هاوینی ساڵی 1362ی هه‌تاویی بوو. له‌گه‌ڵ چوار پێشمه‌رگه‌ی هاورێم به ناوه‌کانی، بازید نه‌به‌ردی، وه‌ستائه‌کره‌م،ئه‌بووبه‌کری حوسێن‌پوور(عه‌بووی کانی سێوێ) و کاوه‌یس(عه‌زیز) له ئاوایی '' باراوا'' ی نیزیک '' کانی سێ‌و'' ی گه‌ورکان، بۆ کارێکی حیزبی ده‌چووین بۆ ئاوایی '' گرشیلان''. له پشت ئاوایی باراوا را تیره‌شانێکی مه‌یله‌و رژد ده‌ست پێده‌کات و له‌کۆتایی‌دا له‌گه‌ڵ باسکی'' ماین‌خواره‌ی'' تێکه‌ڵ ده‌بنه‌وه و تا ده‌گه‌یه پشت ماڵی'' سوێناسێ'' ئه‌م باسکه درێژه‌ی هه‌یه. ماوه‌یه‌ک پاش وه‌رێکه‌تنه‌که‌مان، گه‌یشتینه سه‌ر ئه‌و جاده‌یه‌ی کاتی خۆی حیزب به‌و لابه‌لایه‌ی‌دا لێیدابوو بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵک و بۆخۆی که‌لکی لێوه‌رگرن. رێک به‌رێکی ئاوایی گامێشان و مه‌زرای ماڵه کوێخا‌عومه‌ری گامێشانێ به ناوی مه‌ناڵه چاومان به تاڵکه‌دێمێکی به‌رین که‌وت، نه‌وس تینی بۆ هێناین و به‌ره‌و تاڵکه‌دێمه‌که داگه‌ڕاین. گه‌یشتینه راست به‌ڕاستی'' ئه‌ستێر''ه‌که‌ی. پیاوێکی ده‌سته‌ی ره‌نگ پیاو و وێچوو، پێمه‌ڕه‌یه‌کی ئه‌سپه‌ره‌داری له‌سه‌رشانی دانابوو،روو له ئێمه‌و به‌ره‌و چارداخه‌که‌ی ده‌هات. ئێمه پێش‌ویی گه‌یشتینه به‌رده‌رکه‌ی چارداخێ. هه‌ر یه‌که‌مان دو سێ‌دانه گڕگه‌مان لێکردبووه‌وه. مام کوێخاش گه‌یشته لامان و سڵاومان لێکرد و به‌خێری هێناین و فه‌رمووی بن سێبه‌ره‌که‌ی کردین. ئێمه به‌ریز له‌بن سێبه‌ره‌که دانیشتبووین و ئه‌ویش هێندێک له‌ولاوه‌تر دانیشتبوو، تاو له شانێکی ده‌دا. دیار بوو حیزبی باش ده‌ناسی و پرسیاری زۆر به‌رپرسی حیزبی لێ‌کردین و له ئه‌حواڵی پرسین. له‌بن دیواری چارداخه‌که جه‌ره‌یه‌کی سووری پڕله‌ئاو به‌دیواری هه‌ڵپه‌سێرابوو، بنی جه‌ڕه‌که‌ی خۆڵی بن و ده‌وروبه‌ریی خۆی کردبووه قوڕ و پێوه‌ی نووسابوو. جامێکی فافۆنی قوپاویش له‌سه‌ر زارکی جه‌ره‌که‌ی رۆنرابوو. هه‌ستام له‌جه‌ره‌ئاوه‌که‌ی نزیک بوومه‌وه و په‌نجه‌ی لاقم وه‌به‌ر بنی جه‌ره‌که‌ی‌دا و قوڵفه‌که‌یم گرت و جامه‌که‌م وه‌به‌ر زارکی جه‌ره‌ی‌دا. جامه‌که‌م تا نیوه‌ی له‌ئاوه‌که‌ی پڕکرد و فه‌رمووی ئه‌وانم کرد و هه‌ڵمقوڕاند. ئه‌و ئاوه ساردوسووکه ماندوویی و گه‌رمای هاوینی بۆ تاوێک له‌بیربردمه‌وه. دوای من کاوه‌یس‌یش داوای ئاوی کرد و بۆم تێکرد.هاتمه‌وه جێگای خۆم و مام کوێخا یه‌ک یه‌ک له هه‌ر چوارمانی پرسی کوڕی کێین و خه‌ڵکی کوێین؟ هه‌موومان وه‌ڵاممان داوه‌و بڕێک ده‌من فکری و پرسی کوڕی وه‌ستا ره‌حیمی؟ وه‌ڵامم داوه به‌ڵێ. هه‌ستائه‌ولاولای ماچ کردم و کوتی ئه‌تۆ ده‌زانی خزمی منی؟ کوتم ده‌زانم له‌و ناوچه‌یه‌ی زۆرمان خزم هه‌یه به‌ڵام ئه‌من که‌میان ده‌ناسم. هه‌واڵی خاڵه ساڵه‌ی لێپرسیم و کوتم ئه‌وه له کانی سێوێ‌یه. له‌و ماوه‌یدا که ئه‌من و مام کوێخا لێکمان ده‌کۆڵییه‌وه و قسه‌مان ده‌کردن، بازید و عه‌بوو سیغاریان به سیغاری داده‌گیرساند. مام کوێخا رووی له‌من وه‌رگێڕا و رووی له‌وان کرد و کوتی: به‌رخم ئه‌و جۆره‌ی ئیوه سیغاران ده‌کێشن پێموانیه به‌شه‌وانه له کێشکێ بتوانن بێ سیغار هه‌ڵکه‌ن، ئه‌ی ئه‌و ده‌می چده‌که‌ن؟ عه‌بوو کوتی وه‌ڵا مامه ئه‌و کاتیش هه‌ر ده‌کیشین. مام کوێخا کوتی رؤڵه ده‌زانم ئێستا شوکور وڵات له‌ژێر ده‌ستی حیزب دایه و ولات هێمن و ئه‌مینه،به‌ڵام ئێوه پێش‌مه‌رگه‌ن و ده‌بێ هێندێک شت فێر بن که له کاتی ته‌نگانه‌دا به‌کارو دێت. لێمان پرسی وه‌ک چی؟ کوتی ئه‌من زه‌مانی کاک سوله‌یمانی موعێنی و کاک عه‌وڵا و مینه‌شه‌م و مه‌لامه‌حمودی زه‌نگه‌نه زۆرجاران له‌گه‌ڵیان بۆولاولای چووم و ئه‌وانیش پێشمه‌رگه‌ی سیغارکێشیان له‌گه‌ڵ بوون و زۆربه‌ی کاته‌کانیش شه‌وڕۆییان ده‌کرد. ئه‌وکات ژاندارمه له‌وڵاتی هه‌بوون و که‌ڵ به‌مووی به‌ند بوو. پرسیمان ئه‌وان چی‌یان ده‌کرد؟ کوتی بۆ وێنه ئه‌وان قانگه‌لاشکێکیان کون ده‌کرد و له‌باری ئه‌ستوونی دوو کون‌یان تێده‌کرد و له‌باری ئاسۆییه‌وه ته‌نیا سه‌ریکیان کون ده‌کرد و سیغاره‌که‌یان به مۆدنه‌یه‌وه ده‌کرد و له کونی قانگه‌لاشکه‌که‌یه‌وه ده‌یانکێشا و ئاوری سیغاریان به شه‌و دیار نه‌ده‌بوو. کارێکی دیکه‌ی ئه‌وان ده‌یان کرد ئه‌وه‌بوو قه‌ت قونچکه جغاره‌یان فڕێ نه‌ده‌دا و هه‌میشه له‌بن گڵیان ڕۆده‌کرد بۆ وه‌ی ئه‌گه‌ر دوژمن بێته جێگاکه‌یان نه‌زانێ لێره‌بوون و چه‌ند که‌س بوون. شتێکی دیکه‌ی سرنج‌راکێش که ئه‌وان ده‌یان کرد ئه‌وه بوو ئه‌گه‌ر چه‌ند که‌س بان و به رێگایه‌کدا رۆیشتبان ئه‌وه‌ی له‌دواوه ده‌ڕۆیشت لقه‌دار بییه‌کی ده‌بڕی و به‌دوای خۆیدا رکێشی ده‌کرد و شوێن پێیه‌کانیانی کوێر ده‌کرده‌وه. ئه‌وده‌م که مام کوێخا ئه‌و قسانه‌ی بۆ کردین زۆرمان پێ گرینگ نه‌بوون، به‌ڵام کاتێک به‌ره‌به‌ره ناوچه‌کانمان که‌وتنه‌وه به‌ر ده‌ستی دوژمن و هاتووچۆ ته‌نیا به‌شه‌و ده‌کرا قسه‌کانی مام کوێخامان وشه‌به‌وشه وه‌بیر دده‌هاته‌وه و وای لێ‌ڕاهاتبووین ئه‌وانی دیکه‌شمان فێر ده‌کردن و تا پیشمه‌رگه له ناوچه‌دا هاتووچۆیان ده‌کرد ئه‌م ده‌رسانه‌ی مام کوێخا فیری کردبووین به‌کرده‌وه جێ‌به‌جێمان ده‌کردن. ساڵ تێپه‌ڕین و وای لێهات ئه‌من پاش چه‌ند ساڵ له‌و دیداره‌م له‌گه‌ڵ مام کوێخا له شه‌ڕێکدا بریندار بووم و هاتمه هه‌نده‌ران. زۆری پێنه‌چوو کوڕی خاڵه ساڵه‌شم هاته ئه‌و وڵاته‌ی ئه‌منی لێبووم و پاش چه‌ند ساڵێک کوڕێکی مام کوێخاش که ئه‌ویش پێشمه‌رگه بوو هاته ئێره. سروشتییه که هه‌ر سی خزم هاتووچۆمان پێکه‌وه گه‌رمه و ساڵێ چه‌ند جارێک له‌لای یه‌کتر کۆده‌بینه‌وه. ئه‌وساڵ کاک ئه‌حمه‌د و کاک ئه‌سعه‌د هاتنه لای من و چه‌ند شه‌و و رۆژ پێکه‌و بووین و له کاتی منداڵی‌ڕا هه‌تا ئێستامان وه‌ورد ده‌داوه و باسی عه‌رش و قورشمان ده‌کرد. شه‌وانه له‌ترسی پرخه‌ی یه‌کتر هه‌ر که‌سه‌مان له قوژبنێک ده‌نووستین و سبه‌ینێکه‌ی یه‌کترمان تاوانبار ده‌کرد که نه‌مان هیشتووه ئه‌وانی دیکه بنوون! رۆژی پێنج شه‌ممه رێکه‌وتی 27 ی مانگی دیسامبری 2007 کاک ئه‌حمه‌د و کاک ئه‌سعه‌د و منداڵه‌کانی دوانیوه‌ڕۆیه ساز بوون تا به‌ره‌و شاره‌که‌ی خۆیان وه‌ڕێ که‌ون. هه‌تا پارکینگی لای ماشێنه‌که‌یان له‌گه‌ڵیان چووم و به‌ڕێم کردن. هاتمه‌وه ماڵێ، گێژ بووم ده‌تکوت شتێکم لێ وون بووه، هه‌ر به‌نێو ماڵێ‌دا ده‌گه‌ڕام و حه‌جمینم نه‌بوو. بڕێکم خۆ له‌گه‌ڵ به‌یانی کچم خافڵاند، ئه‌ویش زۆری پێنه‌چوو خه‌وی لێکه‌وت. به‌یانم به‌جێ هێشت و هاتمه ژوری دانیشتنێ. له‌سه‌ر موبله‌کان دانیشتم و گه‌شتێکم به‌ناو کاناڵه کوردییه‌کاندا لێدا له‌هه‌مووی هه‌ڵخستنه‌وه و قونبادان بوو.ته‌له‌یفونه‌که‌م زه‌نگی لێدا، هه‌ڵمگرت، کاک ئه‌حمه‌د بوو. پاش چاک و خۆشی ته‌نیا یه‌ک رسته‌ی کوت: مام کوێخای بابی ئه‌سعه‌دی کۆچی دوایی کردووه. هه‌ردووکمان بێده‌نگ و کاس بووین.ته‌له‌یفونه‌که‌م داناوه، خێزانم کوتی ئه‌وه چیه؟ چ بووه؟ پێموابێ نه‌م توانی حاڵیی که‌م، دیسان لێی‌پرسیم، کوتم مام کوێخاش به‌جێی هێشتین. له جێی خۆم دانیشتم و چاوم له گۆشه‌یه‌کی ماڵێ بڕی. له‌خۆم ده‌پرسی له‌وه به‌دواوه کێ له مه‌ناڵه‌ی پێشوازی له پێشمه‌رگه‌کان ده‌کا؟ رووحی شاد و که‌س وکاری سڵامه‌ت بن.