خەزاڵ
وێبلاگی خەزاڵ بۆ دەربڕینی بیرورای ئازاد
|
لاپه‌ڕه‌کان
ئه‌لبۆمی وێنه‌کان
وێبڵاگی دۆستان
|
دایە‌گیان تۆ تەنیا هەناسەیەک لەمن دووری
رۆژی 8 ی مانگی یه‌کی 2008 ی زایینی،رۆژێکی بارانی و ته‌ڕوتووش بوو. هه‌رچه‌ند لێره له وڵاتی سوئێد زۆربه‌ی رۆژه‌کان هه‌روان و رۆژی تاو وساو زۆر که‌من. کاتژمێر 10 ی به‌یانی ئه‌و رۆژه له‌لای دوکتور وه‌ختم هه‌بوو. هیشتا له‌لای دوکتور کاره‌که‌م ته‌واو نه‌ببوو،ته‌له‌فۆنه‌که‌م زه‌نگی لێدا. نه‌متوانی وه‌ڵامی بده‌مه‌وه. کاتێک له لای دوکتور هاتمه‌ده‌ر،چاوم له ته‌له‌فۆنه‌که‌م کرد، ژوماره‌یه‌کی نه‌ناسراو بوو.ته‌له‌فۆنێکم بۆ خیزانم کرد و لێم پرسی له بازاڕ هیچمان ناوێ؟ له‌وه‌ڵامدا کوتی نا زوو وه‌ره‌وه ماڵێ! پرسیم بۆ چی بووه؟ کوتی خزمه‌کانی دایکی بێری ته‌له‌فۆنیان کردووه و کوتویانه دایکی بێری له نه‌خۆشخانه‌یه و دوکتوره‌کان ته‌نیا چه‌ند سه‌عاتیان ماوه بۆ داناوه‌و پییان وایه دوای ئه‌و چه‌ند سه‌عاته ده‌مرێ!
کوتم ئه‌گه‌ر وایه خۆت سازکه دێم به‌دواتدا ده‌چین بۆ لای. کاتژمێر 12 ی نیوه‌رۆیه گه‌یشتینه ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ی دایکی بێری لێ بوو. له شوێنی راگرتنی ماشێنه‌که‌مان‌ڕا تا ده‌رکی نه‌خۆشخانه، باران خووساندینی. کاتێک چووینه ژوره‌که‌ی خزم‌وکه‌س‌وکاری له‌وێ بوون. بێری له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و ژوره‌ی دایکی تێدابوو، سه‌ری وه‌سه‌ر ڕانی خاڵۆژنی کردبوو، راکشابوو. ده‌ستێکم به پرچه‌کانیدا هێنا و ماچم کرد. له‌باوه‌شی کردم و فرمێسک چزانه چاوه‌کانی. دلخۆشیم داوه، به‌لام لێم حاڵی نه‌ده‌بوو.دیاره تاوانی ویی نه‌بوو،بێری ته‌نیا 10 به‌هاری له‌ته‌مه‌نی تێپه‌ڕیبوو. چوومه ئه‌و ژوره‌ی دایکی بێری لێی که‌وتبوو، ژورێکی هێندێک تاریک و به‌رته‌سک بوو. دایک و براو وخوشک و برازا‌و خوشکه‌زاکانی ده‌وری ته‌خته‌که‌یان دابوو. سلاوم لێکردن و چوومه ژوورسه‌ری دایکی بێری. هه‌ناسه‌کانی به‌زه‌حمه‌ت و دره‌نگ دره‌نگ ده‌هاتن. دواندم،ده‌سته‌کانی هێشتا تینیان تێدا مابوو. ره‌نگی له‌شی زه‌رد وه‌ک هه‌ویری زه‌رده چێوه پێداکراوی لێهاتبوو.
له‌گه‌ڵ خێزانم له‌په‌نا یه‌کتر راوه‌ستاین و ده‌ماندیت چلۆن گه‌رمایی ژین هێدی هێدی سه‌ره‌قامکه‌کانی جێ‌دێڵن و به‌ره‌و ژوور هه‌ڵده‌کشن. زۆری پێنه‌چوو، جیاوازی ویی له‌گه‌ڵ مردووان ته‌نیا ئه‌و هه‌ناسانه بوون که جار جار و به مه‌ودای زۆر‌و به زه‌حمه‌ت هه‌ڵیده‌مژین و ده‌یدانه‌وه‌ده‌رێ. کاتژمێر 14،20 پاش نیوه‌ڕۆ، سیه‌کانی چیدی هه‌وایان هه‌ڵنه‌مژت و ده‌نگی هه‌ناسه‌کانی کپ و بیده‌نگ بوون. له‌راستیدا ئه‌و دوای مردنی هێمنی به‌خۆیه‌وه بینی و کێوی غه‌م و په‌ژاره‌ی له‌سه‌ر شانی لاچوو.
هه‌روه‌ک له‌وڵاتانی ئوروپایی باوه، مردوو خێرا له‌بن گڵ نانێن و چه‌ند رۆژێک ده‌کێشێ تا بۆ ناشتن حازری ده‌که‌ن. رێک حه‌وت رۆژ دوای مردنی واته 15ی ژانویه ئاگاداریان کردینه‌وه که ده‌ینێژن. ئه‌من و خێزانم و یه‌ک دوو ناسیاو چووین بۆ ریوره‌سمی ناشتنه‌که‌ی. ئه‌و رۆژه‌ش وه‌ک زۆر رۆژی دیکه‌ی وڵاتی سوئێد، هه‌ور ئاسمانی داپۆشیبوو، جێ جێ ته‌نک و جێ جێ چڕ‌وپڕ. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵک ئاپۆرای شوێنێکیان دابوو. گۆڕێکی تازه هه‌ڵقه‌ندراو له نێوه‌ڕاستی خه‌ڵکه‌که بوو. دوای ئه‌وه‌ی که‌سه نیزیکه‌کانی له (kapell) ( جێگای سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تابووت و خوێندنه‌وه‌ی خۆزگه‌و ئاوات و ژیاننامه و هه‌روه‌ها ئه‌و مۆسیقایه‌ی مردووه‌که به‌زیندوویی پێی خۆش بووه و گوێی داوه‌تێ) ڕا ده‌سکی تابووته‌که‌یان گرت و به‌ره‌و دوا مزڵ هێنایان، له‌سه‌ره‌خۆ و به وچان له‌ژێر چاوه‌دێری مجێوری کلیساکه، به‌ره‌و ناخی گۆڕه‌که رۆیانهێشته خوارێ. که‌س وکاره نیزیکه‌کانی هه‌ر یه‌که‌و مسته خۆڵێک و چه‌پکه گوڵێکیان هاویشته سه‌ر تابووته‌که‌ی. بێری ده‌ستێکی له ده‌ستی مندا و به‌ده‌سته‌که‌ی دیکه‌ی چه‌پکه گوڵه‌که‌ی هاویشته سه‌ر تابووتی دایکی. کوتم رۆڵه مستێکی خۆڵ به‌سه‌ر تابووته‌که‌یدا ناکه‌ی؟ کوتی نا پیس ده‌بێ. ئه‌و له دنیای خۆیدا جۆرێکی دیکه‌ی بیر ده‌کرده‌وه‌و پێیوابوو دایکی به‌ره‌و سه‌فه‌رێکی خۆش و دورودرێژ چووه. له‌به‌ر وه‌ی حه‌وتوویه‌ک بوو له ماڵه دایکی شین و گریان بوو لێم پرسی: پێت خۆشه بڕۆینه‌وه لای خۆمان و له‌وێ بڕێک هێوڕ بییه‌وه؟ کوتی نا ئه‌و شه‌ویش پێم خۆشه له‌لای نه‌نکم و پوورم بم. کوتم باشه و له‌گه‌ڵ که‌س و کاره‌که‌ی ماڵ ئاوایمان لێک خواست و هاتمه‌وه ماڵێ. روخساری بێری‌م له‌به‌ر چاوان وون نه‌ده‌بوو. زۆرم پێخۆش بوو بزانم له مێشکی دا چۆن و بیر له چی ده‌کاته‌وه. ده‌ڵێن گڵ مه‌یل بڕه، زۆری پێنه‌چوو ئاگاداریان کردین و کوتیان سبه‌ینێ چله‌ی دایکی بێری‌یه. له‌گه‌ڵ بێری وه‌ڕێ که‌وتین، بێری لقێکی گوڵی رۆزی سپی بۆ دایکی کڕیی و به‌ره‌و گۆڕستان وه‌ڕێ که‌وتین. قه‌بره‌که‌یمان زوو دیته‌وه. قه‌برێکی ساکار، دارێکی ژماره لێدراو و ریزێک به‌ردی خڕی سپی به‌ده‌وری قه‌بره‌که‌یدا و چه‌ند لقه گوڵ له‌سه‌ر گلکۆکه‌ی بوو. له په‌نا دارێکی نیزیک گۆڕه‌که راوه‌ستام و له‌بێری ڕامام تا بزانم چ‌ده‌کا؟ زۆر له‌سه‌ره‌خۆ سڵاوی له دایکی کرد، گوڵه‌که‌ی له‌سه‌ر گۆڕه‌که‌ی دانا‌و ده‌ستی به کێله‌که‌ی گرت و کوتی : دایه گیان ئه‌تۆ ته‌نیا هه‌ناسه‌یه‌ک له‌من دووری!
|
, 01:23
,
2008/3/7
|
بۆچوون
|
|
دواتر | په‌ڕه 1 له 12
| پێشوو
|
| |