‌من فکری و پرسی کوڕی وه‌ستا ره‌حیمی؟ وه‌ڵامم داوه‌ به‌ڵێ. هه‌ستائه‌ولاولای ماچ کردم و کوتی ئه‌تۆ ده‌زانی خزمی منی؟ کوتم ده‌زانم له‌و ناوچه‌یه‌ی زۆرمان خزم هه‌یه‌ به‌ڵام ئه‌من که‌میان ده‌ناسم. هه‌واڵی خاڵه‌ ساڵه‌ی لێپرسیم و کوتم ئه‌وه‌ له‌ کانی سێوێ‌یه‌. له‌و ماوه‌یدا که‌ ئه‌من و مام کوێخا لێکمان ده‌کۆڵییه‌وه‌ و قسه‌مان ده‌کردن، بازید و عه‌بوو سیغاریان به‌ سیغاری داده‌گیرساند. مام کوێخا رووی له‌من وه‌رگێڕا و رووی له‌وان کرد و کوتی: به‌رخم ئه‌و جۆره‌ی ئیوه‌ سیغاران ده‌کێشن پێموانیه‌ به‌شه‌وانه‌ له‌ کێشکێ بتوانن بێ سیغار هه‌ڵکه‌ن، ئه‌ی ئه‌و ده‌می چده‌که‌ن؟ عه‌بوو کوتی وه‌ڵا مامه‌ ئه‌و کاتیش هه‌ر ده‌کیشین. مام کوێخا کوتی  رؤڵه‌ ده‌زانم ئێستا شوکور وڵات له‌ژێر ده‌ستی حیزب دایه‌ و ولات هێمن و ئه‌مینه‌،به‌ڵام ئێوه‌ پێش‌مه‌رگه‌ن و ده‌بێ هێندێک شت فێر بن که‌ له‌ کاتی ته‌نگانه‌دا به‌کارو دێت. لێمان پرسی وه‌ک چی؟ کوتی ئه‌من زه‌مانی کاک سوله‌یمانی موعێنی و کاک عه‌وڵا و مینه‌شه‌م و مه‌لامه‌حمودی زه‌نگه‌نه‌ زۆرجاران له‌گه‌ڵیان بۆولاولای چووم و ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌ی سیغارکێشیان له‌گه‌ڵ بوون و زۆربه‌ی کاته‌کانیش شه‌وڕۆییان ده‌کرد. ئه‌وکات ژاندارمه‌ له‌وڵاتی هه‌بوون و که‌ڵ به‌مووی به‌ند بوو. پرسیمان ئه‌وان چییان ده‌کرد؟ کوتی بۆ وێنه‌ ئه‌وان قانگه‌‌لاشکێکیان کون ده‌کرد و له‌باری ئه‌ستوونی دوو کون‌یان تێده‌کرد و له‌باری ئاسۆییه‌وه‌ ته‌نیا سه‌ریکیان کون ده‌کرد و سیغاره‌که‌یان به‌ مۆدنه‌یه‌وه‌ ده‌کرد و له‌ کونی قانگه‌‌لاشکه‌که‌یه‌وه‌ ده‌یانکێشا و ئاوری سیغاریان به‌ شه‌و دیار نه‌ده‌بوو. کارێکی دیکه‌ی ئه‌وان ده‌یان کرد ئه‌وه‌بوو قه‌ت قونچکه‌ جغاره‌یان فڕێ نه‌ده‌دا و هه‌میشه‌ له‌بن گڵیان ڕۆده‌کرد بۆ وه‌ی ئه‌گه‌ر دوژمن بێته‌ جێگاکه‌یان نه‌زانێ لێره‌بوون و چه‌ند که‌س بوون. شتێکی دیکه‌ی سرنج‌راکێش که‌ ئه‌وان ده‌یان کرد ئه‌وه‌ بوو ئه‌گه‌ر چه‌ند که‌س بان و به‌ رێگایه‌کدا رۆیشتبان ئه‌وه‌ی له‌دواوه‌ ده‌ڕۆیشت لقه‌دار بییه‌کی ده‌بڕی و به‌دوای خۆیدا رکێشی ده‌کرد و شوێن پێیه‌کانیانی کوێر ده‌کرده‌وه‌. ئه‌وده‌م که‌ مام کوێخا ئه‌و قسانه‌ی بۆ کردین زۆرمان پێ گرینگ نه‌بوون، به‌ڵام کاتێک به‌ره‌به‌ره‌ ناوچه‌کانمان که‌وتنه‌وه‌ به‌ر ده‌ستی دوژمن و هاتووچۆ ته‌نیا به‌شه‌و ده‌کرا قسه‌کانی مام کوێخامان وشه‌به‌وشه‌ وه‌بیر دده‌هاته‌وه‌ و وای لێ‌ڕاهاتبووین ئه‌وانی دیکه‌شمان فێر ده‌کردن و تا پیشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌دا هاتووچۆیان ده‌کرد ئه‌م ده‌رسانه‌ی مام کوێخا فیری کردبووین به‌کرده‌وه‌ جێ‌به‌‌جێمان ده‌کردن. ساڵ تێپه‌ڕین و وای لێهات ئه‌من پاش چه‌ند ساڵ له‌و دیداره‌م له‌گه‌ڵ مام کوێخا له‌ شه‌ڕێکدا بریندار بووم و هاتمه‌ هه‌نده‌ران. زۆری پێنه‌چوو کوڕی خاڵه‌ ساڵه‌شم هاته‌ ئه‌و وڵاته‌ی ئه‌منی لێبووم و پاش چه‌ند ساڵێک کوڕێکی مام کوێخاش که‌ ئه‌ویش پێشمه‌رگه‌ بوو هاته‌ ئێره‌. سروشتییه‌ که‌ هه‌ر سی خزم هاتووچۆمان پێکه‌وه‌ گه‌رمه‌ و ساڵێ چه‌ند جارێک له‌لای یه‌کتر کۆده‌بینه‌وه‌. ئه‌وساڵ کاک ئه‌حمه‌د و کاک ئه‌سعه‌د هاتنه‌ لای من و چه‌ند شه‌و و رۆژ پێکه‌و بووین و له‌ کاتی منداڵی‌ڕا هه‌تا ئێستامان وه‌ورد ده‌داوه‌ و باسی عه‌رش و قورشمان ده‌کرد. شه‌وانه‌ له‌ترسی پرخه‌ی یه‌کتر هه‌ر که‌سه‌مان له‌ قوژبنێک ده‌نووستین و سبه‌ینێکه‌ی یه‌کترمان تاوانبار ده‌کرد که‌ نه‌مان هیشتووه‌ ئه‌وانی دیکه‌ بنوون! رۆژی پێنج شه‌ممه‌ رێکه‌وتی 27 ی مانگی دیسامبری 2007 کاک ئه‌حمه‌د و کاک ئه‌سعه‌د و منداڵه‌کانی دوانیوه‌ڕۆیه‌ ساز بوون تا  به‌ره‌و شاره‌که‌ی خۆیان وه‌ڕێ که‌ون. هه‌تا پارکینگی لای ماشێنه‌که‌یان له‌گه‌ڵیان چووم و به‌ڕێم کردن. هاتمه‌وه‌ ماڵێ، گێژ بووم ده‌تکوت شتێکم لێ وون بووه‌، هه‌ر به‌نێو ماڵێ‌دا ده‌گه‌ڕام و حه‌جمینم نه‌بوو. بڕێکم خۆ له‌گه‌ڵ به‌یانی کچم خافڵاند، ئه‌ویش زۆری پێنه‌چوو خه‌وی لێکه‌وت. به‌یانم به‌جێ هێشت و هاتمه‌ ژوری دانیشتنێ. له‌سه‌ر موبله‌کان دانیشتم و گه‌شتێکم به‌ناو کاناڵه‌ کوردییه‌کاندا لێدا له‌هه‌مووی هه‌ڵخستنه‌وه‌ و قونبادان بوو.ته‌له‌یفونه‌که‌م زه‌نگی لێدا، هه‌ڵمگرت، کاک ئه‌حمه‌د بوو. پاش چاک و خۆشی ته‌نیا یه‌ک رسته‌ی کوت: مام کوێخای بابی ئه‌سعه‌دی کۆچی دوایی کردووه‌. هه‌ردووکمان بێده‌نگ و کاس بووین.ته‌له‌یفونه‌که‌م داناوه‌، خێزانم کوتی ئه‌وه‌ چیه‌؟ چ بووه‌؟ پێموابێ نه‌م توانی حاڵیی که‌م، دیسان لێیپرسیم، کوتم مام کوێخاش به‌جێی هێشتین. له‌ جێی خۆم دانیشتم و چاوم له‌ گۆشه‌یه‌کی ماڵێ بڕی. له‌خۆم ده‌پرسی له‌وه‌ به‌دواوه‌ کێ له‌ مه‌ناڵه‌ی پێشوازی له‌ پێشمه‌رگه‌کان ده‌کا؟ رووحی شاد و که‌س وکاری سڵامه‌ت بن.

 

 


,22:37 , 2008/1/6 ,
بۆچوونه‌کان ( 1 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

کوولەکە

 

 پایزە ، سروشت رەنگی گۆڕاوەو گەڵاکان بەرەنگی زەرد و سوورەوە یەک یەک و پۆل پۆل چڵەپۆپەی دارەکان بەردەدەن وبەدەم هەناسەی باوە بەرەو زەوی لوول دەبن. دیمەنی سروشت لە مانگەکانی ئەم وەرزەدا جوانییەکی بێوێنەی هەیە. ئەم جوانییە لە مانگی ئۆکتۆبردا دەگاتە لووتکە و لەگەڵ ئەوەی هەڵگری پەیامێکی خەفەت هێنەرە، بەڵام جۆراوجۆری رەنگەکان یارمەتیت دەدا زۆر خەفەتبار نەبی و لەجیاتی چوونە ناو قوڵایی ئەم ئاڵوگۆڕەی سروشت، ناچاری بڕوانیە رواڵەتی ئەم دیاردەیە.

یەکێک لەو رووەکانەی له‌  وەرزی پایزدا دێتەبەر و خەڵکی تامەزرۆ پێی شاد دەبن، کوولەکەیە. رەنگی ئەم کوولەکەیە کە زیاتر بە کوولەکەی'' شەقەباغی'' یان '' شاقه‌باغی'' ناسراوه‌، نارنجی‌یه‌. له‌ گونده‌کانی کوردستان، ئه‌وده‌م که‌ ته‌ندوور باو بوو، سه‌ری شه‌وێ کوله‌که‌یه‌کیان له‌ ته‌ندووری دامرکاوه‌ی پاش نانی ده‌نا وتا به‌یانی باش ده‌پیشا و ئه‌مجار ده‌یانشکاند و نێوه‌که‌یان ده‌ردێنا. دیاره‌ تووه‌که‌یان لێ هه‌ڵداوارد و ئه‌وی دیکه‌یان که‌مێک سوور ده‌کردووه‌ و کوله‌که‌ورۆنێکی باشیان پێ لێده‌نا.

پایزی ساڵی 1362ی هه‌تاوی ئه‌و ده‌م دێهاته‌کانی هه‌ردووبه‌ری جاده‌ی سه‌رده‌شت - مه‌هاباد هه‌ر له‌ژێر کۆنتڕۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌دا بوون. خه‌لکی ئه‌م گوندانه‌ وه‌ک هه‌موو ناوچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، رێزوخۆشه‌ویستییه‌کی زۆریان بۆ پێشمه‌رگه‌کان هه‌بوو. رۆژێکی پایزی ئه‌وساڵه‌ له‌گه‌ڵ هاورێیه‌کی پێشمه‌رگه‌م به‌ ناوی '' ئه‌کره‌م'' لای نیوه‌ڕۆیه‌ گه‌یشتینه‌ ئاوایی'' قۆزلوێی گه‌وره‌'' و میوانی ماڵه‌ دۆستێکمان بووین که‌ خزمی هه‌ردوکیشمان بوو.

له‌و ماڵه‌ی ره‌خته‌کانمان دانا و ته‌نیا تفه‌نگ و ده‌راغه‌که‌ی سه‌ریمان له‌گه‌ڵ خۆمان هه‌ڵگرت وچوینه‌ حه‌وزوسه‌راوی ئاوایی و ده‌ست ودموچاومان شوشت و ته‌پ‌وتۆزی رێگامان له‌خۆ ته‌کاند. کاتێک گه‌ڕاینه‌وه‌ ماڵه‌که‌،  سفره‌ راخرابوو و خاوه‌ن ماڵ له‌سه‌ر دۆشه‌گێکی ئه‌ستوور له‌لای سه‌رووی وه‌تاغێ چاوه‌رێی ئێمه‌ بوو. پاش چاک و خۆشی و به‌خێرهێنان، فه‌رمووی سه‌رسفره‌ی کردین و هه‌موو له‌ده‌وری سفره‌ی کۆزیلکه‌مان به‌ست. چێشته‌که‌ کووله‌که‌ی سوورکراوه‌ بوو. به‌ڕاستی کابانی ماڵ ده‌ستره‌نگینی و لێزانی خۆی زۆر به‌جوانی ده‌رخستبوو. کووله‌که‌ ره‌نگی خۆی پاراستبوو و له‌ کاتی پیشاندن و سوور بوونه‌وه‌دا ره‌نگێکی زه‌ردی ره‌گه‌ ره‌گه‌ سووری تێکه‌وتبوو. بۆ ئێمه‌ی برسی و ماندوو ده‌تکوت خۆشترین خواردنی ئه‌م دنیایه‌یان له‌پێش داناوین. چه‌ند نردوو نانی تازه‌ته‌ندوور وگه‌رمیان له‌سه‌ر سفره‌ی بڵاو کردبووه‌وه‌.

زۆر به‌ ئیشتیا پارویه‌کم سازکردو که‌وچکێکی فافۆنم له‌ کووله‌که‌ پڕکرد. خه‌ریک بوو که‌چکه‌که‌ی وه‌ پاروه‌که‌م گێڕم، ده‌نگی ره‌گبارێکی هات. به‌دوای ویدا ده‌نگی چه‌ند ره‌گبارو ته‌کتیر...، گورجێکی پاروه‌ به‌تاڵه‌که‌م داناو تاوم دایه‌ ره‌خت و تفه‌نگه‌که‌م و له‌ گه‌ڵ ئه‌کره‌می وه‌ده‌ر که‌وتین، به‌ده‌م هه‌ڵاتنه‌وه‌ ره‌خته‌کانمان له‌خۆدا و به‌ خڕه‌که‌ی سه‌رووی ماڵاندا به‌ره‌و ئاغاسوور وه‌رێ که‌وتین. بۆ شوێنی ده‌نگی ته‌قه‌کانمان رووانی، دیتمان به‌هه‌ردوو تیره‌گی نێوان '' یاراڵی'' و قۆزلوێ و قۆزلوێ چوکدا گروهی زه‌ربه‌ت که‌ تازه‌ ئه‌حمه‌د ئافانی و ره‌شیدئاغایان ره‌گه‌ڵ که‌وتبوو به‌ باسکه‌کاندا بڵاو ببونه‌وه‌ و به‌ قه‌ولی خۆیان راوه‌ پێشمه‌رگه‌یان ده‌کرد.

گه‌یشتینه‌ به‌نده‌نی شه‌ش رێیانێ و له‌وێ دانیشتین تا ماندوومان بحه‌سێته‌وه‌. نه‌رمه‌بایه‌کی پایزی فێنکی کردینه‌وه‌ و ئاره‌قه‌ی له‌شی لێ ساردکرینه‌وه‌ .جاش و پاسداره‌کان له‌نێودێ لێمان ده‌گه‌ڕان و ئێمه‌ش له‌شه‌ش رێیانێ له‌و باسکانه‌ خۆمان خافڵاند تا سێبه‌ر به‌سه‌ر وڵاتی کشا و هێدی هێدی به‌ره‌و قۆزلوێ داگه‌ڕاینه‌وه‌. دیسان چووینه‌وه‌ ماڵه‌ خانه‌خوێیه‌که‌ی نێوه‌ڕومان، به‌ڵام نه‌ سفره‌ له‌گۆڕێ بوو نه‌ کووله‌که‌ش مابوو. له‌و رۆژه‌وه‌ تا ئێستا هه‌مووساڵێ به‌ ئیشتیای ئه‌ورۆژه‌ی کووله‌که‌ی ده‌کڕم و لێیده‌نێم به‌ڵام نه‌ ئه‌و ره‌نگ و نه‌ئه‌و تامه‌م لێ نه‌چێژتووه‌، دیاره‌ ئه‌ویشم نه‌ چێشت به‌ڵام بۆنه‌که‌یم هه‌ڵمژتبوو. ئیستا که‌ ئه‌وانه‌ ده‌نووسم تازه‌م 8 نان به‌ کووله‌که‌یه‌وه‌ خواردووه‌، به‌ڵام داخه‌که‌م نه‌ ئه‌کره‌مم له‌گه‌ڵه‌ نه له‌ ‌ کوردستانم. ئه‌کره‌م چه‌ندساڵ دواتر له‌ شه‌ڕێکی نێوان پێشمه‌رگه‌کانی حیزب و جاش و پاسداره‌کانی مۆڵگه‌ی مێره‌دێ له‌ ناوچه‌ی .مێرگه‌نه‌خشینه‌و شێخ‌چۆپان له‌شه‌ڕێکی قاره‌مانه‌نه‌دا شه‌هید بوو. رووحی شاد و رێگای پڕرێبوار بێ و بێستانیش کووله‌که‌ی لێ‌نه‌بڕێ. 


,15:57 , 2007/10/31 ,
بۆچوونه‌کان ( 2 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

ئەگەری هێرشی تورکیە بۆ باشووری کوردستان

 

 ماوه‌یه‌که‌ هه‌ڕه‌شه‌کانی حکومه‌تی تورکیه‌ بۆ هێرش کردنه‌ سه‌ر باشووری کوردستان بووه‌ته‌ جێی سرنجی راگه‌یه‌نه‌ره‌گشتییه‌کان. بیانووی رواله‌تیی ئه‌م هه‌ڕه‌شه‌ و ئه‌گه‌ری هێرشه‌، بوونی چه‌کدارانی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ کوێستانه‌کانی قه‌ندیله‌. دیاره‌ ئه‌وه‌ پاساوێکی رواڵه‌تییه‌و تورکه‌کان له‌بوونی پ‌ک‌ک زیاتر وه‌ک به‌هانه‌ که‌لک وه‌رده‌گرن. له‌راستیدا پارتی کرێکارانی کوردستان ساڵی 1982 دامه‌زراوه‌و دوو ساڵ دواتر واته‌ 1984 رێکخراوی ناوبراو پلانی جوڵانه‌وه‌یه‌کی چه‌کداریی لە باکووری کوردستان دارشت و له‌و ده‌می ڕا تا ئێستا ئه‌م خه‌باته‌ بێ پسانه‌وه‌ به‌رده‌وامه‌. لێره‌دا نامهه‌وێ بچمه‌ سه‌ر باسی مێژووی پ ک ک. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی باسه‌که‌مه‌، هه‌ڵسوکه‌وتی حکوومه‌تی تورکیه‌یه‌ چ له‌ده‌وره‌ی ده‌وڵه‌تیی نیزامییه‌کاندا چ له‌ده‌وره‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیه‌ غه‌یره‌ نیزامییه‌کاندا. کێشه‌ی کورد تا ساڵه‌کانی ده‌یه‌ی نه‌وه‌دی زایینی و پێش رووخانی سۆڤیه‌ت هه‌رجاره‌ی له‌ پارچه‌یه‌کی کوردستاندا به‌شێوه‌یه‌ک له‌ شێوه‌کان سه‌ری هه‌ڵداوه‌و ماوه‌یه‌ک گڕوبڵێسه‌ی شۆڕش گوڕوتینێکی وه‌به‌ر هه‌ستی به‌زۆر دامرکێنراوی کوردایه‌تی داوه‌ته‌وه‌ و سه‌ره‌نجام پاش سات‌و سه‌ودایه‌کی زلهێزه‌کان و وڵاتانی داگیرکه‌ری کوردستان دامرکێنراوه‌ته‌وه‌. شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیران، شێخ مه‌حمودی نه‌مر، شۆڕشی بارزان و دامه‌زرانی کۆماری کوردستان له‌لایه‌ن حیزبی دێموکراتی کوردستان به‌ سه‌رۆکایه‌تیی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د، شۆڕشی بارزانی نه‌مر،  چه‌ند نمونه‌یه‌کن له‌و شۆڕشانه‌. له‌و سه‌رده‌مانه‌ بارودۆخی ناوچه‌که‌ به‌شێوه‌یه‌ک بوو که‌ زیاتر کێشه‌که‌ به‌قازانجی ده‌وڵه‌ته‌کان و به‌ زیانی شؤڕشه‌کان ده‌شکایه‌وه‌. به‌ڵام دوای رووخانی دیواری بێڕلین و نەمانی جیهانی دووجەمسەری و پاشتر هێرشی سه‌دام حوسێن بۆ سه‌ر وڵاتی کوێت و هه‌ڵوێستی وڵاتانی جیهان به‌گشتی و وڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مریکا به‌تایبه‌تی، بارودووخی ناوچه‌که‌ به‌ته‌واویی گۆڕاو کێشه‌کانی ئه‌و ناوچه‌یه‌ش له‌سه‌ر هه‌مان بنچینه‌ی پێشوو‌ سه‌ریان هه‌ڵدایه‌وه‌.  جیاوازی ئه‌مجاره‌ی ناوچه‌که‌ له‌وه‌دا بوو راسته‌وخۆ پێی زلهێزێکی وه‌ک ئه‌مریکا وهاوپه‌یمانانی گه‌یشتبووه‌ ناوچه‌که‌. ئەوە ئەکەم جارە زلهێزێکی وەک ئەمریکا راستەوخۆ بە هێزی نیزامیی خۆی هاتووەتە ناوچەکە. پیشتر ئەرکی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە لایان دەوڵەتە دۆستەکهانی لە ناوچەکەدا بەرێوە دەچوو. لەو سەردەمەدا وڵاتانی ئێران و تورکیە هاوپەیمانی ستراتێژیکی وڵاتانی رۆژئاوا بە گشتی و ئەمریکا بەتایبەتیی بوون. لەدوای سەرکەوتنی شؤڕشی نەتەوەکانی ئێران بەسەر دیکتاتۆڕی حەمەرەزاشای ئێراندا، ریزبەندیی وڵاتانی دۆستی ئەمریکا لە ناوچەکەدا درزی تێکەوت. پەرەئەستاندن و دروست بوونی حیزب و رێکخراوە توندرەوە ئیسلامییەکان کە ئەوانیش بەنۆرەی خۆیان مەترسییەکی درێژخایەن بوون بۆ وڵاتانی دۆستی ئەمریکا. بۆشایی نەبوونی کۆنە زلهێزی شورەوی لە مەیدانی سیاسی- نیزامیی جیهاندا ئەو دەرفەتەی بۆ ئەمریکا رەخساند کە بێ سڵ‌کردنەوە بنکەوبارەگاکانی لە خۆرهەڵاتی نێوەراست بڵاوکاتەوە. هاتنی ئەمریکا بۆ ناوچەکە ئاڵوگۆڕی گەورەی لەو ناوچەیە دروست کرد. بەرەبەرە ستراتێژی ئەمریکا لە پشتیوانیی دەوڵەتەکانەوە گوێزرایەوە بۆ پشتیوانی لە خەڵکی ئەو وڵاتانە. نەتەوەی کورد کە ئه‌زموونی تاڵی له‌ نیزیک بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌بوو، سه‌ره‌تا به‌ پارێزه‌وه‌ ده‌ستی دۆستایه‌تییان بۆ لای ئه‌مریکاییه‌کان درێژ کرد. به‌ڵام له‌درێژه‌ی حه‌وله‌کانی ئه‌مریکا بۆ رێکخستنی هێزه به‌رهه‌ڵه‌ستکاره‌کانی عێراق دژی رژێمی به‌عس و پاراستنی ئاسمانی کوردستان له‌به‌رامبه‌ر فرۆکه‌شه‌ڕکه‌ره‌کانی عێراقدا(1991تا2003) و سه‌ره‌نجام رووخاندنی رژێمی حیزبی به‌عس، ته‌می گومان له‌سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی ئه‌مریکا و کورد ره‌وایه‌وه‌ و پێوه‌ندییه‌کان به‌ ئاشکرا و ته‌نانه‌ت باس له‌ هاوپه‌یمانی کورد و ئه‌مریکا کرا. له‌ کاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری عێراقی فیدرال و یاسای نه‌وت و ...... ده‌رکه‌وت که‌ ئه‌مریکا به‌ته‌مای ساز وسه‌ودا له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی کورد نیه‌ و ته‌نیا به‌رواڵه‌ت زه‌خت بۆ کورد دێنێ، به‌ڵام ئه‌م زه‌خته‌ زیاتر له‌و زه‌خته‌ نه‌بوو‌ که‌ بۆ باقی پێکهاته‌کانی عێراقی دێنا. هاتنی ئه‌مریکا بۆ ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌پێی ستراتێژی '' رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی نوێ''‌یه‌ و تا وه‌دیهاتنی ئه‌م ئامانجه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ئه‌مریکادا نیه‌ پاشه‌کشه‌ له‌ ستراتێژییه‌ بکا. ده‌کرێ بۆ گه‌یشتن به‌و ستراتێژییه‌ تاکتیکی جۆراوجۆر هه‌ڵبژێرێت به‌ڵام ئامانجه‌کانی ناگۆڕدرێت. ماوه‌یه‌ک کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوابوو ئێستا که‌ ئه‌مریکا رژێمی به‌عسی رووخاندووه‌ به‌ره‌به‌ره‌ رێگا بۆ ده‌ستێوه‌ردانی ئێران ئاوه‌ڵه‌ ده‌بێ تا له‌داهاتوودا هێدی هێدی کۆپییه‌کی خۆی له‌ عێراقدا دروست‌کا. به‌ڵام ره‌وتی رووداوه‌کانی عێراق له‌ کاتی نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و قانونی نه‌وت و سیستمی فیدراڵی‌دا ده‌رکه‌وت که‌ ویست و داواکانی ئێران که‌ له‌لایه‌ن شێعه‌کانه‌وه‌ نوێنه‌رایه‌تی ده‌کرا مه‌یدانی زۆر پێ‌نه‌دراو سه‌ره‌نجام هه‌ر ئه‌و شێوازه‌ سه‌رکه‌وت که‌ له‌گه‌ڵ ستراتێژی ''رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستی نوێ'' ده‌یخوێنده‌وه‌. ئێستا که‌ حکومه‌تی عێراق له‌سه‌ره‌خۆ به‌ڵام لێبڕاوانه‌ به‌ره‌و ئارامیی و دامه‌زرانی سیستمی فیدڕاڵی ده‌چێ و ئه‌م سیستمه‌ له‌ده‌ستووری عێراقی فیدڕاڵیش نووسراوه‌و و  زیاتر له‌ هه‌شتا له‌سه‌تی خه‌ڵکی عێراق ده‌نگیان بۆ داوه‌.  ئه‌م سیستمه‌ لانیکه‌م له‌ هه‌رێمی کوردستان و ناوچه‌ی شێعه‌کان بووه‌ته‌ ''دووفاکتۆ''.  هه‌رێمی ئارامی  کوردستان تا ئێستاش ته‌نیا شوێنی عێراقه‌  ئه‌مریکاییه‌کان ده‌توانن وه‌ک نموونه‌ی سه‌رکه‌وتنیان له‌ عێراق باسی بکه‌ن. له‌م هه‌لومه‌رجه‌دا حکومه‌تی فاشیستی تورکیه‌ به‌بیانووی بوونی چه‌کداره‌کانی پ ک ک ده‌یانهه‌وێ هێرش بۆ سه‌ر هه‌رێمی کوردستان بکه‌ن. له‌ ڕاستیدا ئه‌وه‌ی تورکه‌کانی هێناوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م باوه‌ڕه‌ که‌ هێرش بکه‌نه‌ سه‌ر کوردستان بوونی هێزه‌کانی پ ک ک نیه‌. ماوه‌یه‌ک له‌مه‌و پیش مه‌جلیسی سێنای(مه‌جلیسی پێرانی) ئه‌مریکا پرۆژه‌ی پێشنیاری دابه‌شکردنی عێراقی بۆ سێ هه‌رێمی کورد، شیعه‌ و سوننی په‌سند کرد. په‌سند کردنی ئه‌م پێشنیاره‌ تورکه‌کانی هه‌راسان کرد و که‌وتنه‌ حه‌ول بۆ به‌رگریی له‌ جێبه‌جێ کرانی دابه‌ش کردنی عێراق و ته‌گه‌ره‌ خستنه‌سه‌ر رێگای ئه‌م دابه‌شکردنه‌. ئه‌وه‌ی روون و ئاشکرایه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌م ره‌وره‌وه‌ وه‌گه‌ڕ که‌وتووه‌ و ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاست تووشی ئاڵ‌وگؤڕی قووڵ ده‌بێ. یه‌کێک له‌م ئاڵ‌وگۆڕانه‌ی راسته‌وخۆ پێوه‌ندی به‌ تورکیه‌وه‌ هه‌یه‌ هاتنه‌ڕووی کیشه‌ی کورد له‌ ئاستی جیهانی و باشتر بوونی هه‌ل‌ومه‌رجی کوردان له‌ بواره‌کانی، سیاسی، ئابووری، کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت نیزامیدایه‌. تورکه‌کان باش له‌وه‌ گه‌یشتوون چیدی نه‌ته‌وه‌یه‌کی چل ملیۆنی ناشاردرێته‌وه‌ و کوردیان پێ به‌ تورکی کێوی ناقه‌بڵێندرێ.  تورکی کێوی ئه‌گه‌ر هه‌بن هه‌ر تورکه‌کان بۆخۆیانن که‌ ئه‌ویش به ده‌ست ‌خۆیانه‌ که‌ ده‌یانهه‌وێ هه‌ر کێوی بن یان تێگه‌یون کاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ که‌وی بن و له‌ دنیای پێشکه‌وتووی ئێستادا شوێنی خۆیان ببیننه‌وه‌. هێرشی سه‌ربازیی تورکیه‌ بۆ سه‌ر باشووری کوردستان ره‌نگه‌ هێندێک زه‌ره‌دی ئابووری و گیانی بۆ کورد به‌دواوه‌ بێ. به‌ڵام بێشک کوردستان له‌ سه‌ربه‌خۆیی نیزیکتر ده‌کاته‌وه‌ و تورک ئه‌گه‌ر‌ بۆ ریش بێن، سمێڵیشی له‌سه‌ر داده‌نێن. 


,18:20 , 2007/10/15 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

پێغەمبەر دێت بۆ هەولێر

 

چەند رۆژ لەمەو پێش لە راگەیەنە گشتییەکانی باشووری کوردستان‌دا هەواڵێک بڵاو بووەوە کە گوایە پێغەمبەر بەرەو هەولێر بەرێوەیە. سەرچاوەی ئەم هەواڵەش(هاتنی پێغەمبەر بۆ هەولێر) مامۆستایەک بە ناوی مەلا عەبدولخالەق، پێش‌نوێژی مزگەوتی رووناکی لە هەولێر بووە.

جەنابی مەلا عەبدولخالەق کەخۆی لەهەولێر دەژیی و پیشنوێژی خەڵکە، ئەم هەواڵەی لە ئێران بیستووە و ئەویش لەزمان کابرایەکی عەرەب کە نەخەڵکی عێراق بووە نە ئێران! زۆر سەیرە خانەخوێ ئاگادار نیە میوانی دێت بێگانە پێی دەڵێ . مەلا عەبدولخالەق دەڵێت پێغەمبەر تۆزاوی و خوێناوی و بە تاقی تەنیا بووە. ئەگەر وای دانێن کە خەونەکەی مامۆستا راستە و پیغەمبەر دێت بۆ هەولێر، دەبێ شتێک قەومابێ و نێوانی پێغەمبەر و جەنابی خودا تێک چووبێ و لە ئاکامدا پێغەمبەریان بە پاڵەپەستۆ لە بەهەشت دەر کردووە بۆیە بریندار و تۆزاویی بووە. وێشدەچێ کێشەی خودا و پێغەمبەر لەسەر مامۆستای وەک مەلا عەبدولخالەق بوبێ. خودا پاش هەزارو چوارسەت ساڵ کێردی گەیشتووەتە ئێسقانی و دیتویە لەو ماوە دورودرێژەدا ئۆمەتی محەمەدی خەلکی وەک مەلا خالەقی لێ هەڵدەکەوێ، ئەویش کوڵ‌وکۆی خۆی بە محەمەدی رشتووە و وەدەری ناوە و ئەمجارە  نەک بوراق و جوبرائیلی نەداوەتێ بگرە وشترێکی‌یشی پێ رەوا نەدیوە و بە پێ‌یان وەسەحرایەی خستووە. بەبروای من پێغەمبەر  هەر بگاتە هەولێرێ مل لەبەر ملی مەلا خالەقی دەنێ و کارێکی وای پێدەکا بابەدەواری شڕی نەکردبێ و بە مەلا خالەقی دەڵێ هەتا کەری وەک تۆ هەبێ حاڵی من  لەوەی باشتر نابێ. مەلا خالەق لە خەونەکەشی‌دا  هیچ ژن و شتی وای لەگەڵ پیغەمبەری نەدیوە وادیارە  لەو 23 ژنەی پیغەمبەر هەیبوو، مەلا خالەق دەبێ جەوری ئەوانیش بکێشێ و میوانداریی لە خاتم‌انبیا بکاو  لە خۆی رازی کا. هاتنی پێغەمبەری ئیسلام بۆ هەولیرێ  ئەویش بەو شپڕێوی‌یەی مەلا خالەق باسی دەکا،  نیشانەی باش نیە و ئاماژەی شومی تێدایە.  پیغەمبەر دێت یان خۆی دەتەقێنیتەوە یان مەلا خالەقی فوو دەدا. هاندان و گاڵتە کردن بە عەقڵی خەڵکی ساویلکە لە لایەن ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەمێژە بووەتە یەکێک لە بناغەکانی مەزەبی شێعە، بەڵام وادیارە ئەم دیاردەیە خەریکە بەهۆی کۆلکە مەلای وەک مەلا عەبدولخالەقەوە وەک دیاریی ئاخوندەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەرەو باشووری کوردستان بێت.  شێعەکان لەمێژە چاوەرێی کابرایەکن بەناوی مەهدی کە جگە لە خۆیان کەس نازانێ کێ‌یە و بەری چ دارێکە!


,21:30 , 2007/10/4 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

هەنگاوێکی کورت بەرەو رێگایەکی راست

 

مەجلیسی سەنای ئەمریکا سەرەنجام رۆژی سێشەممە 25 ی سپتامبری 2007 سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک هێزێکی تیرۆریستی لە قەڵەم‌دا. ئەم هەنگاوە هەرچەند ناتەواو و درەنگ هەڵێنراوە بەڵام هەنگاوێکە بەرەو ئاراستەیەکی دروست. کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری تا ئێستا رژێمێکی دیکتاتۆڕی و تیرۆریستی بووە. سووکە ئاوڕێک لە تیرۆر  و ناسنامەی تیرۆر ئەوەمان پێ دەڵێ کە تیرۆر یانی پێکهێنانی ترس،تۆقاندن، رەشەکوژی و کۆمەڵکوژیی کوێرانە و کوشتنی کەسانی بێتاوان. کۆماری ئیسلامی ئێرانیش هەر لەسەرەتای دامەزرانییەوە هەموو ئەو کارە تیرۆریستییانەی بەرێوە بردووە. بێدادگاگانی رژێم لەکوردستان و ئێران لە دەورەی سادقی خەلخالی حاکمی شەرع ، هەڵایسانی شەڕ لەدژی نەتەوەی کورد و ئازادیخوازانی دیکەی ئێران، تۆپ و خۆمپارەبارانی شار و گوندەکانی کوردستان و کوشتاری بەکۆمەڵی خەڵکی ئاواییەکانی، قاڕنێ، قەڵاتان، ئیندرقاش و ...  . تیڕۆری رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و کادر و پێشمەرگەکانی هێزە خەباتکارەکانی کوردستان. پێکهێنان و پشتگیری رێکخراوی تیرۆریستی لە ولاتانی دەوروبەری ئێران و رۆژهەلاتی ناوەراست و تەگەرە خستنە سەر رێگای ئاشتی فەلەستین و ئیسرائیل، تەقاندنەوەی سەفارەتی ئەمریکا لە بەیروت و ناوەندی جولەکەکانی ئارژانتین، تەنیا بەشێکی ئاشکرای  جم‌وجۆڵە تیرۆریستی‌یەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن. بەکورتی ناکرێ پێناسەی تیرۆریزم لە پێناسەی کۆماری ئیسلامی جوێ بکرێتەوە. ئەم رژێمە تیرۆریستە بەم رابردوو  و پەروەندەوە ماوەی 19 ساڵە بەدزی وبە پێچەوانەی هەموو بڕیارە نێونەتەوەییەکان لەمەڕ سنووردارکردنی دەستراگەیشتن بە تێکنۆلۆژی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم لە حەولی وەدەست خستنی ئەم تێکنۆلۆژیە بۆ دروستکرنی چەکی کۆمەڵکوژیشە. هەرچەند ئیدەئۆلۆژی ئیسلامی توندرۆی شێعە  خۆی لە خۆیدا جۆرێک لە کۆمەڵکوژییە و ئەم ئیدەئۆلۆژیە مێشکی خەلکی پێ دەشۆنەوە و بەکۆمەڵ بەرەو مردنیان دەنێرن، هەر وەک لە کاتی شەڕی ئێران و عێراق دیتمان چلۆن بەهەزاران کەسیان وەدوای ئیمام زەمانی دەستکرد دەخست و وەسەر مەیدانی مینیان دەپەڕاندن. بەتیرۆریست لەقەڵەم‌دانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، واتای تایبەتیی هەیە. سپای پاسداران بڕبڕەی پشتی کۆماری ئیسلامیە و ئەو سپایە ئێستا بووەتە هێزێکی  نیزامیی، سیاسی وئابووری و بە واتایەکی دیکە سێ کۆڵەکەی گرینگی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە. دوابەدوای هاتنە ئارای بیری رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ، روون و ئاشکرا بوو بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەو قەوارە و سروشتەی هەیەتی، ئەم پرۆژەیە سەر ناگرێ و رووداوەکانی پاش رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق راستیی ئەم بۆچوونەی سەلماند. چاوخشاندنێک بە نەخشەی پێکهاتەی نەتەوەیی وڵاتەکانی ، ئەفغانستان، پاکستان، هیندوستان،  ئێران، عێراق، یەمەن، عەرەبستان، کوێت، سوریە و لوبنان و ئۆردۆن و فەلەستین و بوونی حەشیمەتێکی زۆری شێعە مەزەب لەو وڵاتانە مەترسیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانمان بۆ دەسەلمێنێ  و ئەگەر ئەم رژێمە بە چەکی ئەتۆمی‌یش تەیار بێ ئەوە ئیدی کارەساتەکە چەند هێندە گەورەتر دەبێ. ئەم خەڵکە شێعە مەزەبە هەر لە ئەفغانستانەوە تا دەگاتە فەلەستین لە ناوچەیەک نیشتەجێن کە سەرچاوەی نەوتی ناوچەکەن و هەر بەو پێیەش پێگەیەکی ستراتێژیکی گرینگن لە باری ئابووری‌یەوە. بە بڕوای من  رێگا چارەی بنەڕەتی ئەم کێشەیە و بەرەو پێش چوونی پرۆژەی رۆژهەڵاتی ناوینی نوێ بە تاران‌ی پاش کۆماری ئیسلامیی ئێران دا تێدەپەڕێ و بە مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە سەر دەسەڵات و بە شێوەی ئێستای نەک هەر کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چارەسەر نابن، بگرە لە داهاتوویەکی نەهێندە دووردا ئەم سەرێشەیە توشی هەموو وڵاتانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی پێشکەوتووی سەنعەتی بەتایبەتی دەبێت.

کەماڵ


,01:04 , 2007/9/28 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

ئاخ بۆ تۆسقاڵێک سەداقەت!

 

شەوی 23 ی سێپتامبری 2007  کاک مستەفای هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لە گەڵ تیشک تێ‌ڤێ بەشداری کرد و باسی هێندێک مەسەلەی پێوەندیدار بە کوردستان و ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد. لە کۆتایی وتووێژەکەدا کە مەبەستی سەرەکی وتووێژەکەش بوو، کاک مستەفا باسی نەخشی مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادەی کرد لە کاتی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-رێبەرایەتیی شۆڕشگێر. کاک مستەفا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کوتی، مەبەستی مامۆستا حەسەنزادە لەو تێکەڵکردنەوەیە تواندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان- رێبەرایەتیی شۆڕشگێر بووە. رەنگە لە یەکەم سرنجدا ئەم پرسیارە بیتە گۆڕێ کە بۆچی کاک مستەفا ئەم مەسەلەی ئاوا درەنگ باس کردووە؟ بڵێی مەبەستی کاک مستەفای هیجری دروستکردنی دووبەرەکایەتیی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا نەبێ؟ بەڵام مەبەستی کاک مستەفا هەرچی بێ، ئەم راستییە ناشاردرێتەوە کە رەوتی روداوەکانی دوای تێکەڵبوونەوەی حدکا و حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ دەریخست، بەداخەوە مامۆستا حەسەنزادە ئەم کارە گەورە وپیرۆزەی بە مەبەستێکی ناپیرۆز کردووە و لە پشت ئەم رواڵەتە تەبایی خوازەدا پیلانێکی بێویژدانانە لە ئارادا بووە. ئەم پیلانە هەر لە سەرەتای یەکگرتنەوەکەدا دیار بوو بەڵام هەست بە بەرپرسایەتی کردن وای دەکرد کە مرۆڤ زۆر سرنجی نەداتێ و پێمان وابوو رەنگە بەتێپەڕینی کات ئەم دیاردەیە بگۆردرێ . ساڵ تێپەڕین و کۆنگرە لە دوای کۆنگرە بەرێوە چوون. لایەنی رێبەرایەتیی شؤڕشگێر  لە هەر بۆنەیەک دا دەبوو قوربانی بدا و وەک مریشک لە شایی وشین‌دا لێیان سەردەبڕدرا. هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانن دەزانن چەندە ناحەقی لە ئەوانە دەکرا کە سەردەمێک لەگەڵ حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ بوون. ئەوان لە کەشو هەوایەکی پڕ لە تەبایی و هاودڵی را تیکەڵی کەش و هەوایەکی  ئاڵۆز، دژبەر و ناتەبا کرابوون. ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پێش ئەو تێکەڵبوونەویە  وەک دوو لینگە بەرداش دابەش ببوون و لایەنی حدکا-رێبەرایەتیی شؤرشگیڕ وەک گەنمی بەهاروو کرانە نێو ئەو لینگە بەرداشانەوە.لایەنی کاک مستەفا هیجری پیێان وابوو ئەوان بەو تێکەڵبوونەوەیە غەدریان لێکراوە و تای تەرازوو بەلای مامۆستا حەسەنزادەدا شکاوەتەوە. مامۆستا حەسەنزادەش بۆ دڵنەوایی کاک مستەفا هیجری حازر بوو هەموو شتێک بکا هەر لە شکاندنی کەسایەتیی کەسانی سەر بەرێبەرایەتیی تا داتاشینی یاسا ورێسای وا کە هەر خۆی سەرەندەری لێدەردەکرد. بۆ وێنە تەمەنی 70 ساڵی کرد بە دوایین کات بۆ بوونە ئەندام لە کۆمیتەی ناوەندی. ئەوەی تەنیا لەبەر کاک جەلیل گادانی هینا و گەرچی بڕیار بوو،  بەڵام کوتە کاغەزێکی وەک یاسای خانەنشین کردن نەدا بە کاک جەلیل. کاک مستەفا هیجری لە وتووێژەکەیدا دەڵێ: زۆر جار کۆبونەوەی دەفتەری سیاسی لە جێگای دیکە بەرێوە دەچوو چونکە دەیکوت باوەڕم بەو برادەرانە نیە و نهێنی حیزب لەدەرەوە دەدركێنن. ئەوە ئەگەر وابووبێ دەکرێ بە لوتکەی هەلپەرەستیی و ناراستیی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە لەقەڵەم بدرێ و ناکرێ باوەڕی پێ بکرێ کە ئیستاش ئەم گەندەڵ فێڵانە ناکا و درێژەیان پێ نادا! مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە سەرەنجام بۆخۆشی هەر ئەو کارەی کرد کە ساڵی 1988 رێبەرایەتیی شۆرشگێڕ کردی. هەرچەند لێرولەوێ مامۆستا باسی وەی کردووە کە جیابوونەوەی ئەمجارە جیاوازی هەیە و ئەوە لەت بوونە چونکە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی بە مەسئولییەتەوە تێیدا بەشدارن! دەکرێ مامۆستا وەڵام بداتەوە کە توانایی و کەسایەتیی کەسەکان بەستراوەتەوە بەو پۆستەی هەیانە لە حیزبدا یان ئەوە شتێکی جیاوازە؟ ئەگەر کەسایەتی کەسەکانی ناو حیزب بەستراوە بەو چەند دەنگە بێ کە لە کۆنگرە و کۆنفرانسان پێیان دەدرێ، دەبێ بەو ئاکامە بگەین کە ئێستا مامۆستا هیچ نیە چونکە یەک دەنگی کۆنگرەی لە پشت نیە. بەڵام مەسەلەکە وا نیە، کەسایەتیی خەڵک لە کارو تێکۆشان و کردەوەی کەسەکاندایە نەک لە وەدەست هێنانی چەند دەنگ لە کۆنگرەدا کە مامۆستا بۆخۆی باش دەزانێ بەشێک لەو دەنگانە چۆن وەدست دێن. بە پێچەوانەی بۆچوونی هێندێک کەس و یەک لەوان مامۆستا حەسەنزادە کە پێیان وایە جیابوونەوەی ئەمجارە جیاوازی هەیە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەمجارە و جاری پێشوو لەگۆڕێ دا نیە ئەوە نەبێ ئەو جار  مامۆستاش ئێشی پێ گەیی و تێیانگەیاند کە ئەو ئەوە نیە کە بۆخۆی پێیوایە و ئەویش جێی پی لێژ دەکرێ وکرا.  تەنیا جیاوازییەک کە لە نێوان جیابوونەوەی ئەمجار و ساڵی 1988 هەیە ئەوەیە کە ئەودەم هەڵوێست لەبەرابەر ‌‌غەدر و ناحەقی  کاک دوکتور قاسملو وکاک دوکتور شەڕەفکەندی دا گیرا، بەڵام مامۆستا لەبەرامبەر کاک مستەفای هیجریدا هەڵوێستی گرتووە. بەلام ئەگەر بۆ مێژووش بێ با باسی ئەوەش بکەین کە جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەنزادە کە جیابوونەوەی ساڵی 1988 بە کوفر دادەنێ و هێشتاش بەرخوردی لەگەڵ ئەوانەی ئەودەمی هەڵوێستیان گرت خصمانە ی شاراوەیە، بۆخۆشی لە سەروبەندی سکرتێری کاک دوکتور سەعید دا، جارێک لە کاک دوکتور سەعیدی شەڕەفکەندی تۆراو هاتە سولێمانیە  ماڵە سەید جەمیلی پەنجەی و تەلیفونی بۆ مەقەری رێبەرایەتی شورشگێڕ کرد و کوتبووی پێی خۆشە چاوی بە برادەران بکەوێ. دیارە تەلیفونەکەی بە کاک سەید جەمیل کردبوو. هەتا بەرپرسی مەقەری سولێمانیە مەسەلەکەی لەگەڵ سەرکردایەتیی رێبەرایەتی شؤڕشگێڕ باس کردبوو وئاگاداریان کردبووە کە لێی بپرسێ وەک چی دەیهەوێ چاوی بە برادەران بکەوێ، مینی بوسێک بە چەند نەفەران کە یەک لەوان کاک حەسەن شەڕفی بوو هاتن مامۆستا مەلا عەبدوڵایان بردەوە دەفتەری سیاسی خۆیان. شاهیدانی ئەم رووداوە زۆرن و زۆریان زیندوون. ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە نە جیابوونەوەی ئەو دەم هەڵە بووە نە هی ئەمجار، چونکە کاتێک بەربەست بۆ کەس یان کەسانێک لە حیزبێک دا دادەندرێ و هیچ رێگایەک لەبەر دەم نامێنێتەوە، خەڵک بۆ شۆرش و خەبات پێویستی بە ئیزن و رەزامەندیی کەس نیە جا ئەو کەسە هەر کەسێک بێ،  ئەوان خەباتی خۆیان هەر درێژە دەدەن جا لەگەڵ یان بێ ئەوان. ئەمن پێم وایە جارێک و بۆ هەمیشە مامۆستا عەبدولای حەسەنزادە دەبێ بە سەداقەتەوە لەگەڵ ئەوانەی سەرەڕای هەموو کەم لوتفی و لەپەڕاوێز خستنیان هەر وا بە سەداقەتەوە متمانەیان داوەتێ و جڵەوی حیزبیان پێ سپاردووە بجوڵێتەوە و ئەو تەمی شک وگومانە بە کردەوە بڕەوێنێتەوە. یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی خەبات  سەداقەت و متمانە پێککردنی هاورێیانە. مامۆستا ناتوانێ باسی نوێ بوونەوە بکا ئەگەر بەکردەوە هەر ئەو رەفتارەی هەبێ کە لە سالەکانی سکرتێری خۆی کردونی و قەولی توانەوەی خەڵکی داوە. دەبێ مامۆستا لەوە دڵنیا بێ ئەو شتەی ئەو حەولی توانەوەی دەدا لەمێژە بووەتە فەرهەنگێکی پیرۆز و سەرچاوەی سەداقەت، متمانە و دڵفراوانی و شؤڕشگێڕی و لێبووردەیی .   هەموو ئەو سیفەتە باشانەیە کە ئەوان بێ سڵکردنەوە متمانەیان داوەتە مامۆستا و هیوادارم مامۆستاش بە هەمان روحیە هەڵسوکەوت بکا دەنا خەبات بێ زۆرکەسان بەرێوەچووە ودەچێ.

کەماڵ


,16:26 , 2007/9/25 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

وێنەیەک

 

ئه‌و سێ که‌ره‌ی ده‌یانبینن، له‌ که‌ره‌ هه‌ره‌ ره‌سه‌نه‌کانن، .به‌ منداڵی که‌م منداڵه‌ کورد هه‌یه‌ ئاشقی غاره‌که‌ر نه‌بووبێ و به‌ ده‌یان جار که‌ر هه‌ڵیان نه‌هاویشتبێ.به‌ڵام ئه‌و له‌زه‌ته‌ی له‌ غاره‌که‌ر دا هه‌بوو، کێیه‌ پێی له‌ سواره‌ ته‌یاره‌ خۆشتر نه‌بووبێ‌؟ دیاره‌ مه‌به‌ستم ئه‌وانه‌ نیه‌ که‌ هه‌ر زگماک له‌ ته‌یاره‌دا له‌ دایک بوون.


,18:07 , 2007/9/12 ,
بۆچوونه‌کان ( 3 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

یادێک لە رابردوو

 

ساڵی 1986 کاتێک هاتم بۆ ئێره‌،ئه‌م شاره‌ یه‌که‌م شاری جێی ژیانم بوو، کورد گوته‌نی :پێڵاوی غه‌ریبیم له‌وێ کرده‌وه‌.ماوه‌ی دوو ساڵ و چه‌ند مانگی لێژیام.به‌هۆی ته‌نیایی و دووری له‌ هاونێشتمانه‌ کورده‌کانم و ته‌ریک مانه‌وه‌ له‌وێ، بارم کرد و گوێزتمه‌وه‌ بۆ شارێکی دیکه‌ی نیزیک ئه‌وێ. شاری تازه‌م زۆر له‌ شاره‌که‌ی پیشووترم دوور نه‌بوو،به‌ڵام ئه‌م شاره‌ نوێ‌یه‌ کوردی زیاتر لێ بوو. هێدی هێدی خه‌ریکی فێربوونی زمان و ژیانی تازه‌م بووم.رۆژێکی گه‌رمی به‌هار، مامۆستاکه‌مان هه‌ستی کرد ئه‌من مات و وه‌ڕه‌زم، لێم هاته‌ پێش و لێی پرسیم،بۆ وا ماتی؟ به‌ بێوازی رووم تێکرد و پێم کوت،بێری وڵاتی خۆمان ده‌که‌م.سه‌رێکی راوه‌شاند و کوتی لێت حاڵیم، به‌ڵام چ شتێک لێره‌ نیه‌ که‌ له‌ وڵاتی خۆتان هه‌یه‌؟ ئه‌منیش ئه‌و ده‌م زمانه‌که‌م له‌و ئاسته‌دا نه‌بوو هه‌موو هه‌سته‌کانمی له‌مه‌ڕ وڵاته‌که‌م بۆ باس که‌م، هه‌ر بۆیه‌ هه‌موو هۆشی خۆم کۆکرده‌وه‌و پێم کوت: بیری کانیاوی وڵاتی خۆمان ده‌که‌م.بڕێکی قسه‌ له‌گه‌ڵ کردم، له‌هه‌موو وشه‌کانی نه‌ده‌گه‌یشتم به‌ڵام شێوازی قسه‌کانی له‌ دڵدانه‌وه‌ و شتی وا ده‌چوو.ئه‌و رؤژه‌ی ئه‌م قسانه‌م له‌گه‌ڵ مامۆستاکه‌م کرد رۆژی چوارشه‌ممه‌ بوو. رۆژی شه‌ممه‌ کاتژمێر 11ی به‌یانی بوو ته‌له‌فۆنی ماڵێ(ئه‌وده‌م ته‌له‌فۆنی موبیل) ئه‌گه‌ریش هه‌بوایه‌ لانیکه‌م ئه‌من نه‌م‌بوو،زه‌نگی لێدا.ده‌نگی ژنێک ‌هات و لێی پرسیم:

له‌ماڵی؟

به‌ڵێ.

کاتت هه‌یه‌ بێم به‌دواتدا؟

به‌ڵی به‌ڵام ئیوه‌ کێن؟

نامناسی؟

نه‌خێر.

ئه‌من مۆنیکام مامۆستای خۆت له‌ قوتابخانه‌.

ئه‌ها،زۆر باشه‌،به‌خێر‌بێی، چاوه‌ڕوانت ده‌بم.

پێتان وانه‌بێ چۆنی لێره‌م نووسیوه‌ هه‌ر وا به‌ هاسانی لێی حاڵی بووم، باوه‌ڕ که‌ن بۆوه‌ی له‌قسه‌کانی حاڵی بم، وه‌هام ''گوشی'' ته‌له‌فۆنه‌که‌ به‌گوێمه‌وه‌ نووساندبوو تاوێکی باشی پێچووبوو، ده‌تگوت گوێچکه‌م دروێشم کراوه‌ و سوور هه‌ڵگه‌ڕابوو.

زۆری پێنه‌چوو، له‌ زه‌نگی ده‌رکه‌یان‌دا. ده‌رکه‌م کرده‌وه‌، مۆنیکای مامۆستام بوو، کیژۆڵه‌یه‌کی  قژزه‌ردی چاوشینی خوێن شێرین و له‌به‌ردڵانی ده‌ ساڵانه‌ی  له‌گه‌ڵ خۆی هێنابووه‌ به‌ر ده‌رکه‌ی. به‌خیر هاتنم کردن و فه‌رمووی ژورێم کردن.مۆنیکا، کچه‌که‌ی خۆی پێناساندم و کوتی ناوی '' لیسه‌لۆته‌'' به‌ره‌سمی لای خۆمان ده‌ستیکم به‌سه‌ری داهێنا و پاشان هه‌مان ده‌ستم به‌ژیر چه‌نه‌یه‌وه‌ گرت و خۆم دانه‌واند و ده‌م و چاوم برده‌ رێکی ده‌م وچاوی و هه‌موو ئه‌و وشه‌ سوئێدییانه‌ی فێری ببوم کۆم کردنه‌وه‌ و لێم پرسی (واد گاماڵ ئه‌ر دوو؟) ئه‌من به‌ حیسابی خۆم لێم پرسیوه‌'' ئه‌تۆ  چه‌ند ساڵی؟''به‌ڵام کێژه‌که‌ ره‌نگی ده‌م و چاوی وه‌ک گوڵاڵه‌ سووره‌ پشکووت و چاوێکی له‌ دایکی کرد و دایکی پێی کوت مه‌به‌ستی ئه‌وه‌یه‌ ته‌مه‌نت چه‌نده‌؟ خێرا تێگه‌یشتم ده‌بێ هه‌ڵه‌یه‌کم کردبێ. سوئێدی شتێکی زۆر باشیان هه‌یه‌ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ رووشکێن نین و هه‌ر له‌کاتی قسه‌ کردن دا بێ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌ قسه‌ و پرسیاره‌ هه‌له‌کانی  به‌رامبه‌ره‌که‌یان شلوێ بکه‌ن، وشه‌ و رسته‌ راسته‌که‌ت فێر ده‌که‌ن، به‌و شیوه‌یه‌ که‌ قسه‌  یان پرسیاره‌ هه‌ڵه‌که‌ت ئه‌وان به‌ دروستیی دووپات ده‌که‌نه‌وه‌. دایکی'' لیسه‌لۆت''یش پرسیاره‌ سه‌قه‌ته‌که‌ی منی ئاوا چاک کرده‌وه‌ و به‌ کچه‌که‌ی کوت'' هان مێنار هوێر گاماڵ ئه‌ر دوو''. ماڵی ئاوا بێ هه‌م ئه‌منی فێر کرد هه‌م نه‌یهێشت دڵی ئه‌م فریشته‌ چکۆله‌م لێ بیشێ، ئاخر ئه‌من پێم کوتبوو '' ئه‌تۆ چه‌نده‌ پیری!'' هه‌ر چۆنێک بێ مۆنیکا تێیگه‌یاندم که‌ به‌خۆی و مێرد و منداڵه‌کانی به‌ ماشێن هاتوون به‌دوامدا بمبه‌ن بۆ سه‌ر '' کانی''! وه‌بیرم هاته‌وه‌، ئه‌من رۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌سه‌ر که‌لاسی ده‌رس پێم کوتبوو بیری وڵاتی خۆمان ده‌که‌م و هه‌موو بیرکردنه‌که‌شم له‌ '' کانیاو'' دا کۆکردبووه‌وه‌.له‌ پلیکانان چوینه‌‌خوارێ و له‌به‌ر ده‌رکه‌ ماشێنه‌که‌ی راگرتبوو. سڵاوم له‌ میرد و منداڵه‌که‌ی دیکه‌ی کرد و سواری ماشێنه‌که‌ بووم. مه‌ودایه‌ک به‌ رێگایه‌کی باریک و پێچاوپێچدا لێیخوڕی، گه‌یشتینه‌ ده‌شتایی‌یه‌ک. پۆله‌دارێک له‌ نێوه‌ڕاستی ده‌شتاییه‌که‌ به‌ شنه‌ی با ده‌شنانه‌وه‌.ماشێنه‌که‌یان راگرت و کوژاندییانه‌وه‌. هه‌موومان دابه‌زین. مۆنیکا هاته‌ ته‌نیشتم و کوتی ئێمه‌ش کانیاو‌مان هه‌یه‌، کوتم ئه‌ی کوا؟ وه‌پێشم که‌وت و چه‌ند میتر له‌ولای جاده‌که‌ شوێنێکی بژوێن و سه‌رسه‌وزمان لێوه‌ده‌ر که‌وت. گه‌یشتینه‌ پنگه‌ڵانێک، پنگه‌ ده‌گه‌یشتنه‌ سه‌رووی سینگمان. جۆگه‌له‌یه‌کمان لێ‌وه‌ده‌ر که‌وت و پاشان کانیاوێکی روون و سارد. له‌و ده‌شتاییه‌ ئاوێکی زۆر و سارد و روون له‌ نێو ره‌ڵم و خیزێکی زۆر ورد هه‌ڵده‌قوڵی.بڕێک له‌ولاتر کانیاوێکی دیکه‌ی لێبوو، ئه‌ویان سه‌رچاوه‌که‌ی باش دیار نه‌بوو، به‌ڵام پلووسکێکی داریان تێگرتبوو ئاوێکی زۆری پێدا ده‌هات و ئاوی هه‌ر دوو کانیاوه‌که‌ له‌ جۆگه‌یه‌کدا تێکه‌ڵ ده‌بوون و به‌و ده‌شته‌ی دا  ده‌خوشین و ده‌بریسکانه وه‌. له‌ خۆشی کانیاوان مۆنیکاو ماڵ ومنداڵێم له‌بیرچۆوه‌،له‌ ده‌راوی کانیاوه‌که‌ و له‌ قه‌راغ جۆگه‌که‌ قولێکم کوزه‌ڵه‌ هه‌ڵقه‌ند و ده‌ستم به‌خواردنی کرد. ورده‌ ورده‌ به‌ قه‌راغ جۆگه‌که‌دا رۆیشتم، له‌ خه‌یاڵی خۆمدا گه‌ڕابوومه‌وه‌ کوردستان و له‌ یه‌کێک له‌ گونده‌کانی وڵاتی خۆمان به‌ نێو جۆگه‌یه‌کدا که‌ ئاوکه‌یان بڕیبوو و ته‌ختی جۆگه‌که‌ هێشتا فێنک و هێندێک شێ‌دار بوو ده‌رؤیشتم و چاوم له‌ رێگای بێریان ده‌کرد، له‌پڕرا ده‌نگی مۆنیکای مامۆستام له‌و خه‌یاڵه‌ خۆشه‌ی راچڵه‌کاندم و وه‌بیری هێنامه‌وه‌ له‌ کوێم و کات دره‌نگه‌ ده‌بێ بگه‌ڕێنه‌وه‌. له‌و کاته‌وه‌ تا ئێستا هه‌ر کات رێگام له‌و ناوچه‌یه‌ ده‌که‌وێ، سه‌رێکی ئه‌و کانیاوه‌ ده‌ده‌م و ئه‌وه‌ بووه‌ته‌ عاده‌تی هه‌موو ساڵێکم، ره‌نگه‌ له‌م هاتووچۆیه‌دا ئه‌گه‌ر به‌ خه‌یاڵیش بێ سه‌رێکی لاوێتی خۆم بده‌مه‌وه‌ که‌ ئه‌و ساڵ رێک 21 ساڵه‌ و ساڵ له‌دوای ساڵیش زیاترم لێ دوور ده‌بێته‌وه‌.

که‌ماڵ 

 


,01:04 , 2007/9/11 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت

سەبارەت بە نیگەرانییەکانی بەرێز شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا، ئەندامی سەرکردایەتیی ینک

لە درێژەی تۆپ‌بارانی گوندەکانی کوردستانی گەرمێن لە لایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە و نارەزایەتیی دەربڕینی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لە بە‌غدا، بەرپرسێکی ینک‌یش بە ناوی شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا له‌ دیمانه‌یه‌کدا له‌بڵاوکراوه‌ی ئاوێنه ‌ی ژوماره‌85 دەنگێکی لێوەهات و هەرەشەی لەو حیزب ولایەنانە کرد کە بە قسەی ویی دەیانهەوێ نێوانی ینک و کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکدەن. پێشه‌کی پێویسته‌ ئه‌وت پێ بڵێم که‌ که‌س جورئه‌تی ئه‌وه‌ ناکا نێوانی ئێوه‌ و کۆماری ئیسلامیی ئێران تێکدا،ئه‌و دۆستایه‌تییه‌ی ئێوه‌و کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌ریایه‌ک خوێنی هاوبه‌شتان بۆ رشتووه‌ و هاوسه‌نگه‌ری له‌مێژینه‌ن وئه‌م کاڵایه‌ ته‌نیا پڕبه‌باڵای ئێوه‌یه‌و به‌س،به‌ڵام پێم خۆشه‌ ئێستا که‌ ئێوه‌ هێنده‌ شانازی به‌ دۆستایه‌تیی له‌گه‌ڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران ده‌که‌ن، داوایان لێبکه‌ن شریتی قسه‌کانی عه‌لی ئه‌کبه‌ری هاشمی ره‌فسنجانی‌تان بۆ بنێرن که‌ چه‌نده‌ دۆستانه‌ باسی مام جه‌لال ده‌کا و باسی لێهاتوویی سیاسیی مامه‌ ده‌کا، جا دوایه‌ کیسه‌ی بۆ لێده‌ن و پێی هه‌ڵبڵێن! کاتێک مرۆڤ لەم دەنگە ناسازە خورددەبێتەوە،پێش هەر شتێک ئەوەی بە زەین‌دا دێ کە بڵێی ئەم قسەیە هی کەسێکی وەک  شێخ جه‌عفه‌رمسته‌فا بێ که‌ گوایه‌ وه‌زیری پێشمه‌رگه‌شه‌؟ بەڵام هەر کە سوکە ئاوڕێک لە رابردووی بەشێک لە سەرکردایەتیی ینک دەدەیەوە بۆت دەردەکەوێ کە ئەوە نەک هەر راستە بگرە درەنگیشە!مێژوو ده‌ریخستووه‌ که‌ ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی شه‌ڕی کوردیان کردووه‌  و کوردیان کوشتووه‌ نیوه‌ی ئه‌وه‌نده‌یان شه‌ڕی دوژمن نه‌کردووه‌ و نه‌کوشتووه‌. به‌شێک له‌ سه‌رکردایه‌تیی ینک لەمێژە هەگبەی کوردایەتی خۆیان سوکبار کردووە وملیان لە خزمەتی بێگانان ناوە. ئەوە بەداخەوە نەریتێکە هەر لە سەرەتای دامەزرانی ینک‌وەهاوتەریبی کوردایەتییەکەیان هیناویانە و ئێستا وەها تێک هاڵاون کە نەریتە نیشتمانی و شۆڕشگێرییەکەیان لە ژێر قەفی ئە‌وی دیکەیاندا واتە هاوپەیمانی و دۆستایەتیی لە گەڵ داگیرکەراندا کەم رەنگ و بێهیز بووە. ئەمن پێم وایە لە هەلومەرجی ئێستای باشووری کوردستاندا کارێکی رەوا و بە قازانج نیە کێشەی لاوەکی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکرێ، بەڵام لەوەش نارەواتر ئەوەیە کاربەدەستانی حکومەتی هەرێم بە بلوێری کۆماری ئیسلامیی ئێران وە سەما کەون و تاوانەکانی دوژمن کەم رەنگ کەنەوە.ئەگەر شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا پێی وایە کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش نەمانی پژاک و پ ک ک لەو دەڤەرە، واز لە کێشە دروستکردن بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دێنێ،ئەوە چاوەڕوانییەکی هەڵەیە. شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا باسی پەیوەندی دۆستانەی خۆیان وکۆماری ئیسلامیی دەکا بەڵام ناڵێت ئەم پەیوەندییە دۆستانەیە زیاتر لە پەیوەندی ئاغا و نۆکەر دەچێ تا پەیوەندیدۆستانە.پێم وابێ ئەگەر جه‌نابی شێخ لە خۆی نەگۆرێ پەیوەندی کۆماری ئیسلامیی ئیران لە گەڵ ئەوان هەر ئەوەندەدۆستانەیە تا راوەکەی بۆ دەکەن و پاشان بە ناردنی مەفرەزەکانی   ئەنسارولئیسلام بۆ ناوچەی هەڵەبجە و پێنجوێن پاداشیان دەداتەوە. بەو هیوایەی بەرپرسانی حکومەتی هەریم  دیارە ئەوانی وەک شێخ جه‌عفه‌ر مستەفا بیر دەکەنەوە جارێک لە خۆیان بپرسن کە بەرهەم و دەستخۆشانەی ئەو هەمووە پەیوەندییە دۆستانەیان لە گەڵ داگیرکەران جگە لە رژانی خوێنی رۆڵەی کورد بە دەستی ئەوان چ دەسکەوتێکی بۆ ئەوان و ئەوانی وەک ئەوان بیر دەکەنەوە هەبووە؟ 

 مه‌به‌ستی ئه‌م وتاره‌ ئه‌و به‌رپرس‌و پێشمه‌رگانه‌ی ینک نیه‌ که‌ به‌ دلێکی پاک و بێگه‌رد کوردایه‌تییان کردووه‌ وده‌یکه‌ن و بێشک ئه‌وانیش کاتێک ئه‌م قسانه‌ی شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فایان گوێ لێده‌بێت له‌شه‌رمان ئاره‌قه‌ ده‌که‌ن.

کەماڵ 


,20:15 , 2007/9/5 ,
بۆچوونه‌کان ( 0 ) | بۆچوون | لینکی بابه‌ت


دواتر‌ | په‌ڕه‌ 1 له‌ 2 | ‌پێشوو