خەزاڵ
وێبلاگی خەزاڵ بۆ دەربڕینی بیرورای ئازاد
|
لاپهڕهکان
ئهلبۆمی وێنهکان
وێبڵاگی دۆستان
|
ئاخ بۆ تۆسقاڵێک سەداقەت!
شەوی 23 ی سێپتامبری 2007 کاک مستەفای هیجری، سکرتێری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە وتووێژێک لە گەڵ تیشک تێڤێ بەشداری کرد و باسی هێندێک مەسەلەی پێوەندیدار بە کوردستان و ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی کرد. لە کۆتایی وتووێژەکەدا کە مەبەستی سەرەکی وتووێژەکەش بوو، کاک مستەفا باسی نەخشی مامۆستا عەبدوڵا حەسەن زادەی کرد لە کاتی یەکگرتنەوەی دوو باڵی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران-رێبەرایەتیی شۆڕشگێر. کاک مستەفا لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کوتی، مەبەستی مامۆستا حەسەنزادە لەو تێکەڵکردنەوەیە تواندنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستان- رێبەرایەتیی شۆڕشگێر بووە. رەنگە لە یەکەم سرنجدا ئەم پرسیارە بیتە گۆڕێ کە بۆچی کاک مستەفا ئەم مەسەلەی ئاوا درەنگ باس کردووە؟ بڵێی مەبەستی کاک مستەفای هیجری دروستکردنی دووبەرەکایەتیی لە نێو ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا نەبێ؟ بەڵام مەبەستی کاک مستەفا هەرچی بێ، ئەم راستییە ناشاردرێتەوە کە رەوتی روداوەکانی دوای تێکەڵبوونەوەی حدکا و حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ دەریخست، بەداخەوە مامۆستا حەسەنزادە ئەم کارە گەورە وپیرۆزەی بە مەبەستێکی ناپیرۆز کردووە و لە پشت ئەم رواڵەتە تەبایی خوازەدا پیلانێکی بێویژدانانە لە ئارادا بووە. ئەم پیلانە هەر لە سەرەتای یەکگرتنەوەکەدا دیار بوو بەڵام هەست بە بەرپرسایەتی کردن وای دەکرد کە مرۆڤ زۆر سرنجی نەداتێ و پێمان وابوو رەنگە بەتێپەڕینی کات ئەم دیاردەیە بگۆردرێ . ساڵ تێپەڕین و کۆنگرە لە دوای کۆنگرە بەرێوە چوون. لایەنی رێبەرایەتیی شؤڕشگێر لە هەر بۆنەیەک دا دەبوو قوربانی بدا و وەک مریشک لە شایی وشیندا لێیان سەردەبڕدرا. هەموو ئەوانەی لە نزیکەوە ئاگاداری رووداوەکانی نێو حیزبی دێموکراتی کوردستانن دەزانن چەندە ناحەقی لە ئەوانە دەکرا کە سەردەمێک لەگەڵ حدکا-رێبەرایەتیی شۆڕشگێڕ بوون. ئەوان لە کەشو هەوایەکی پڕ لە تەبایی و هاودڵی را تیکەڵی کەش و هەوایەکی ئاڵۆز، دژبەر و ناتەبا کرابوون. ریزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران پێش ئەو تێکەڵبوونەویە وەک دوو لینگە بەرداش دابەش ببوون و لایەنی حدکا-رێبەرایەتیی شؤرشگیڕ وەک گەنمی بەهاروو کرانە نێو ئەو لینگە بەرداشانەوە.لایەنی کاک مستەفا هیجری پیێان وابوو ئەوان بەو تێکەڵبوونەوەیە غەدریان لێکراوە و تای تەرازوو بەلای مامۆستا حەسەنزادەدا شکاوەتەوە. مامۆستا حەسەنزادەش بۆ دڵنەوایی کاک مستەفا هیجری حازر بوو هەموو شتێک بکا هەر لە شکاندنی کەسایەتیی کەسانی سەر بەرێبەرایەتیی تا داتاشینی یاسا ورێسای وا کە هەر خۆی سەرەندەری لێدەردەکرد. بۆ وێنە تەمەنی 70 ساڵی کرد بە دوایین کات بۆ بوونە ئەندام لە کۆمیتەی ناوەندی. ئەوەی تەنیا لەبەر کاک جەلیل گادانی هینا و گەرچی بڕیار بوو، بەڵام کوتە کاغەزێکی وەک یاسای خانەنشین کردن نەدا بە کاک جەلیل. کاک مستەفا هیجری لە وتووێژەکەیدا دەڵێ: زۆر جار کۆبونەوەی دەفتەری سیاسی لە جێگای دیکە بەرێوە دەچوو چونکە دەیکوت باوەڕم بەو برادەرانە نیە و نهێنی حیزب لەدەرەوە دەدركێنن. ئەوە ئەگەر وابووبێ دەکرێ بە لوتکەی هەلپەرەستیی و ناراستیی مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە لەقەڵەم بدرێ و ناکرێ باوەڕی پێ بکرێ کە ئیستاش ئەم گەندەڵ فێڵانە ناکا و درێژەیان پێ نادا! مامۆستا عەبدوڵا حەسەنزادە سەرەنجام بۆخۆشی هەر ئەو کارەی کرد کە ساڵی 1988 رێبەرایەتیی شۆرشگێڕ کردی. هەرچەند لێرولەوێ مامۆستا باسی وەی کردووە کە جیابوونەوەی ئەمجارە جیاوازی هەیە و ئەوە لەت بوونە چونکە ئەندامانی دەفتەری سیاسی و کۆمیتەی ناوەندی بە مەسئولییەتەوە تێیدا بەشدارن! دەکرێ مامۆستا وەڵام بداتەوە کە توانایی و کەسایەتیی کەسەکان بەستراوەتەوە بەو پۆستەی هەیانە لە حیزبدا یان ئەوە شتێکی جیاوازە؟ ئەگەر کەسایەتی کەسەکانی ناو حیزب بەستراوە بەو چەند دەنگە بێ کە لە کۆنگرە و کۆنفرانسان پێیان دەدرێ، دەبێ بەو ئاکامە بگەین کە ئێستا مامۆستا هیچ نیە چونکە یەک دەنگی کۆنگرەی لە پشت نیە. بەڵام مەسەلەکە وا نیە، کەسایەتیی خەڵک لە کارو تێکۆشان و کردەوەی کەسەکاندایە نەک لە وەدەست هێنانی چەند دەنگ لە کۆنگرەدا کە مامۆستا بۆخۆی باش دەزانێ بەشێک لەو دەنگانە چۆن وەدست دێن. بە پێچەوانەی بۆچوونی هێندێک کەس و یەک لەوان مامۆستا حەسەنزادە کە پێیان وایە جیابوونەوەی ئەمجارە جیاوازی هەیە، هیچ جیاوازییەک لەنێوان ئەمجارە و جاری پێشوو لەگۆڕێ دا نیە ئەوە نەبێ ئەو جار مامۆستاش ئێشی پێ گەیی و تێیانگەیاند کە ئەو ئەوە نیە کە بۆخۆی پێیوایە و ئەویش جێی پی لێژ دەکرێ وکرا. تەنیا جیاوازییەک کە لە نێوان جیابوونەوەی ئەمجار و ساڵی 1988 هەیە ئەوەیە کە ئەودەم هەڵوێست لەبەرابەر غەدر و ناحەقی کاک دوکتور قاسملو وکاک دوکتور شەڕەفکەندی دا گیرا، بەڵام مامۆستا لەبەرامبەر کاک مستەفای هیجریدا هەڵوێستی گرتووە. بەلام ئەگەر بۆ مێژووش بێ با باسی ئەوەش بکەین کە جەنابی مامۆستا مەلا عەبدوڵا حەسەنزادە کە جیابوونەوەی ساڵی 1988 بە کوفر دادەنێ و هێشتاش بەرخوردی لەگەڵ ئەوانەی ئەودەمی هەڵوێستیان گرت خصمانە ی شاراوەیە، بۆخۆشی لە سەروبەندی سکرتێری کاک دوکتور سەعید دا، جارێک لە کاک دوکتور سەعیدی شەڕەفکەندی تۆراو هاتە سولێمانیە ماڵە سەید جەمیلی پەنجەی و تەلیفونی بۆ مەقەری رێبەرایەتی شورشگێڕ کرد و کوتبووی پێی خۆشە چاوی بە برادەران بکەوێ. دیارە تەلیفونەکەی بە کاک سەید جەمیل کردبوو. هەتا بەرپرسی مەقەری سولێمانیە مەسەلەکەی لەگەڵ سەرکردایەتیی رێبەرایەتی شؤڕشگێڕ باس کردبوو وئاگاداریان کردبووە کە لێی بپرسێ وەک چی دەیهەوێ چاوی بە برادەران بکەوێ، مینی بوسێک بە چەند نەفەران کە یەک لەوان کاک حەسەن شەڕفی بوو هاتن مامۆستا مەلا عەبدوڵایان بردەوە دەفتەری سیاسی خۆیان. شاهیدانی ئەم رووداوە زۆرن و زۆریان زیندوون. ئەوەی روون و ئاشکرایە ئەوەیە کە نە جیابوونەوەی ئەو دەم هەڵە بووە نە هی ئەمجار، چونکە کاتێک بەربەست بۆ کەس یان کەسانێک لە حیزبێک دا دادەندرێ و هیچ رێگایەک لەبەر دەم نامێنێتەوە، خەڵک بۆ شۆرش و خەبات پێویستی بە ئیزن و رەزامەندیی کەس نیە جا ئەو کەسە هەر کەسێک بێ، ئەوان خەباتی خۆیان هەر درێژە دەدەن جا لەگەڵ یان بێ ئەوان. ئەمن پێم وایە جارێک و بۆ هەمیشە مامۆستا عەبدولای حەسەنزادە دەبێ بە سەداقەتەوە لەگەڵ ئەوانەی سەرەڕای هەموو کەم لوتفی و لەپەڕاوێز خستنیان هەر وا بە سەداقەتەوە متمانەیان داوەتێ و جڵەوی حیزبیان پێ سپاردووە بجوڵێتەوە و ئەو تەمی شک وگومانە بە کردەوە بڕەوێنێتەوە. یەکێک لە بناغە سەرەکییەکانی خەبات سەداقەت و متمانە پێککردنی هاورێیانە. مامۆستا ناتوانێ باسی نوێ بوونەوە بکا ئەگەر بەکردەوە هەر ئەو رەفتارەی هەبێ کە لە سالەکانی سکرتێری خۆی کردونی و قەولی توانەوەی خەڵکی داوە. دەبێ مامۆستا لەوە دڵنیا بێ ئەو شتەی ئەو حەولی توانەوەی دەدا لەمێژە بووەتە فەرهەنگێکی پیرۆز و سەرچاوەی سەداقەت، متمانە و دڵفراوانی و شؤڕشگێڕی و لێبووردەیی . هەموو ئەو سیفەتە باشانەیە کە ئەوان بێ سڵکردنەوە متمانەیان داوەتە مامۆستا و هیوادارم مامۆستاش بە هەمان روحیە هەڵسوکەوت بکا دەنا خەبات بێ زۆرکەسان بەرێوەچووە ودەچێ. کەماڵ |
, 17:26
,
2007/9/25
|
بۆچوون
|
|
دواتر | پهڕه 7 له 12
| پێشوو
|
| |